سەدام و شەش بەرپرسی حیزبی بەعس لەلایەن دادگاوە تۆمەتبار کران بەئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال
دادگای بەغدا
نووسینی: د. فازڵ مورادی
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
گێڕانەوەی چۆنێتیی پەرەسەندنی ئەنفال، لە چەندین زیان، لەبارەی ئەوەی لە سەردەمی ئەنفالدا ڕوویدا، کێ دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و چی پێویستە لەبیر بکرێت و چۆن بوو بە گەوهەری جێبەجێکردنی یاسایی "دادپەروەری". سزادانی یاسایی و دامەزراندنی دادگاییکردنی دروست لە ئێستاوە بەشێک بوو لە داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دادگاییکردنی کەسایەتییە پێشەنگەکانی حیزبی بەعسی عێراق بە تاوانی "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید". ئەم چرکەساتە هاتە ناو کایەی سیاسەتی ئەوروپا و ئەمریکاوە: هیومان ڕایتس وۆچ، لێبووردنی نێودەوڵەتی، پەرلەمانی ئەوروپا و پەنجا و حەوت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەموویان لەگەڵ دادگایەکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی بۆ عێراق بوون، هاوشێوەی دادگاکانی تاوان بۆ ڕواندا و یۆگۆسلاڤیای پێشوو. بۆ دڵنیابوون لەوەی دادگاکە وەک سەپاندنی دادپەروەریی سەرکەوتوو هەست پێنەکرێت، دادگایەکی "عێراقی - عەرەبی" و کۆمیسیۆنێکی بەدواداچوونی ڕاستییش پێشنیاز کرا. لە لێدوانی سەرەتایی خۆیدا لە بەردەم لیژنەی کاروباری حکوومیی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا (سەنات) لە ١٠ی نیسانی ٢٠٠٣، پیێر ڕیچارد پرۆسپەر، کە ئەو کات - باڵیۆزی گشتیی ئەمریکا بوو بۆ پرسی تاوانەکانی جەنگ، جەختی لەوە کردەوە کە "بۆ تاوانەکانی ڕژێمی [بەعس] دژی هاووڵاتییانی عێراقی، ئێمە [ئیدارەی بوش] پێمان وایە کە دەبێت بەرپرسیارانە لە بەردەم پرۆسەیەکی سەرکردایەتیی عێراقدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، کە ڕەنگە لە دادگاکانەوە بیگرێتەوە کۆمیسیۆنەکانی ڕاستی و ئاشتەوایی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی ئەوەی لەسەرە کە یارمەتیی گەلی عێراق بدات بەرەو دیموکراسی و سەروەریی یاسا و دامەزراوە دادوەرییە شەرعییەکان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازە هاوکار بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پرۆسەیەکی بەهێز و باوەڕپێکراو دروست دەبێت".
ئەم ڕاگەیاندنە ئیمپراتۆرییە هەوڵی ئەوە دەدا کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" بەشدار بکات بۆ ئەوەی یارمەتیی "گەلی عێراق بدات بەرەو دیموکراسی و سەروەریی یاسا و دامەزراوە دادوەرییە شەرعییەکان هەنگاو بنێن". هەڵوێستی کۆتایی ئەوە بوو کە دادپەروەری بۆ گەلی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە "بە سەرکردایەتیی عێراق" بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، کە زانایانی یاسایی ئەمریکا لەخۆبگرێت (نیوتن ٢٠٠٧؛ تراهان ٢٠٠٩). دوابەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە، دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانی و ئەنجومەنی حوکمی عێراقی بووە ئۆرگانە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی بەرپرس، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری لە عێراقدا وەک کۆڵۆنییەکی ئیمپراتۆری لە سەدەی بیست و یەکدا بەکارهێنا (لافلاند ٢٠٠٨، ٢٤٢).
