وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ده‌داته‌وه‌
  2026-10-29     

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان، له‌باره‌ی به‌ قاچاخبردنی نه‌وت و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، 42  نوێنەر لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی چاودێریی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەکەن،  بۆیە هەر بانگەشەیەک دەربارەی به‌ قاچاخبردن پێویستی بە پێشکەشکردنی بەڵگەی ڕون و دیاریکراو هەیە.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان، له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌قاچاخبردن و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌داته‌وه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت "بە توندی هەمو ئەو بانگەشە بێبنەمایانە ڕەت دەکەینەوە کە ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی پێشوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێگەی کەناڵی (الأولى)ـەوە، کە سەر بە میلیشیا ناسراوەکانە و هەڵوێستی دژ بە هەرێمی کوردستانیان هەیە، دەربارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنی و کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانی کار لە هەرێمی کوردستان دەری بڕیوە."

سامانه سروشتییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "ئەم بانگەشەیانەی کە پشت بە ڕاستی و داتای باوەڕپێکراو نابەستن، تەنها زیان بە کار و ئەدای دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگەیەنن، بەڵکو متمانە بە دامەزراوە فیدراڵییەکان و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ئەم فایلەش دەخەنە ژێر پرسیارەوە."

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو"دەربارەی بانگەشەی بەرهەمهێنانی 650 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، کۆمپانیای (Wood Mackenzie)، وەک کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری پسپۆڕ کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە گرێبەستی لەگەڵ کراوە، دیاری کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی."

ده‌شڵێت "بەپێی داتاکانی ئەم کۆمپانیایە، ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم نزیکەی 255 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشبینییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت تا ساڵی 2027 بگاتە 308 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ بە مەرجێک کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان هەموو مافە دارایی و گرێبەستییەکانی خۆیان وەربگرن، بارودۆخی ئەمنیی پێویست دابین بێت و بتوانن بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە کەندنی بیری نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەکان، بۆ پاراستن و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان."

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ "لەبەر ئەوە، دانانی ژمارە و ڕێژە و بەستنەوەی بە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی باوەڕپێکراو، بەبێ ئەوەی ئەو دامەزراوەیە بە فەرمی بڵاوی کردبێتەوە یان ڕایگەیاندبێت، گومڕاکردنی ڕوونی ڕای گشتییە و هەوڵێکە بۆ پیشاندانی زانیاریی پشتڕاست‌نەکراو وەک ڕاستی."

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی به‌ قاچاخبردنی نەوتیش ده‌ڵێت "باسکردن لە به‌ قاچاخبردنی نەوت، نیشانەی تێنه‌گەیشتنێکی ڕونە لە میکانیزمەکانی هەناردەکردن و ڕێکارە چاودێرییەکانی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە."

به‌ قسه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان "42  نوێنەر لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی چاودێریی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەکەن. بۆیە، هەر بانگەشەیەک دەربارەی قاچاخکردن پێویستی بە پێشکەشکردنی بەڵگەی ڕوون و دیاریکراو هەیە. هەروەها ئەم بانگەشەیە پرسیاری ڕاستەوخۆ دەربارەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی هەناردەکردن و لایەنە فیدراڵییە بەرپرسیارەکان دروست دەکات؛ ئەو پرۆسەیەی کە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە هاوکاریی کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق «سۆمۆ» بەڕێوەی دەبەن."

ده‌شڵێت "باشتر وایە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ئەگەر ئەم بانگەشانە پشت بە بەڵگەی ڕاستەقینە دەبەستن، ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە و بەرگری لە میکانیزمەکانی هەناردەکردن و کارمەندە بەرپرسیارەکانی خۆی بکات، لەبری ئەوەی بوار بۆ تۆمەتی بێبنەما و گومڕاکەر بهێڵێتەوە."

هه‌روه‌ها دەربارەی داهاتە نەوتییەکان، وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "هەمو ئەو داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی «سۆمۆ» ـەوە بەدەست دێن، دەچنە خەزێنەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی. لەسەر ئەم بنەمایە، هەر بانگەشەیەک دەربارەی بوونی پێشێلکاری لە داهاتەکان دەبێت پشت بە بەڵگە ببەستێت و بەرپرسیارێتی بخرێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە بەڕێوەبردن و چاودێریی ئەم پارەیانە دەکەن."

ده‌شڵێت "لەبەر ئەوە، ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە، لەبری لێپرسینەوە لە لایەنە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان، لە ڕووی لۆژیک و بابەتییەتەوە بێ‌بنەمایە."

هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانی نه‌وت هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات "کۆمپانیا نەوتییەکان له‌ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای نێودەوڵەتیی ناسراون، لە بازاڕە جیهانییەکان تۆمار کراون و لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکاندا پەڕەیان هەیە. ئەم کۆمپانیایانە پابەندی پێوەرە توندەکانی ئاشکراکردنی زانیاریی دارایی، پشکنین، پابەندبون بە یاسا و ڕێکارەکانی دژەگەندەڵین. هەروەها دادگای فیدراڵیی عێراق ڕەوایی یاسایی گرێبەستەکانی ئەم کۆمپانیایانەی دانپێدا ناوە و گرێبەستەکانیش هێشتا کاریان پێ دەکرێت. هەندێک لەم کۆمپانیایانە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش گرێبەستیان هەیە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کار دەکەن."

ده‌شڵێت "لەبەر ئەوە، بانگەشەی ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە سەر بە خێزانە حاکمەکانی هەرێمن، تۆمەتێکی قورس و قبوڵنەکراوە؛ تۆمەتێک کە زیان بە پاکی و ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئەم کۆمپانیایانە دەگەیەنێت و ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی خراپ دەکات."

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە تۆمەتانە بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی باوەڕپێکراو، نە خزمەت بە شەفافیەت دەکات و نە بەرژەوەندیی گشتی؛ بەڵکو زیان بە ناوبانگی وەبەرهێنان لە عێراق دەگەیەنێت و متمانەی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی لاواز دەکات."

له‌باره‌ی هاوکاریی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌ڵێت "حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە جدییەت و بەرپرسیارییەوە کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە فایلی نەوت."

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه‌ "لە چوارچێوەی ئەم هاوکارییەدا، حکوومەتی هەرێم ڕێگەی بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی داوە سەردانی هەموو کێڵگە نەوتییەکان بکات، بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەک. هەروەها ڕێگەی بە شارەزایانی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ داوە سەردانی ئەم کەرتە بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی بن، هەروەها کۆنتەرەکانی هەناردەکردنیش ببینن."

ده‌شڵێت "بڵاوکردنەوەی بانگەشەی بێ‌بنەما و پشت‌نەبەستوو بە ڕاستی، خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق ناکات، بەڵکو ڕێگر دەبێت لە بەردەوامیی هاوکاری و هاوئاهەنگی و تێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لایەن، هەروەها زیان بە متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بە کەرتی نەوت و گازی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت."

هەروەها وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەمیشە ئامادەیە هەر زانیاری و داتایەک دەربارەی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان ڕوون بکاتەوە، بە پابەندبوون بە شەفافیەت و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×