وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پرۆگرامێکی نوێی دیجیتاڵی و دەنگیی بۆ خوێندنی زمانی کوردی خستە بەردەست
  2026-10-30     

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی خوێندندا کە بە پرۆگرامی "مۆدێلی پەروەردەیی سەدەی تورکیا" ناسراوە، نوێترین کتێبی خوێندنی وانەی هەڵبژاردەی زمانی کوردیی (شێوەزاری کرمانجی) بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی خستە بەردەست قوتابییان و مامۆستایان.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ هەینی، ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بە فەرمی کتێبە نوێیەکەی لە رێگەی تۆڕی زانیاریی پەروەردەیی (EBA) بڵاوکردەوە. کتێبەکە هەڵگری ناونیشانی (Pirtûka Pola 5an ya Kurdî-Kurmancî)ـیە و لە ماڵپەڕی فەرمیی (eba.gov.tr) بەردەست کراوە، کە لەلایەن دەستەیەکی پسپۆڕی نووسەرانەوە و بە پشتبەستن بە پێوەرە نوێیەکانی پەروەردە ئامادە کراوە.

​بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردە، پرۆگرامە نوێیەکە تەنیا لە کتێبی سەرەکیی وانەکەدا کورت نەکراوەتەوە، بەڵکو کتێبی تایبەت بە راهێنانی قوتابییان و رێبەری فێرکاریی مامۆستایانیش بۆ هەر قۆناخێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئامادە کراون و خراونەتە بەردەست.

​لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانی ئەم پرۆگرامەدا و بە مەبەستی پەرەپێدانی شێوازی فێربوونی کارلێککار (ئینتەراکتیڤ)، بەشێکی زۆری دەق، چالاکی و راهێنانەکانی نێو کتێبەکە بە دەنگ تۆمار کراون. قوتابییان دەتوانن لە رێگەی سکانکردنی کۆدی (QR)ـی سەر لاپەڕەکانەوە، راستەوخۆ لە پلاتفۆرمی (EBA) گوێبیستی خوێندنەوەی دەقی وانەکان ببن. هاوکات، کتێبەکە چوار گۆرانیی کوردی بە نۆتەی مۆسیقاکانیانەوە لەخۆ دەگرێت، کە فێرخوازان دەتوانن بە هەمان سیستەمی بارکۆد گوێیان لێ بگرن.

​سەبارەت بە قۆناخەکانی دیکەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا روونیکردووەتەوە کە بڵاوکردنەوەی کتێبی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی وێستگەی یەکەمی ئەم زنجیرە نوێیەیە. بەپێی پلانی وەزارەتەکە، لە قۆناخەکانی داهاتوودا کتێبی وانەی کوردی بۆ پۆلەکانی شەشەم، حەفتەم و هەشتەمی بنەڕەتی بە ریزبەندی بڵاودەکرێنەوە، بەو ئامانجەی سەرجەم کەرەستە و پێداویستییە پەروەردەییەکانی وانەی کوردی لە ئاستی قۆناخی ناوەندیدا بە تەواوی دابین بکرێن.

​پەسەندکردن و نوێکردنەوەی ئەم پرۆگرامە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، وانەی زمانی کوردی (بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی) وەک وانەیەکی بژاردە بۆ قۆناخی ناوەندی (پۆلەکانی پێنجەم تا هەشتەم) خراوەتە نێو سیستەمی خوێندنەوە. سەرەڕای ئەوەی چالاکوانانی بواری زمان بەردەوام رەخنە لە کەمیی میلاک و دانەمەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە قوتابخانە فەرمییەکاندا دەگرن، بەڵام ئامارەکانی ساڵی نوێی خوێندن نیشانی دەدەن کە خواستی قوتابییان و خێزانەکان بۆ خوێندنی زمانی دایک بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ بە جۆرێک بۆ ئەمساڵ نزیکەی ٨٠ هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە.

زۆرترین بینراو
پۆلیسی راپه‌ڕین: باندێك په‌یدابون به‌ناوی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ كچان ده‌خه‌ڵه‌تێنن
بە نێوەندگیری قەتەر؛ نامەیەکی نهێنیی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ موحسین ڕەزایی هەوڵی ڕاگرتنی جەنگی ئێران دەدات
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ده‌داته‌وه‌
ئاڵا تاڵەبانی: عەلی زەیدی بۆ ڕاگرتنی قاچاغچێتیی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا هاتووەتە سەرهێڵ و داوای وردبینیی نێودەوڵەتی دەکات
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: سه‌رله‌به‌ری قسه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ناڕاستن
دوای هەڵبژاردنەکان؛ نەتەنیاهۆ سەرکردایەتیی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات و پارتە عەرەبییەکان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن
بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی چاپکردنی دراوی نوێ رەتدەکاتەوە و دابەزینی جیاوازیی نرخی دۆلار رادەگەیەنێت
قوباد تاڵه‌بانی: خۆش نییه بۆ ماوه‌ی‌ دو ساڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر بیت
ئیلهام ئه‌حمه‌د: پێشێلكارییه‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی عه‌فرین
لە سنووری هەولێر تەرمی ژنێک دۆزرایەوە و پۆلیس دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری ڕاگەیاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×