بڕیارەکانی ڕیشەکێش کردنی بەعسی ژمارە 1 و 2، کە لەلایەن دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانییەوە و بە کۆنترۆڵی ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت، ڕاگەیەندرا و جێبەجێ کرا و لەلایەن پۆڵ برێمەری حوکمڕانەوە لە 16ی ئایاری 2003دا واژۆ کرا، وەک ددانپێدانانێک بە دەرد و ئازارەکانی گەلی عێراق و "پێشێلکارییەکی مەودا فراوانی مافی مرۆڤ و بێبەشکردن". دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانی وەک ئۆرگانێکی ئیمپریالیی - کۆڵۆنیاڵیی مامەڵەی دەکرد و فەرمانەکانی هێزی یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتییان بەدەستەوە بوو. ئەو دوو فەرمانە لە بنەڕەتدا دەوڵەتی عێراقیان کردە ئامانج و حیزبی بەعسیان هەڵوەشاندەوە بە دوورخستنەوەی ئەندامانی لە دەزگا و دامەزراوە سیاسی و دادوەری و گشتییەکان. لە ڕاستیدا فەرمانەکانی ڕیشەکێش کردنی بەعس نزیکەی دوو مانگ دوای داگیرکردنی عێراق و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراق (بەعس) دەستی پێکرد و بە شێوەیەکی واقیعی دوو مانگ پێش دروستبوونی "ئەنجومەنی حوکمی عێراق" کە وەک بریکارێک لە کۆڵۆنییەکەدا کاری دەکرد لە ژێر دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانیدا. ئەو گۆڕانکارییەی کە بە فەرمانەکانی ڕیشەکێش کردنی بەعس دەستیپێکرد، بووە هۆی دروستبوونی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی بەسیاسیکراو - سوننە، شیعە و کورد - و بەم جۆرە ئەمە زەمینەی توندوتیژیی سیاسیی زیاتری داڕشت (بەیکەر، ئیسماعیل و ئیسماعیل ٢٠١٠؛ سیسۆنس و ئەلسەعیدی ٢٠١٣). پێکهاتنی ئەم ناسنامە سیاسییانە هیچی تر نەبوو جگە لە جێبەجێکردنی بنەمای ئیمپریالیی پێناسەکردن و حوکمڕانی (مەمدانی ٢٠١٢)، کە بووە هۆی سڕینەوەی زاراوەی "عێراقیییەکان" لە بەڵگەنامە دەوڵەتییەکانی ئەمریکادا لە پاش داگیرکردنەکە (ساڵح ٢٠٢١، ١٧).
لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەستوورێکی نوێ وەک هەوڵێکی یەکگرتنەوە و وەک "گەرەنتیکاری یەکگرتوویی عێراق" داڕێژرا. پێکهاتەی عێراق وەک جیهانێکی بە شیعەکردن و بە سوننەکردن بووە هۆی هەڵگیرسانی توندوتیژییە جینۆسایدئامێزەکانی بنەما ئایینی لە نێوان شیعە و سوننەکان لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧دا (کیرنان ٢٠٠٧، ٦٠٢ - ٦٠٤؛ تراڤیس ٢٠١٠، ٥١٦ - ٥٤٥). هەرچەندە "دەوڵەتی فیدراڵی عێراق" وەک دەوڵەتێک کە بە "دیموکراسی، پێکەوەژیان و ئازادی" نووسراوە، ئاهەنگیان بۆ گێڕا، بەڵام وڵاتەکە وەک جیهانێکی توندوتیژیی قڕکەر و سەرکوتکردنی سیاسی ماوەتەوە (مورادی ٢٠١٧ب؛ مورادی و مورادی ٢٠١٧؛ مورادی و ئەندەرسن ٢٠١٦؛ سیفری و سێرف ٢٠٠٣، لاپەڕە ٤؛ زەکیە ٢٠٠٨) نەک تەنها حوکمڕانیی زۆرینەی شیعە بەڵکو پێکهێنانی گرووپی میلیشیا و بەهێزکردنی سەر بە "تیرە" یان "خێڵ" و سەرهەڵدانی گەندەڵی و نائارامی و هەژاری و توندوتیژیی ڕۆژانە و ئاوارەبوونی سەدان و هەزاران کەس، کە لە ئەنجامدا بوو بە هۆی سەپاندنی ئالنگاریی زیاتری هەوڵەکان بۆ ئەو "یەکگرتن و تەواوکارییەی" کە لە دەستووری عێراقدا هاتبوو (ئەلخالیدی و تانەر ٢٠٠٦؛ هێدجس و ئەلئاریان ٢٠٠٨).
جینۆساید و سزای لەسێدارەدان
لە 10ی کانونی یەکەمی 2003، برێمەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و یاسایی لە عێراقدا هێنایە ئاراوە بە واژۆکردنی فەرمانی ژمارە 48 بۆ دامەزراندنی "دادگای تایبەت / باڵای عێراق" کە ڕێگە بە تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی پێشەنگ و ناسراوی حزبی بەعس دەدات بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. یاسا لە ژێر کۆنترۆڵی تونددا بوو بە فەرمانی پێناسەکردنی توندوتیژیی سیاسی و سزادانی هەندێک کەس. ئەمە بوو بە لێکگرێدانی فۆرمێکی ئاشتەوایی وەک لە کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی ئەفریقای باشوور، تێکەڵەیەک لە یاسا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وەک لە دادگاکانی گاچاچای ڕواندا، هەر مۆدێلێکی ئاشتەوایی لە ناو خودی عێراقدا، یان ڕێگاکانی تری دداننان بە توندوتیژیی سیاسی لە عێراق لە پێشدا و لە کاتی و لە دوای داگیرکردنی ئەمریکا و بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٣ خرایە لاوە. دادگاکە وەک دروستکراوێکی سیاسی دەستیپێکرد نەک یاسایی بەڵام لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥دا خرایە "ژێر" دەسەڵاتی یاسای عێراقی و ناوی گۆڕدرا بۆ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و بارەگایەکی پێشووی حزبی بەعس لە بەغدا کرایە شوێنی دادگاکە (کە لەمەودوا بە دادگای بەغدا ناوی دێت) (لافلاند ٢٠٠٨، ٢٤٢). دەسەڵاتی دادگاکە سنووردار بوو بەو تاوانانەی کە عێراقییەکان لە چوارچێوەی عێراقدا لە نێوان ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨ و ١ی ئایاری ٢٠٠٣ ئەنجامیاندابوو، واتە لەلایەن دەوڵەتی دوای کۆڵۆنیالیزمەوە دوای داگیرکردنی عێراقی ئیمپراتۆری بەریتانیا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و پێش ئەمریکا - داگیرکردنی بەریتانیا لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا. بۆیە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا (1917 - 1958)، کاریگەرییەکانی سزاکان لەسەر عێراق (1990 - 2003)، کە ژێرخانی نیشتمانی و سیستەمی چاودێریی تەندروستی لەناوبرد و لە ئەنجامدا ڕێژەی مردنی منداڵان و دایکان بەرز بووەوە (دەویشە ٢٠١٧؛ ئەشێریۆ و هاوکارانی ١٩٩٢). داگیرکردنی ئیمپراتۆری ئەمریکا - بەریتانیا و لەناوبردنی کولتوور، میرات، یان مەعریفە لە ساڵی 2003دا (بەیکەر، ئیسماعیل و ئیسماعیل ٢٠١٠؛ فاڵک، گەندزیر ولیفتۆن ٢٠٠٦)، بەکارهێنانی فسفۆری سپی و کوشتنی دەرەوەی دادگا لە فەلووجە، ئەشکەنجە و دەستدرێژی و کوشتن لە زیندانی ئەبوغرێب لە بەغداد لە ژێر دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٣دا، یان توندوتیژیی سیاسیی نێوان شیعە و سوننە و جینۆسایدی ئێزیدی کە بە دوایدا هات (مورادی و مورادی ٢٠١٧؛ مورادی و ئەندەرسن ٢٠١٦). لە نێوان "کۆی گشتی 1325 وێنەی گومانی دەستدرێژیکردنە سەر دەستگیرکراوان، 93 فایلی ڤیدیۆیی گومانی دەستدرێژیکردنە سەر دەستگیرکراوان، 660 وێنەی پۆرنۆگرافیی گەورەساڵان، 546 وێنەی دەستگیرکراوانی عێراقی کە گومانی کوشتنیان لێدەکرا، 29 وێنەی سەربازەکان لە کردەوەی سێکسیی ھاوشێوە، 37 وێنەی سەگی کارکردنی سەربازی کە خراپ بەکارهێنراوە لە دژی دەستگیرکراوەکان و ١٢٥ وێنەی کردەوەی جێی پرسیار"، هەروەها "بیست وێنەی سەربازێک هەیە کە خاچێکی لار لە نێوچاوانیدا کێشراوە" (لە میتەرس ٢٠٠٨، ١٦٠٩ وەرگیراوە). وێنەکان ئەوەش پیشان دەدەن کە چۆن کو کڵوکس کڵانKu Klux Klan و نازیزم و ئیمپراتۆرییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناو زیندانە بەدناوەکەی ئەبوغرێبی دوای کۆڵۆنیاڵیدا کۆدەبنەوە بۆ گۆڕینی جەستەی ژن و پیاوەکان بە جەستەی عەرەبی - موسڵمانی شیاو بۆ کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر. "نموونە هەن بۆ ژنانێک کە پیاوان ئەشکەنجە دەدەن و ژنان و پیاوانێک ژنانی عێراقی، ژنانی موسڵمان، ناچار دەکەن سینگ و مەمکیان ڕووت بکەن، هەروەها پیاوانی عێراقی، پیاوانی موسڵمان، بۆ ئەنجامدانی کردەوەی هاوڕەگەزبازی یان دەستپەڕکردن بە بەرچاویانەوە" (باتڵەر ٢٠٠٩، ٨٩ - ٩٠).
داگیرکردنی ئیمپراتۆریی ئەمریکا و بەریتانیا نیگەرانیی دادگایی جیهانی لەسەر عێراق، کە دادگایەکی میللی بوو بە ئامانجی لێپرسینەوە لە ئەمریکا و بەریتانیا و لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە دەرەوەی عێراق کۆبووەوە (سۆکمان ٢٠٠٨؛ چوبوکچو ٢٠١٨؛ فاڵک، گەندیزیەر و لیفتن ٢٠٠٦، ١٥٩ - ١٧٩، گێندزیەر، و لیفتۆن ٢٠٠٦، ١٥٩ - ١٧٩). ئەگەر لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩١٧دا جەنەراڵی بەریتانی ستانلی مۆد لەبارەی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیاوە لە بەغدا ڕایگەیاند کە "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان ئامانجیان شکستی دوژمن و دەرپەڕاندنێتی لەم ناوچانە... سوپاکانی ئێمە وەک داگیرکەر یان دوژمن نەهاتوونەتە ناو شار و ناوچەکانتانەوە، بەڵکو وەک ڕزگارکەر هاتوون" (مۆد، لە گریگۆری ٢٠٠٤، ١٤٧)، ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکاش ڕووی لە بەڵێنی دادپەروەریی کرد، چونکە "ڕابردووی" گەلانی عێراقی وەک بابەتی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر بنەمای "یاسا نێودەوڵەتییەکان" و ڕێکارەکانی دروستکرد بەو پێیەی "دادگایەکی بە نێودەوڵەتیکراوی ناوخۆییە" (نیوتن و شارف ٢٠٠٨، ٢٠٩). ئەم بەڵێنی دادپەروەریی یاساییە ڕێگە و شێوەی ئیمپراتۆریی بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرەوەرییەکی کارا لە یادەوەرییە مێژووییەکان و یادەوەرییە ڕۆژانەییەکانی توندوتیژیی سیاسی و لە هەمان کاتیشدا بەستنەوەی هەوڵدان و بەدواداچوون بۆ دادپەروەری لە کوردستان و عێراق بەگشتی لەگەڵ گێڕانەوەی سیاسیی یارمەتیدانی "گەلی عێراقە لە هەنگاونانی خەڵک بەرەو دیموکراسی و سەروەریی یاسا و دامەزراوە دادوەرییە شەرعییەکان".
دادگای بەغدا لە ٢١ی ئابی ٢٠٠٦ دەستی بە دادگاییکردنی ئەنفال کرد و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زنجیرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨، کە بە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" زانی (IHT ٢٠٠٧، ١). ڕێوشوێنی یاسایی دادگاییکردنی ئەنفال پەیوەست بوو بە ڕێوشوێنی دادگای سەربازیی نێودەوڵەتی لە نۆرنبێرگ و ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ نیشاندانی جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بەرپرسیارێتیی یاسایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بسپێرن بە کەسانی ناسراو. حەوت بەرپرسی حیزبی بەعس لەلایەن دادگاوە تۆمەتبار کران (IHT ٢٠٠٧، ٤٢٣ - ٤٢٥):
■ سەددام حوسێن، سەرۆکی عێراق، فەرماندەی گشتی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٩ تا ٢٠٠٣.
■ عەلی حەسەن ئەلمەجید، ئەمینداری گشتیی مەکتەبی باکووری حیزبی بەعسی عەرەبیی سۆشیالیست لە مانگی ئازاری ١٩٨٧ تا نیسانی ١٩٨٩.
■ سوڵتان هاشم ئەحمەد ئەلتائی (سلطان هاشم أحمد الطائی)، فەرماندەی فەیلەقی یەکەمی سوپا، کە لەگەڵ فەیلەقی دووەم و پێنجەم بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالیان پێسپێردرا.
■ تاهیر تۆفیق یوسف ئەلعانی (طاهر توفیق یوسف العانی)، پارێزگاری مووسڵ لە کاتی ئەنفالدا.
■ سابیر عەبدولعەزیز حوسێن ئەلدووری (صابر عبدالعزیز حسین الدوری)، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە کاتی ئەنفالدا.
■ فەرحان موتڵەگ ئەلجبووری (فرحان مطلک الجبوری)، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی سەربازی لە کاتی ئەنفالدا.
■ حوسێن ڕەشید محەمەد ئەلتکریتی (حسین رشید محمد التکریتی)، جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپا لە کاتی ئەنفالدا.
دادگاییکردنەکە مامەڵەی لەگەڵ ڕێکخستن و ڕێگەپێدان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا دەکرد. بەم شێوەیە ئەنفال وەک هێرشە هەماهەنگ و ڕێکخراوەکان بۆ سەر گەلی کورد لە عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ لەو چوارچێوەیەدا دانرا، کاتێ تۆمەتباران بۆ یەکەمجار لە بەردەم دادگا ئامادەبوون، بە ئەنفال تۆمەتبار کران وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووی ئیفادەی شایەتحاڵانی ڕزگاربوو بوونەوە کە لە یاسا دەرکرابوون لە کاتی ئەنفالدا. کۆکردنەوەی بەڵگەکان بریتی بوون لە ٤٩٣٥ لاپەڕە بەڵگەنامەی دەوڵەت، تۆمارە دەنگییەکان، تۆمارە پزیشکییەکان کەوا هێرشی کیمیایی دەسەلماند، بەڵگەی پزیشکیی دادوەری، ناسنامەی نیشتمانی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵە هەڵدراوەکانەوە دەرهێنرابوون، ئیفادەی شایەتحاڵ و پسپۆڕانی ڕزگاربوو و بەڵگەی وێنەیی (IHT ٢٠٠٧، ٣٩٤). بڕیارەکانی ژمارە ١٦٠، ژمارە ٣٦٥٠ و ژمارە ٤٠٠٨، بەڵگەنامەی ٦٤١٤، کە "ئەوپەڕی نهێنی" بوو، لە ڕۆژی 18ی ئازاری 1987دا، لە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازییەوە بۆ نووسینگەی سەرۆکایەتی، سەبارەت بە بەکارهێنانی "تەقەمەنی تایبەت"، واتە توخمەکانی کیمیایی و بەڵگەنامەکانی تری دەوڵەت، کرانە بەڵگەی یاسایی سەرەکی (IHT ٢٠٠٧، ٤٨١ - ٤٨٢، ٩٣٤ - ٩٣٧). حەفتا و حەوت ئیفادەی شایەتحاڵی