سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار زانیاریی نوێی لەبارەی ڕووداوی ڕفاندنی کوڕی موختاری گوندێک لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ڕێکارەکانی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆسیەکە خستەڕوو.
ئاوێنە: بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو لە گوندی (سیحە)ی سەر بە شارۆچکەی حەویجە لە سنووری پارێزگای کەرکووک ڕوویداوە، کاتێک ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکە و کوڕی موختاری گوندەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو گرووپە چەکدارە بارودۆخی خراپیی کەشوهەوای ناوچەکەیان وەک دەرفەتێک قۆستووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەیان و ئەنجامدانی کردەوەی ڕفاندنەکە. دووپاتیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ڕفێندراوەوە لەبەردەستدا نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای دەستپێکردنی بەدواداچوونەکان، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی سنوورەکە بە شێوەیەکی فەرمی هیچ ڕاگەیەندراو و ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی ناسنامەی چەکدارەکان، هۆکار و شێوازی ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.