ڕۆژی پێنجشەممە، فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، سەردانی گوندی گوڵەخانەی لە ناوچەی شارەزوور کرد و لەلایەن محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی حزبی سۆسیال دیموکرات کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی کراوە. لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان گەلانی ناوچەکە کرا، وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان و پاراستنی سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئێران بە یاوەریی محەمەد حاجی مەحمود، بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانییان بۆ بنکە و بارەگاکانی حزبی سۆسیال دیموکرات لە بناری چیای سورێن ئەنجامدا.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، فەرامەرز ئەسەدی خۆشحاڵی خۆی بە بینینەوەی ئەو بارەگایانە نیشاندا و ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی ناوچەکە کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ڕابردوودا ئەو ناوچەیە وەک سەنگەر و پەناگەیەکی هاوبەشی هێزەکانی هەردوولا بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش کە ڕژێمی پێشووی بەعس بووە. هەروەها ستایشی ئاوەدانکردنەوەی ئێستای بارەگاکانی کرد بە شێواز و تەکنیکی نوێ، کە بە وتەی ئەو، بەشێکن لە هێزی پاراستنی ناوچەکە.
لە کۆتایی گفتوگۆکاندا، کونسوڵی گشتیی ئێران جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و حزبی سۆسیال دیموکرات کردەوە، و ئارەزووی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا دووپات کردەوە.