​بە بیانووی وردبینیی زیاتر، دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم دواخست
  2026-09-20     

ئەمرۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی سێ سکاڵای یاسایی دژی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژی ٢٦ی مانگی داهاتوو دوابخات. سکاڵاکان لەلایەن هەریەک لە عەلی حەمەساڵح و ڕێبوار ئەورەحمانەوە تۆمارکراون و ئامانج لێیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ناساندنی حکومەتی ئێستای هەرێمە وەکو حکومەتێکی "کاربەڕێکەر".

ئاوێنە: ​بەپێی زانیارییەکان، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەو سێ دۆسیەیە یەکلایی بکاتەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. سکاڵای یەکەم کە لەلایەن ڕێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێوە پێشکەشکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە تەمەنی یاسایی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ەوە کۆتایی هاتووە، بەو هۆیەشەوە داواکارە سەرجەم بڕیارەکانی دوای ئەو ڕێکەوتەی حکومەت هەڵبوەشێندرێنەوە.

​هاوکات، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، دوو سکاڵای دیکەی تۆمارکردووە. لە سکاڵای یەکەمدا داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، لە سکاڵای دووەمیشدا داواکارە دەسەڵاتەکانی حکومەت سنووردار بکرێن و ڕێگریی لێ بکرێت لە دەرکردنی بڕیاری ستراتیژی، بەو پێیەی لە ڕووی یاساییەوە تەنها پێگەی حکومەتێکی کاربەڕێکەری هەیە.

​لە ڕاگەیەندراوێکدا، دادگای فیدراڵی ڕوونیکردووەتەوە کە هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکان بۆ ٢٦ی مانگی داهاتوو، دەگەڕێتەوە بۆ پێویستیی دادگاکە بە کاتی زیاتر بۆ وردبینییکردن لە بەڵگەکان و دەقە دەستوورییەکان. دادگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی سکاڵاکان پەیوەستن بە شەرعییەتی کارگێڕی و یاسایی هەرێمی کوردستانەوە، پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی قووڵتر هەیە پێش دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.

​پەرلەمانی کوردستان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا بڕیاریدا تەمەنی خۆی بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژبکاتەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەو بڕیارەی بە نادەستووری هەژمارکرد و سەرجەم دەرئەنجامەکانی درێژکردنەوەکەی هەڵوەشاندەوە. لەو کاتەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بۆشاییەکی یاسایی بووەتەوە و لەسەر ئاستی عێراق وەکو حکومەتێکی کاربەڕێکەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

​ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، سەرەڕای ئەوەی لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی بوونی ناکۆکیی لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×