ڕزگاربووان پێشکەش بە دادگا کرا، بەڵام هەڵبژاردنی ئەو گێڕانەوە بێشومارانەی باس لەوە دەکەن کە دانیشتووانی ناوچەکە چۆن ئەزموونی ئەنفالیان کردووە و ڕزگاریان بووە، چۆن ڕاپێچکراون و کۆکراونەتەوە. لە دادگاییکردنەکەدا ئەنفال بە هەشت قۆناخی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئاسمانی و زەمینی لە شەش ناوچەی جوگرافیی جیاواز لە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردی ئەو کاتی عێراق لە نێوان ٢٣ی شوبات تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ دەسنیشان کرا و ئەم چوارچێوەیە بە پێی بنەمای بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عێراق بوو کە زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال و لەسەر ڕاپۆرتی ساڵی ١٩٩٣ی میدڵ ئیست وۆچ، کە یەکەم لێکۆڵینەوەیە لە بەڵگەنامەکانی ئەنفال و ئیفادەی شایەتحاڵانی ڕزگاربوو ئەنجامدرابێت. لە کاتێکدا کە یادەوەریی هەژموونی و باو لە کوردستاندا پێیوایە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال بە مەزەندە ١٨٢ هەزار کەسی مەدەنیی بێسەروشوێن و لەناوچوون، بێجگە لە وێرانکردنی تەواوەتی ٤٥٠٠ گوند لەگەڵ مزگەوت و قوتابخانە سەرەتاییەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ئاوارەبوونی زۆرەملێی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کورد و کۆچی بەکۆمەڵیان بۆ تورکیا و ئێران، ڕاپۆرتی میدڵ ئیست وۆچ ١٩٩٣ مەزەندەی کردووە کە 50 هەزار تا 100 هەزار کەس کوژراون و بێسەروشوێن کراون.
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ڕێگەی دادگاکانی لێکۆڵینەوە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دەستەی یاسایی خۆی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵگەی زیاتری کۆکردەوە، لەوانە ١١٩٢ ئیفادەی شایەتحاڵانی ڕزگاربوو و سەردانی شوێنەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، قەڵای نزارکێ لە دهۆک کە لە کاتی ئەنفالدا خەڵکی تێدا زیندانی کرابوو، شوێنی نیشتەجێبوونی بەحرکە کە پێشتر لەلایەن هێزی سەربازییەوە کۆنترۆڵ کرابوو (عورەیبی ٢٠١٤، ١٣ - ١٤). ئیفادەی شایەتحاڵانی ڕزگاربوو سەبارەت بەوەی کە بە شێوەیەکی شەخسیی خۆیان بینیویانە و لە ڕووی جەستەییەوە ئەزموونیان کردووە و تووشی ئازار بوون، کرا بە پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەکانی کردەوەکانی ئەنفال. ئەمەش بە بەشێکی بنەڕەتیی هەوڵەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بۆ "دەرخستنی ڕاستیی تەواو و جێبەجێکردنی دادپەروەری" دانرا (IHT ٢٠٠٧، ١٩). لە بڕیارەکەدا بە پێی ماددەکانی پەیڕەوی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و یاسای سزادانی عێراقی دادوەری لەسەر ئەنفال کراوە. بە پێداگریی لەسەر "بەڵگەی کەم"، تۆمەتەکانی دژی عانی هەڵوەشایەوە. دوری و جبوری سزای زیندانی هەتاهەتایی و تائی و تکریتی سزای مەرگ دران "بە هەڵواسین تا مردن" بە تاوانی جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ سزادران (IHT ٢٠٠٧، ٩٣٧ - ٩٦٢). ئەلمەجید بە تۆمەتی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سێ جار و دوو جار بە "10 ساڵ زیندانی" سزای "لە سێدارەدان، هەڵواسین تا مردن"ی بەسەردا سەپێندرا.
