وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: سه‌رله‌به‌ری قسه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ناڕاستن
  2026-10-29     

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رله‌به‌ری قسه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی، راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی به‌ قاچاخبردن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێم "ناڕاستن". ده‌شڵێت، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ كه‌متر له‌ 14.4%ی پشكی بودجه‌ی عێراق رازی نابێت.

ئاوێنه‌: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌، به‌ میدیای پارتی راگه‌یاند، "لە دوو هەفتەی رابردوودا کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق ئەنجام دراوە و ئەوەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە جەختی لێکراوەتەوە ئەوەیە دەبێت پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان بێت کە حکوومەتی عێراق خۆی سەرژمێرییەکەی کردووە و لە 14.4%ـدایە، بەڵام ئەوان بەبێ هیچ جێگرەوەیەک داوادەکەن لە 12% بێت."

پێشەوا هەورامانی گوتیشی "لەسەر ئەمرۆ رێژەیە رێک نەکەوتووین و لە گفتوگۆکردن بەردەوامین. لە هەموو بارودۆخێکدا نامانەوێت ئەوەی لە رابردوودا بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە دووبارە ببێتەوە؛ ئێمە شەڕەکە بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەکەین، لە کاتێکدا لە رابردوودا لە باشترین حاڵەتدا حکوومەتی فیدراڵی لە سەدا پێنج زیاتری نەناردووە."

سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لە زاخۆ، وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و تایبەت بوو بە بڕگەی نەوت لە بودجەدا کە تێیدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل و راشکاو کرا.

وتیشی "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە مەرکەزییەت لەلای حکوومەتی هەرێم سەرناگرێت و دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا بکرێت. هاوکات جەختیشی کردەوە کە مەلەفی نەوت زۆر روونە و حکوومەتی عێراق هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و بارودۆخی کێڵگە نەوتییەکان بکات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی باسی لە کێشە تەکنیکییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت کرد و وتی "کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەتەوە و بەشێک لە کێڵگەکان تەختی زەوی کراون، بۆیە کاتی دەوێت تا بتوانرێت دووبارە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکرێتەوە."

ئاماژەی بە دژبەریی بڕیارەکانی بەغداش کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێم و وتی"کۆمپانیای سۆمۆ داوا دەکات رێژەی بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە، کەچی لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق داوای زیادکردنی دەکات."

وتەبێژی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بۆ مسۆگەرکردنی پشکی 14.4%ـی بودجە "هەرێمی کوردستان بە کەمتر لەوەی لە دەستووردا چەسپێنراوە رازی نابێت. ئەوەی لەسەر شانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە بە سەردانی بەغدا و بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامی داوە، بەڵام دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش پێکەوە فشار بکەن."

ئەوەشی خستەروو کە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا کۆمەڵێک بەڵا هەن، کە گەورەترینیان بەشی "خەرجییە سیادییەکانە."

سەبارەت بە نەوتی سپی ماڵان، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لە کۆبوونەوەکەی زاخۆدا ئەو پرسە خراوەتەڕوو و شاندی هەرێم داوای کردووە بەهۆی جیاوازیی کەشوهەوای ساردی کوردستان نەوتەکە زووتر بنێردرێت، "کەچی تا ئێستا وەک پێویست نەنێردراوە و کەمتر لەو رێژەیە هاتووە کە مافی خەڵکی کوردستانە."

هاوکات پێشەوا هەورامانی وەڵامی لێدوانەکانی ئالا تاڵەبانی دایەوە و وتی "سەرلەبەری قسەکانی ناراستن؛ حکوومەتی فیدراڵی 42 چاودێری لەنێو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا هەیە و خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری تەواوی وردەکارییەکانن کە چی دەگوزەرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×