وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ بەسیستەمکردنی میلاکات، داوای کۆپیی کارتی نیشتمانی و ناوی سیانیی دایکی سەرجەم مووچەخۆران دەکات.
ئاوێنە: میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "یەکە ژمێریارییەکان ئاگادار کراونەتەوە، کە پێویستە تاوەکوو پێشنیوەڕۆی سبەی یەکشەممە، کۆپییەک لە کارتی نیشتمانی و ناوی سیانیی دایکی مووچەخۆران بنێردرێت و مەرجە بەبێ هەڵە ناوەکان بنێرن، بەپێچەوانەوە دواتر چاک ناکرێتەوە".
ئەوەش خراوەتە روو، لەچوارچێوەی کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی مووچەخۆران بەمەبەستی تۆمارکردنیان لە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی میلاکاتدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی داراییی عێراق، زانیارییەکانی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران نوێ دەکاتەوە و بە سیستەمیان دەکات.
میدیاکە بڵاویشیکردووەتەوە، میلاکاتی هەموو جۆرەکانی مووچەخۆر (هەمیشەیی، گرێبەست و کرێی ڕۆژانە) بە سیستەم دەکرێت. چەند ڕۆژێکە پرۆسەکە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، کە تێیدا داتا و زانیاریی سەرجەم مووچەخۆران لەلایەن یەکە ژمێریارییەکانەوە لە خشتەیەکی ئیکسێڵدا تۆمار دەکرێن، وەزارەتی داراییش ڕێنماییی تەواوی بۆ چۆنیەتیی پڕکردنەوەیان داوەتە فەرمانگەکان.
هاوکات، تاوەکو ڕێکەوتی 27-09-2026 دەرفەت لەبەردەم یەکە ژمێریارییەکانە بۆ ئەوەی سەرجەم داتای مووچەخۆران بەتەواوی لەنێو ئیکسێڵەکەدا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی دواتر ئاراستەی بەغدا بکرێت.