رۆژی پێنجشەممە ١٠ی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەفەرمی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتەکە "بە سەرکەوتوویی" راگەیاند، ئاوێنە دەپرسێت ئایا ئەو یەکخستنەوەیە وەکو پێشوو دوو هێزی جیاواز دەبن لەژێر فەرمانی دوو حزبی دەسەڵات، یاخود دەڤەری ١ و ٢ بەرەو کوێ؟ شارەزایەکی سەربازی وەڵامدەداتەوە.
ئاوێنە: جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و شارەزای سەربازی تایبەت بە ئاوێنەی راگەیاند "دوو بەیانی دیکە مەراسیمی تێکەڵکردنی هێزەکانی فەرماندەیی دەڤەری ١ و دەڤەری ٢ ئەنجام دەدرێت، هەردوو دەڤەرەکە لەرووی دارایی و لۆجستی دەکەونە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پەیکەرێکی نوێ دروستکراوە بۆ پێکهاتەی دەڤەری ٢ بۆ دەڤەری ١ـیش بەڵام پێشتر جیاواز بوون. لەرووی نوسراو و دارایی و لۆجستی و ئۆپراسیۆن دەبەسترێنەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە".
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو دوو دەڤەرە لەژێر دەسەڵاتی حزب دەبن یاخود بەناو چوونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟ ناوبراو رونیکردەوە "ئەگەر ئەو پڕۆسەیە راستی بێت تەنیا نابێت پڕۆسەیەکی تێکەڵکردنی ژمارە بێت، هەروەها دەبێت بڕوابوونی جەنگییان یەکخراو بێت واتە ئەو سەربازە وا یەکخراو بێت کە جەنگاوەری وڵاتە یاخود نیشتیمان و جیاوازی نەکات لە رەنگ و ئاین و حزبی ئەو وڵاتە. ئەو هێزە کاتێک پێی دەوترێت یەکگرتوو کە بگاتە ئەو حاڵەتە".
جەبار یاوەر زیاتری وت "هەروەها ئەو لایەنە سیاسیەی کە چەکداری هەبووە پێشتر ئەوانیش دەبێت ئەو باوەڕەیان هەبێت کە بەهۆی بەرنامەی حزبە سیاسییەکانیان دەبێت بگەن بە دەسەڵات نەوەکو بەهۆی پشتیوانی هێزی چەکدار، دەبێت حزبەکانیش ئەو بڕوایەیان بگۆڕن. قۆناغی دیکەش ماوە بۆ ئەوەی ئەم بنەمای یەکخستنەوەی هێزە بجەسپێت".
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایوایە کە دەبێت زۆر ئاسایی بکرێتەوە کە فرماندەیی دەڤەری یەک بچێتە سلێمانی و دەڤەری دووش بچێتە هەولێر، هەروەها جەختیشیکردەوە "زۆر ئاسایی بێت ئەندامێکی دەڤەری ٢ بگوازرێتەوە بۆ سنوری دەڤەری ١ وە بە پێچەوانەوە. ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتداری راستەقینە بکەین دەبێت حزبە سیاسیەکان بگەنە ئەو بروابوونە هەم هێزەکانیشمان بگەنە ئەو بڕوابوونە جەنگیە".