ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فەرمی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) لە هەرێمی کوردستان لێدرا. مەراسیمەکە لە قوتابخانەی "گڵۆباڵ" لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بەڕێوەچوو.
ئاوێنە: لە وتارێکدا بۆ ئەو بۆنەیە، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر گرنگیی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە گشتی، و خوێندن بە زمانی کوردی بەتایبەتی، کە وەک ئەولەویەتێکی نیشتمانی و لە سەرووی هەموو بابەتەکانی دیکەوە وەسفی کرد. لەم چوارچێوەیەدا، تیشکی خستە سەر دۆخی کەرکوک و ڕایگەیاند کە ئەو شارە "دڵی کوردستانە و کوردستانیبوونی کەرکوک لە پێناسەکەیدایە"، بۆیە بە پێویستی زانی لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کوردنشینن پەرە بە زمانی کوردی بدرێت. هاوکات، ڕەخنەی لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق گرت بەهۆی ئەوەی لە کەرتی پەروەردەدا وەک پێویست هاوکاریی هەرێمی کوردستانی نەکردووە و شایستە داراییەکانی ئەو کەرتەی نەداوە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ڕایگەیاند کە لایەنی ئەوان هەر لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەوە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بوون، بەڵام جەختی کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە. سەبارەت بە دۆخی ئەمنیش، هۆشداری دا لە بوونی چەکی بێ مۆڵەت و دووپاتی کردەوە کە دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی، سەرجەم ئەو چەکانە بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی حکومەت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار خوێندکار لە خۆدەگرێت، کە بەسەر حەوت هەزار و ٥٩٠ ناوەندی خوێندندا دابەشبوون. لەو ژمارەیە، زیاتر لە ١٢٣ هەزار خوێندکار بۆ یەکەمجار لە پۆلی یەکەم تۆمارکراون و دەست بە قۆناغی خوێندن دەکەن. هەروەها وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەم ساڵی خوێندن، زیاتر لە دوو هەزار خوێندنگە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا نۆژەنکراونەتەوە.