بەڕێکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران کە بە ڕەنگ و هێمای ئاڵای کوردستان نەخشێندراوە لە کەناراوەکانی بەلجیکاوە بەرەو ئاوەکانی کەناڵی ئینگلیز، شەپۆلێکی نوێی ڕەخنە و مشتومڕی سیاسی لە ناوخۆی بەریتانیادا لێکەوتەوە و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەی هێنایە دەنگ.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، ڕۆژی پێنجشەممە لە کەناری "دی پان" لە بەلجیکا کە هاوسنوورە لەگەڵ فەرەنسا، وێنەی زیاتر لە ٢٠ کۆچبەر گیراوە لە کاتی سەرکەوتنیان بۆ سەر بەلەمێک بە مەبەستی پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا. ئەوەی لەم گەشتەدا سەرنجی میدیا و سیاسەتمەدارانی بەریتانیای ڕاکێشاوە، ڕازاندنەوەی بەلەمەکەیە بە ڕەنگەکانی سوور، سپی، سەوز و خۆرە زەردەکەی ناوەڕاستی ئاڵای کوردستان.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە ساتی بەڕێکەوتنی بەلەمەکەدا، ئەفسەرانی پۆلیسی بەلجیکا لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون، بەڵام تەنها وەک تەماشاکەر ماونەتەوە و هیچ هەوڵێکیان بۆ ڕێگریکردن لە خستنەئاوی بەلەمەکە و بەڕێکەوتنی کۆچبەرەکان نەداوە.
ئەم ڕووداوە کاردانەوەی توندی پارتی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیای بەدوای خۆیدا هێنا. کریس فیڵپ، وەزیری ناوخۆی سێبەر لە پارتەکە، ڕەخنەی توندی ئاراستەی حکومەتی ئێستای پارتی کار (لەیبەر) کرد و ڕایگەیاند: "لەبری ئەوەی حکومەت بەڵێنەکەی خۆی بۆ تێکشکاندنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی جێبەجێ بکات، ئێستا دەبینین قاچاخچییە کوردەکان بە ئاشکرا و لە ڕێگەی بەلەمێکەوە کە بە ڕەنگی ئاڵای نیشتمانییان داپۆشراوە، تەحەدای حکومەت دەکەن و پێی پێدەکەنن."
ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی کە بەهۆی جێگیربوونی کەشوهەوا و ئارامیی ئاستی ئاوی دەریا لە دوو هەفتەی داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەرانی نایاسایی کە ژمارەیان دەگاتە سەدان کەس، لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان بگەیەننە خاکی بەریتانیا.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، فیڵپ ڕێککەوتنی تایبەت بە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی لەگەڵ فەرەنسا بە "شکستخواردوو" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەسەڵاتدارانی ئەوبەری کەناڵەکە بێدەنگن و تەنها چاودێریی دۆخەکە دەکەن، لە کاتێکدا تۆڕەکانی قاچاخچێتی دەستکراوەتر بوون لە بەکارهێنانی بەلەمی قەبارە گەورەتر بۆ گواستنەوەی کۆچبەران.
ڕۆژنامەی تەلەگراف لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشێک لە کوردانی عێراق وەک کارەکتەری سەرەکی لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە لە باکووری فەرەنسا هەژمار دەکرێن. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە لەم دواییانەدا بەهۆی توندوتۆڵکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە کەناراوەکانی فەرەنسا، قاچاخچییەکان تاکتیکی خۆیان گۆڕیوە و زیاتر پشت بە کەناراوەکانی بەلجیکا دەبەستن وەک خاڵی دەستپێک بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەران بەرەو بەریتانیا.