نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتی و پارتی كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان هه‌یه؛ به‌هیوای ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجام. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، پێویسته بەغدا لە پرسی یاسای بودجەدا بەتەواوەتی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات و یاساكه بە هاوکاری و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان بنێرێت.
ئاوێنه: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، دوای بەشداریکردنی لە پرسەی کەمال شاکر، سکرتێری پێشوتری حزبی شیوعیی کوردستان، قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان كرد.
سه‌رۆكی هه‌رێم له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم وتی "گومان له‌وەدا نییە کە هەوڵەکان بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان بتوانن بگەن بە ئەنجامێکی باش لە ئاكامی گفتوگۆکان، شتێکی باشە. یەکێتی و پارتی کۆبونەوەی بەردەوامیان هەیە بە هیوای ئەوەی کە ئەم کۆبونەوانە بگەن بە ئەنجام کە خێری هەمو هەرێمی کوردستانی تیدایه، به‌هه‌مو پێكهاته‌كانییه‌وه."
نێچیرڤان بارزانی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا له‌باره‌ی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق وتی"بەڕاستی پرسی بودجە زۆر پێویستە کە بە هەماهەنگی و بە هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. دەبێ بەغدا ره‌چاوی ئه‌مه بکات. یاسای بودجە یاسایەکی گرنگەو پێویست بەوە دەکات کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەجدی لەسەر ئەو بابەتە قسە بکرێت. لیژنه ته‌كنیكییه‌كان ئێستا دەستیان بە گفتوگۆ کردوە، بەڵام ئەمە به‌س نییە."
سه‌رۆكی هه‌رێم وتیشی "ئەوەی کە ئێمە داوا دەکەین ئەوەیە کە بەغدا پێویستە لە پرسی یاسای بودجەدا بەتەواوەتی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات و ئەو یاسای بودجەیە دەبێ بە هاوکاری و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت."