قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، مایه‌ی "شه‌رمه" و ده‌شڵێت، خۆش نییه بۆ دو ساڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر بیت. هه‌روه‌ها بێ ئاگایی خۆی له‌و چه‌كانه‌ش ده‌رده‌بڕێت كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتبوی، راده‌ستی كوردی كردون. له‌باره‌ی پرسی بونی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له هه‌رێم ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ده‌كرێت پرسی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ تاران هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له توركیا هه‌یه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدرێت.
ئاوێنه: قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "زه ناشناڵ نیوز" له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه گوایه له‌سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئێران‌دا پلان هه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بچنه نێو ئێران، رایگه‌یاند "هەرگیز هیچ پلانێکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ناردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بۆ ناو ئێران نەبوه. ئەمه‌ش هه‌ر لە سەرەتای جه‌نگه‌وه زۆر بەڕونی بە ئێمە ڕاگەیەندرا. ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکانیش زۆر ڕون بوین کە هەرگیز پلانێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەمریکاوە بونی نەبوه."
قوباد تاڵه‌بانی له‌باره‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌یوت بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ناردون و له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئاگاداری ئەو چەکانە نییە و وتیشی"ئەو چەکە نادیارانەی کە سەرۆک ترەمپ باسی دەکردن، هیچ بیرۆکەیەکم نییە چی بون، لە کوێ بون، یان دراون بە کێ. دەزانم بە من نەدراون. دەزانم بە ئێمە نەدراون. پێم وایە هەر کەسێک چەکەکانی داوە، دەزانێت داونی بە کێ."
قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هەرێمی کوردستان ئەوەی بە تاران و واشنتن ڕاگەیاندوە، هاوکات هۆشداریشی داوەتە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە دژی هەر بەشداریکردنێک و وتیشی"ئێمە زۆر بە ڕونی بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانمان وتبو کە نەکەن هەرێمی کوردستان وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربهێنن. خۆشبەختانە ئه‌وه‌یان نه‌كرد."
هەفتەی ڕابردو باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند، بەغدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەرکردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان یان ڕادەستکردنەوەیان بە تاران. بەڵام گروپەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەبارەی بڕیارێکی لەو شێوەیەوە پێگەیشتبێت.
قوباد تاڵەبانی وەڵامی ئەوەی نەدایەوە کە ئایا پلانێکی له‌و شێوه‌یه هەیە یان نا، بەڵام وتی، هەوڵە دیپلۆماسییەکان ڕێگەچارەیەک دەخەنەڕو، ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کۆمەڵانی کوردستان (پەکەکە) کرد وەک مۆدێلێکی هاوشێوه بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان تاران و گروپەکان.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم وتیشی"بڕوام وایە کاتێک ئێمە هه‌وڵی دروستکردنی ئاشتی ده‌ده‌ین، چ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بێت، یان لە نێوان ئێران و کەنداو بێت، بە هەمان شێوە دەرفەتێک لێرەدا هەیە بۆ دروستکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران‌دا."
قوباد تاڵەبانی وتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە کردوە و هانی داون و هاوکاری لۆجستی پێشکەش کردون، بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە دەبێت لەلایەن لایەنەکان خۆیانەوە ڕێبەرایەتی بکرێت.
وتیشی، بەرپرسانی هه‌رێم هەروەها هانی هێزەکانی سوریا دیموکراتیان داوە بۆ دیالۆگی سیاسی لەگەڵ دیمەشق لەبری پەنابردن بۆ چارەسەری سەربازی. وتیشی "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەی کورد لە سوریا نییە."
وتیشی "ئێمە فیدراڵییەت و مافەکانمان لە دەستوردا بەدەستهێنا، نەک بە مانەوەمان لە کوردستان، بەڵکو بە چونمان بۆ بەغدا."
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه هەردو پرۆسەكه له تورکیا و سوریا لە بهرهپێشچوندان، ئەگەرچی كاتیان ده‌وێت، وتیشی "ئەمانه پرۆسەی ئاڵۆزن، ئاڵه‌نگاریی ئاڵۆزن و زۆر ئاساییە کاتیان بوێت، هەمو پرۆسەیەکی ئاواش هه‌ندێك لایه‌نی ده‌بن كه هه‌وڵی تێكدانی بده‌ن."
هه‌روه‌ها وتی "ئێمە تەنها ئامۆژگاریمان بۆ هەمو لایەنەکان ئه‌وه‌یه کە بە ژاوەژاوەکان سەرقاڵ نەبن، بۆ ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه‌كه تێبكۆشن و ئاشتی بهێننە ئاراوە." وتیشی "ئێمە ململانێی زۆرمان دیوە، پشێوی زۆرمان دیوە. ئیدی کاتی ئاشتییە."
تاڵەبانی ڕەخنەی لەو هێرشانەش گرت کە لە عێراقەوە لە کاتی جەنگی ئێران‌دا دەکرانە سەر وڵاتانی دراوسێ و داوای کرد گروپە چەکدارەکانی پشتگیریکراو لەلایەن ئێرانەوە بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە.
ئه‌و وتی"ئێمە توشی سەرسوڕمان بوین له‌و هێرشانەی لە عێراقەوە بۆ سەر دراوسێکانی عێراق ئەنجامدران، بەتایبەتی ئیمارات. عێراق نابێت زیان بە دراوسێکانی بگەێهنێت."
تاڵەبانی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، حکومەتی نوێی عێراق گوشار دەخاتە سەر گروپە چەکدارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەیان وتیشی، پرۆسه‌ی چه‌كداماڵین ده‌ستیپێكردوه.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە سەرکردە کوردەکان بەشداربن لە بڕیاردانی سیاسی لە بەغدا بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سەر سیاسه‌تى ئەمنیی وڵاتەکە و ڕێگری‌کردن لە هێرشی زیاتر.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ناكرێت سوپامان له‌ناو سوپادا هه‌بێت كه هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانەکانمان لە کەنداو.
له‌باره‌ی دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای زیاتر له دو ساڵ له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، قوباد تاڵه‌بانی وتی "ئەمە مایه‌ی شه‌رمه. دەزانم ڕەنگە زۆرێک لە دۆسته‌كانمان لە سەرانسەری جیهان نا‌ئومێد کردبێت کە حەزیان دەکرد زۆر زوتر حکومەتمان هەبێت."
قوبا تاڵه‌بانی وتیشی "خۆش نییە بۆ دو ساڵ جێگری سەرۆکی حکومەتێكی كاربه‌ڕێكه‌ر بیت." و هیواشی حکومەتی داهاتوی هه‌رێم "لە هەمو حکومەتەکانی پێشوتر باشتر بێت."
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە لە بەغدا ئامادەییان هەبێت، چونکە "لەوێ بڕیارەکان دەدرێن."
ئه‌و وتیشی "ئێمە کێشەی زۆری کوردمان هەیە، کێشەی زۆری پەیوەندیدار و تایبەت بە هەرێمی کوردستان، هەندێکیان لە ناوچەی بەرپرسیارێتی خۆماندان کە دەتوانین لە کوردستان چارەسەریان بکەین. بەڵام کێشە گەورەکان لە بەغدان. پێویستە لەوێ بین."