لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە، ڕایگەیاند کە پرۆسەکە لە ئێستادا لە دۆخێکی ناڕووندایە؛ نە بە تەواوی وەستاوە و نە بەرەوپێشیش دەچێت.
ئاوێنە: ئاڤێستا ئاماژەی بەوە کرد کە لە لایەن تەڤگەری ئازادی و گەریلاوە هەنگاوی بنەڕەتی نراون، لەوانە کشانەوە لە باکووری کوردستان و چۆڵکردنی ناوچەی مەتینا. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ بەسەر ئەم هەنگاوانەدا، لایەنی بەرامبەر لە بێدەنگیدایە و هیچ کاردانەوەیەکی کرداریی نەبووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی کەجەکە نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی چاودێری" دەربڕی و گومانی خواست کە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ دواخستنی پرۆسەکە. هەروەها حکومەتی ئاکپارتی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی بۆ مەرامی هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە کاتییەکانی خۆی بقۆزێتەوە.
لە کۆتاییدا سۆزدار ئاڤێستا هۆشداریی دا و جەختی لەوە کردەوە کە، تەڤگەری ئازادی تا هەتایە لە چاوەڕوانیدا نامێنێتەوە، و ئەگەر بە زوویی هەنگاوی کۆنکرێتی نەنرێت، ئەوا تێکۆشان لە سەرجەم گۆڕەپانەکاندا بەردەوام دەبێت.