شەوی ڕابردوو لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەسەر بابەتێکی پەیوەست بە ڕێکارەکانی ناو مزگەوت (سەڵاواتدانی دوای نوێژ)، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو، کە دواتر ناکۆکییەکان سەریان کێشا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری.
ئاوێنە: دوای ڕووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە دەستبەجێ هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی زێرەڤانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە بە خێرایی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بهێنن.
پۆلیسی هەولێر لە ڕوونکردنەوەکەیدا پەیامێکی توندی ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە و ڕایگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان چەک بەکاربهێنرێت، هەر کەسێکیش ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر."
پاشخانی ڕووداوە چەکدارییەکان لە هەولێر
دیاردەی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان لە ڕێگەی چەکەوە، یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی کار لەسەر بنەبڕکردنی دەکەن. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی هاوشێوە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون کە تێیدا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەستوەردانی خێرایان کردووە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
وەک نموونە، سەرەتای ئەم مانگە لە گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر، دوو تۆمەتبار تەقەیان بە ئاراستەی چەند شوقەیەک نیشتەجێبوون کرد، بەڵام لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران. پێشتریش ڕووداوی شەڕەتەقە لە هەردوو گەڕەکی زانکۆ و قوشتەپە و چەند ناوچەیەکی دیکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ڕوویانداوە، کە تێیاندا چەکی بێمۆڵەت بەکارهێنراوە و پۆلیس سەرجەم تۆمەتبارانی ڕووبەڕووی یاسا کردووەتەوە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بەردەوام جەخت لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت دەکەنەوە و هۆشداری دەدەن کە سزای توند چاوەڕێی ئەو کەسانە دەکات کە سەروەریی یاسا پێشێل دەکەن.