لە سنووری هەولێر تەرمی ژنێک دۆزرایەوە و پۆلیس دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری ڕاگەیاند
  2026-10-29     

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، لەسەر ئەو کەیسە چوار تۆمەتبار دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی ڕێکارە یاساییەکان کراونەتەوە.

ئاوێنە: ​لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە تایبەت بەم ڕووداوە بڵاوکراوەتەوە، پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ لە بوونی تەرمی ژنێک لە گوندی "شێخ توراب" ئاگادار کراونەتەوە. دوای گەیشتنی زانیارییەکان، دەستبەجێ تیمەکانی بەشی پۆلیسی هەریر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی مەیدانییان لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەست پێکردووە.

​سەبارەت بە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە لەئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی (ح، س، ا)، (م، ح، س)، (م، ح، س) و (ا، ر، ک) دەستگیر بکەن. پۆلیسی هەولێر جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە و لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەجۆرێک کە یاسا لەم کەیسەدا سەروەر دەبێت.

​ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ٥٥ ژن بوونەتە قوربانی؛ بەشێوەیەک کە ٢٦ ژنیان کوژراون و ٢٩ ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×