کاتێک باس لە تێچووی ئابووریی جەنگی ئەمریکا و ئێران دەکرێت، نەوت پێشەنگی دیمەنەکە دەگرێت. ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئەوەی ڕوویداوە بە گەورەترین پچڕانی دابینکردنی نەوت لە مێژووی بازاڕی جیهانیدا وەسف دەکات، دوای ئەوەی تا مانگی حوزەیران کورتھێنانی کەڵەکەبووی هەناردە گەیشتە زیاتر لە ١.٣ ملیار بەرمیل. ئەمەش ئاژانسەکەی ناچار کرد پەنا بباتە بەر ڕاکێشانی یەدەگی نەوتیی لەناکاو، کە قەبارەکەی دوو هێندەی ئەو بڕە بوو کە لە دوای داگیرکاریی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا خرایە بازاڕەوە. بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای قەیرانەکەیە.
شەش بازاڕی ستراتیژی لە ژێر هەڕەشەدان
ئاوێنە: لە بابەتێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"دا، مۆرگان بازیلیان، بەڕێوەبەری پەیمانگای پاین بۆ سیاسەتە گشتییەکان دەڵێت؛ نەوت تەنیا چینی یەکەمی قەیرانێکی بەرفراوانترە، چونکە جەنگەکە زنجیرەیەک بازاڕی بەیەکەوە گرێدراوی شڵەژاندووە کە بریتین لە: غاز، هیلیۆم، پەینی کشتوکاڵی، کانزاکان و پیشەسازییە وردەکان، کە زۆربەیان یەدەگی ستراتیژییان نییە کاتێک هەناردەیان دەپچڕێت.
بازیلیان وێستگەی غازی سروشتیی شلی "ڕەئس لەفان"ی قەتەری وەک نموونەیەکی بچووکی ئەم لێکەوتانە هێناوەتەوە. دوای ئەوەی لە مانگی ئازاردا مووشەکەکانی ئێران دوو هێڵیان پێکا، "قەتەر وزە" پێشبینی دابەزینی هەناردەی کرد بە ڕێژەی ٢٤٪ بۆ خەستکراوەکان، ١٤٪ بۆ هیلیۆم، ١٣٪ بۆ غازی شل، هەروەها لەدەستدانی ١٧٪ی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی شل. پرۆسەی چاککردنەوەکە لە نێوان ٣ بۆ ٥ ساڵ دەخایەنێت و زیانی ساڵانەی داهاتی دەوحەش بە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
داخستنی گەرووی هورمز و پێکانی وێستگەکەی قەتەر، یەک لەسەر پێنجی غازی سروشتیی شلیان لە بازاڕی جیهانی کشاندەوە. بە پێچەوانەی نەوتەوە، غاز ناتوانرێت بە ئاسانی ئاڕاستەکەی لە ڕێگەی بۆرییە جێگرەوەکانەوە بگۆڕدرێت؛ لە ئاکامدا نرخەکان لە ئاسیا بەرزبوونەوە، ژاپۆن و کۆریای باشوور گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵووز، و تایلەندیش دەرگای بەڕووی وزەی ناوەکیدا کردەوە.
قەیرانەکە پێداویستییەکانی دیکەشی گرتووەتەوە؛ نرخی پەینی کشتوکاڵی (یۆریا) لە ٤٥٠ دۆلارەوە بۆ ٧٠٠ دۆلار بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش کارگەکانی لە هیندستان، پاکستان و بەنگلادیش ناچار کردووە بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە. هاوکات ئەلەمنیۆم گەیشتووەتە بەرزترین نرخی لە ماوەی ٤ ساڵدا، تەنانەت وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش پێویستی بە گۆگرد هەیە بۆ پیشەسازییەکانی پەیوەست بە مس و سیلیکۆن بۆ دروستکردنەوەی سیستەمی ڕادارەکان.
جەنگی دابڕان و تاقیکردنەوەی مۆدێلی سەربازیی ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە، نادیا شادلۆ، توێژەر لە گۆڤاری "فۆڕین ئەفێرز" پێی وایە کە ئەم بێهێزکردنە (استنزاف) تەنیا بازاڕەکان ناگرێتەوە، بەڵکو سنوورەکانی مۆدێلی سەربازیی ئەمریکا ئاشکرا دەکات کە هەمیشە گرەوی لەسەر "جەنگی کورت و یەکلاکەرەوە" کردووە، لە کاتێکدا ئێستا نەیارەکانی توانای ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووبوونەوەکە بکەنە تاقیکردنەوەیەکی درێژخایەنی چەک و تەقەمەنی، پیشەسازی و ئیرادەی سیاسی.
هەرچەندە باڵادەستیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هاوکێشەی هێزی تەقلیدیدا گەورەیە، بەڵام ئێران دەیان ساڵی بەسەربردووە لە دروستکردنی ئامرازێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم نابەرامبەرییە. تۆڕی بریکارە هەرێمییەکانی ئێران، لەگەڵ مووشەک و درۆنە هەرزانەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل ناچار دەکەن مووشەکی بەرپەرچدانەوەی زۆر گرانبەها بەکاربهێنن و کەشتی و فڕۆکە پێشکەوتووەکان بە ڕێژەیەکی بەرز کار پێبکەن. لەم هاوکێشەیەدا، تاران پێویستی بەوە نییە لە تەکنەلۆژیادا هاوتای نەیارەکانی بێت، بەڵکو تەنیا پێویستە لەسەری ئامرازەکانی نوێ بکاتەوە و تێچووی بەرپەرچدانەوەیان بەرز بکاتەوە.
جەنگەکە پیشانی دەدات کە هێزی سەربازی تەنیا بە قەبارەی بودجەی بەرگری ناپێورێت، بەڵکو بە توانای گۆڕینی بەردەوامی ئەو سەرچاوانە بۆ چەک و تەقەمەنی. هەرچەندە ئەمریکا زیانی گەورەی بە تواناکانی ئێران گەیاندووە و بنکە ئەتۆمییەکانی پێکاوە، بەڵام نەگەیشتووەتە یەکلاییکردنەوەیەکی ڕاستەقینە، ئەمەش وا دەکات ململانێکە ببێتە پێشبڕکێیەک بۆ ئەوەی بزانرێت کێ دەتوانێت زیاتر بەرگە بگرێت.
لە کۆتاییدا، ئەم قەیرانە ئەو گریمانەیەی تێکشکاند کە سیستەمی وزەی جیهانی لەسەری بنیات نراوە: "گەرووی هورمز هەمیشە کراوە دەبێت". جەنگەکە ڕۆژێک کۆتایی دێت، بەڵام شوێنەوارەکانی لەسەر ئابووریی جیهان و شێوازی بیرکردنەوەی ستراتیژی بۆ ساڵانێکی زۆر دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: گۆڤاری فۆڕین ئەفێرز (Foreign Affairs) + ڕۆژنامەی واشنتن پۆست (The Washington Post)