"هونه‌رمه‌ندانی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یه‌كه‌مه‌كانی خه‌ڵاته‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی عێراقن"
  2026-10-30     

كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، هونه‌رمه‌ندانی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یه‌كه‌مه‌كانی خه‌ڵاته‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی عێراقن و به‌و بۆنه‌وه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی لە هونەرمەندانی چەمچەماڵ دەکات.

ئاوێنه‌: كۆمه‌ڵه‌ هونەرمەندانی چەمچەماڵ، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، "کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی چەمچەماڵ بە شانازی و دڵخۆشییەوە پیرۆزبایی لە هونەرمەندانی بەهرەمەندی شاری چەمچەماڵ، ئەژێ عەبدوڵا و بێریڤان سەربەست دەکات، بە بۆنەی بەدەستهێنانی دو خەڵاتی گرنگ لە فێستیڤاڵی (سوپەر ستاری موسڵ) لەسەر ئاستی عێراق."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "لەو فێستیڤاڵەدا، کورتەفیلمی (پەنجەرە)، بە نوسین و دەرهێنانی هونەرمەندی لاو ئەژێ عەبدوڵا، توانی لە نێوان 13 خەڵاتی فیستیڤاڵەکەدا دو خەڵاتی گرنگ بەدەستبهێنێت؛ بە جۆرێک کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ به‌ هونەرمەندی چەمچەماڵ بێریڤان سەربەست و خەڵاتی باشترین دەرهێنەری گەنجیش به‌ ئەژێ عەبدوڵا بەخشرا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "هەروەها ئەژێ عەبدوڵا، کە یەکێکە لە هونەرمەندە لاو و بەهرەمەندەکانی چەمچەماڵ، خاوەنی 8 کورتەفیلمە و دەرهێنەری 6 کورتەفیلم بوە. ئەم هونەرمەندە پێشتر لە فیستیڤاڵی بەسرەشدا، بە کورتەفیلمی (ماڵی گەچی) خەڵاتی باشترین بیرۆکە و سیناریۆی بەدەستهێناوە؛ فیلمێک کە لە ماوەی تەنها 47 چرکەدا توانی پەیامێکی کاریگەر بگەیەنێت."

كۆمه‌ڵه‌كه‌ وتوشیه‌تی "هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوەکان زیاتر گرنگی بە هونەرمەندان بدەن و پاڵپشتی و دەستگیرۆییان بکەن، چونکە هونەر یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی ناساندنی کولتور، ناسنامە و دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە جیهان و گەیاندنی پەیامی مرۆڤدۆستی و ئاشتییە."

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×