هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر سعودیە لە ئەنجامی توندبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ حوسییەکان پێویستی بە یارمەتیی تەکنیکی یان سەربازی هەبێت، ئەنقەرە ئامادەیە ئەم پێداویستییانە دابین بکات.
ئاوێنە: هاکان فیدان شەوی شەممە، لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنی وتی "عەرەبستانی سعودی ڕووبەڕووی هێرشێکی جددی بۆسەر تەواوی خاک و سەروەریی خۆی بووەتەوە، و تورکیا لەچوارچێوەی (هاوپەیمانی مەککە) هاوبەشی و پشتگیریی خۆی بۆ ریاز دەردەبڕێت".
ئەو زیادیکرد کە راکێشانی سعودیە بۆ ناو جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا "قبوڵکراو نییە"، و ڕیازیش حەزی لە چوونە ناو ئەم پێکدادانە نییە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها وتیشی "هاوپەیمانی مەککە" بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ناوچەیی بۆ کێشەکانی ناوچەکە دامەزراوە و دەرگاکەی بۆ بەشداریی وڵاتانی تری ناوچەکەش کراوەیە.
ئەم قسەی فیدانە لە کاتێکدا دەکرێت، لە هەفتەکانی ڕابردوودا پێکدادانەکان لەنێوان سعودیە و حوسییەکانی یەمەن، کە پشتگیریی ئێرانیان لێدەکرێت، توندتر بووەتەوە و هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی عەرەبستانیش زیاد بووە.
هەروەها (هاوپەیمانی مەککە) پەیمانێکی سێ لایەنەی بەرگرییە لەنێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان، کە هاوینی ئەمساڵ واژۆ کراوە. بەپێی ئەم پەیمانە، ئەگەر هێرشێکی چەکدار بکرێتە سەر یەکێک لە سێ وڵاتەکە، ئەوا بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامانی پەیمانەکە دادەنرێت.