محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی فەرمی وڵاتەکەی لەبارەی هاوکێشەکانی جەنگ، دانوستان و گرژییەکانی لەگەڵ واشنتن خستەڕوو.
ئاوێنە: قالیباف جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ئەگەرێک بۆ گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێشووی دانوستانەکان یان کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادا نییە، مەگەر ئەو کاتەی مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن، مافەکانیان بە فەرمی بناسرێن و واشنتن پابەندبوونی خۆی بە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانی تاران ڕوون و لۆژیکین و هیچ جێگەیەک بۆ سازشکردن لەخۆ ناگرن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە پەیام و مەرجەکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە لایەنی بەرامبەر گەیاندووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی بەرامبەر بە باشی درک بەوە دەکات کە سیاسەتی هەڵخەڵەتاندن و سەپاندنی مەرجی تاکلایەنە کۆتایی هاتووە.
سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم وڵاتەکەی، قالیباف ڕەتی دەکاتەوە پرسەکە تەنها لە نێوان دوو جەمسەری "جەنگ" یان "دانوستان"دا کورت بکرێتەوە. بە بڕوای ئەو، پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگدا عەقڵانی و بەهێز بێت، هاوکات لە کاتی گونجاویشدا و بە لۆژیک و هێزەوە پرۆسەی دانوستان بەڕێوەبچێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، قالیباف ڕەخنەی لە دوو ئاراستەی سیاسیی جیاواز گرت و هەردوو دیدگاکەی بە هەڵەکردن لە حیساباتدا وەسف کرد. یەکەمیان ئەو ئاراستەیەیە کە تەنها پاڵپشتی جەنگ دەکات بێ هەبوونی هیچ ئامراز و ستراتیژییەک بۆ کۆتاییپێهێنانی، کە بە وتەی ئەو، ڕەتکردنەوەی دیپلۆماسییەت وڵات بەرەو شەڕێکی بێ کۆتایی و تاووکراو دەبات. دووەمیشیان ئەو ئاراستەیەیە کە داوای خۆبەدەستەوەدان دەکات، کە ئەمەش سەرکۆنە دەکات و پێی وایە ئەو هەنگاوە سەروەت و کەرامەتی نیشتمانی ڕادەستی بەرامبەر دەکات.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، قالیباف دووپاتی کردەوە کە ڕێگە نادەن خەون و ئامانجەکانی لایەنی بەرامبەر، کاریگەریی نەرێنی بخەنە سەر ڕەوتی ژیان، ئابووری، بەرهەمهێنان و پێشکەوتنی زانستی لە وڵاتەکەدا.