شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای سبەی هەینی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ناجێگیریی کەشوهەوا بەردەوام دەبێت و لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ، برووسکە و بارینی تەرزە هەیە، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی ١٠ی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی هەینی زانیاریی نوێی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی حاڵەتی ناجێگیریی کەشوهەواوە، سبەی لە زۆربەی کاتەکاندا ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە ناوچەکانی بارانبارین و کاتەکەی، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا، لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین، ئەگەری دروستبوونی کەڵەکەهەوری برووسکاوی و بارینی تاوەبارانی مامناوەند هەیە، هاوکات لە هەندێک شوێنی ئەو ناوچانەشدا پێشبینی دەکرێت تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە ببارێت.
لە بەشێکی دیکەی پێشبینییەکاندا، ئاراس جەبار باسی لە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما و خێرایی با کردووە و دەڵێت، سبەی هەینی پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە ڕێژەی ٢ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.
لە کۆتایی زانیارییەکانیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی کاتی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلەی دیاری کردووە و ئەوەی خستووەتە ڕوو، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییەی کەشوهەوا سبەی هەینی لە کاتەکانی شەودا کۆتایی پێ دێت و کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.