تا ئەمڕۆ، ئەلمەجید تاکە سزادراوێکە کە لە ٢٥ی ١ی ٢٠١٠ لەسێدارە دراوە، بەو پێیەی پێشتر سەددام حوسێن لە دادگاییکردنی دوجەیل، کە مامەڵەی لەگەڵ ئەو توندوتیژییە سیاسییانە کردبوو کە دژی گوندنشینانی باشوور ئەنجامدرابوو، سزای "لە سێدارەدان، هەڵواسین تا مردن"ی بەسەردا سەپێنرابوو دوای هەوڵێکی تیرۆرکردن لە دژی حوسێن لە ساڵی ١٩٨٢ (IHT ٢٠٠٧، ٩٦٢؛ هەروەها بڕوانە کێلی ٢٠٠٨، ٩٠؛ سیسۆنس و باسین ٢٠٠٧). بۆیە دۆسێی حوسێن وەک تۆمەتبارێک لە دادگاییکردنی ئەنفالدا کێشرایەوە. ئەمەش بچڕانێکی لە پرۆسەی دۆزینەوەی "ڕاستی" و "دادپەروەری"دا هێنایە ئاراوە. دەرکردنی ئەو شایەتحاڵە ڕزگاربووەکانی زۆر بێهیوا کرد کە چیتر نەتوانرا ئیفادەکانیان بە بەڵگە وەربگیرێت دژ بە سەددام حوسێن و چیتر نەدەکرا لە بڕیارەکەی دژی ئەودا لەبەرچاو بگیرێت. لە کوردستاندا سەددام و ئەلمەجید بە شێوەیەکی باو وەک پلاندانەری سەرەکیی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد وەبیر دەهێنرێنەوە. بەڵام بە دەرکردنی سەددام لە دادگاییکردنی ئەنفال، ئەلمەجید وەک ڕێکخەری سەرەکی پێشکەش کرا و بەم شێوەیە ناچار بوو ڕووبەڕووی ئەو فەرمانانەی قڕکردن ببێتەوە کە واژۆی ئەویان لەسەر بوو و شایەتحاڵی ڕزگاربووان کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩١ و ئەو خێزانانەی کە خزم و کەسەکانیان کۆمەڵکوژ کرابوون یان بێسەروشوێن کرابوون. ئەم چرکەساتە لە قسەکردن لەسەر ئەنفال - هەڵگرتنی قڕکردن و نەمانی گەلی کورد و زیانە زۆرەکانیان و وێرانکردنی ماڵ و تەواوی گوندەکان - ئەم هێنانی وشەگەلی زیان و وێرانکردنە بۆ بەردەم دادگا و ئاڕاستەکردنیان بۆ ئەلمەجیدی تۆمەتبار، وەک چرکەساتێک کە توانای ئەوەی هەبوو بزانێت کە ئەو "بە مەرگ" سزا دەدرێت، پێوەرێکی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی یاسایی بەڵام بینراو بوو - "دادپەروەریی بینراو کە ئەنجام بدرێت".
