وتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، حزبەکەی گفتوگۆی "جددی و چڕ" لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بابەتە هەڵواسراوەکان. لە هەمانکاتدا، چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتە و تەواوکردنی ئەو بەشەی ماوە لە کابینەی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی یەکلابکرێتەوە.
ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ڕۆژنامەنوسانی وت "کۆبوونەوەکان لەنێوان پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوامن و بە دوور لە چاوی میدیاکانیش بەردەوام دەبن، بۆ کاراکرانەوەی پەرلەمانی کوردستان و چوونە پێشەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان".
ئەو جەختی کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەو کۆبوونەوانە و ئەو ئەنجامانەی کە لێیان دەردەچێت، "پەیوەستە".
دەربارەی کابینەی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵیش، وتەبێژی پارتی پێشبینیکرد کە ئەم پرۆسەیە دوای سەردانی چاوەڕوانکراوی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواو بکرێت.
پەیوەست بە پرۆسەی چەکدانانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانیش، مەحمود محەمەد ڕوونیکردەوە "دەستووری عێراق بابەتی کۆکردنەوەی چەک و ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، یەکلایی کردووەتەوە. ئێمە پشتگیری لە جێبەجێکردنی دەستوور بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دەکەین".
هەروەها جەختی کردەوە کە بە تەواوی ڕەتیدەکەنەوە خاکی عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.