هەڵواسینی ئەو دوو تاوانبارە سەرەکییە وەک بەڵگە بوو بۆ "جێبەجێکردنی دادپەروەری" وەک دوا دەربڕینی دادگای بەغدا، ئەمەش وا دەکات کە دوو کاری توندوتیژیی سیاسی ڕەنگدانەوەی مێژووی ئەو توندوتیژییە سیاسییە بن کە لە نێوان ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨ و ١ی مایسی ٢٠٠٣دا بەرپاکراون. بە واتایەکی تر، وەستان لە بەردەمی یاسادا لە کاتێکدا کە خەڵک تێیدا بەرەو مەرگ دەچن، بە هەڵواسین تا مردن، وەک شانۆگەرییەکی سیاسی بوو کە سزایەکی جەستەیی کافکایی هێنایە پێشەوە بەو پێیەی کە "دادپەروەری هاتووەتەدی" (کافکا ١٩٦١؛ ٢٠٠٩، ٧٩ - ٨٧). لە کاتێکدا کە "هەڵواسینی سەددام تا مردن" لەسەر تەلەفۆنە مۆبایلە زیرەکەکان تۆمارکرا و لەسەر تەلەفزیۆنە سەتەلایتەکان و پێگەی یوتیوب دەستاودەستی دەکرد و ئەنجامیش خەڵکی لە عێراق و لە هەر چوارلای جیهانەوە کران بە شایەتحاڵ لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی، بەڵام "هەڵواسینی ئەلمەجید تا مردن" لە کەش و ژینگەیەکی توندوتۆڵتردا بەڕێوەچوو. لە کاتێکیشدا کە دادگایی کردنەکەیان بەڕێوەدەچوو و حوکمەکان دەردەکرا و سزاکانیان جێبەجی دەکران، توندوتیژیی سیاسیی نێوان سوننە و شیعە، کە وەک دوو شێوازی پێچەوانە بەیەکتر و خاوەن هەژموون لە سێبەری دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیماناندا لەئارادا بوو، کە ئەوەش توندوتیژییەک بوو لە چەشنی جینۆساید. دەوڵەتی عێراق کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە شیعەی تێدا دەسەڵاتدار بوو و هەموو ژێرخانی بنەڕەتیی دەوڵەتی بەعسی عێراقی گەڕاندبووەوە سوپای هەڵوەشاوەی لێبەدەر، لەسێدارەدانی سەددام حوسێنی بە هۆی کوشتاری دوجەیلەوە کردە سەرکەوتنێکی شیعەگەرا کە چاوەڕوانکردنی زۆر درێژەی کێشابوو، بەمەش دەبوو تەواوی گەلی عێراق سەرنجی بچێتە سەر و لە چاوی ئەوانەوە شایەتیی بۆ بدەن.
دادگای بەغدا لە بڕیارەکەیدا پرەنسیپی نۆرنبێرگی بە بێ کات دووپاتکردەوە و دەڵێت: "هەر کەسێک کردەوەیەک ئەنجام بدات کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک تاوان پۆلێن کراوە، بەرپرسیار دەبێت و سزای بەسەردا دەسەپێنرێت". سزای لەسێدارەدان ئەو توخمە بوو لە دادگای سەربازیی نێودەوڵەتی لە نۆرنبێرگ کە ئەو کەسانەی بە لەسێدارەدان مەحکووم دەکرد - کەسانی ناسراو - تاوانبار بوون بە تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی (شاباس ٢٠٠٢، ٢٣٧). دادگاییکردنی نۆرنبێرگ و تۆکیۆ کە لەو کاتەدا وەک دادپەروەریی سەرکەوتوویش لە چوارچێوەیەکدا بوو، "لێپێچینەوەیەکی زۆر سنووردار و تەنانەت هەڵبژێردراویشی تێدابوو. گرووپێکی سەرەتایی تەنها بیست و چوار تۆمەتبار لەبری ئەو هەزاران کەسانە وەستانەوە کە بوونەتە هۆی مردنی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس و ئازاری لە گێڕانەوە نەهاتووی زۆر کەسی تر" (مینۆ ٢٠٠٢، ٢٠، جەختکردنەوە زیادکراوە). دادگای بەغدا ئەوەی پشتڕاست کردەوە، هەروەها جینۆسایدی وەک "مەبەستی لەناوبردنی، گشت یان بەشێکی، گرووپێکی نیشتمانی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئایینی" لەگەڵ سزای لەسێدارەدان کە پارادایمی سەدەی بیستەمە، بەیەکەوە گرێدا. سزای جەستەیی کەسانی دیاریکراوی ناسراو بە ناوی "تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە"، پەیڕەوی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، دادگای نۆرنبێرگ، ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ و دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا ڕەوا بوو. لەم چوارچێوەیەدا، بە دڵنیاییەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بپرسین ئایا دەتوانرێت سزای لەسێدارەدانی تاکە ڕەعییەتەکان کە "پابەندن لە بەردەم یاسادا ئامادەبن" لەگەڵ توندوتیژیی جینۆسایدی ڕێکخراو لەلایەن دەوڵەتەوە یەکسان بکرێت. لە ورووژاندنی ئەو پرسیارەدا، "ئایا شەرعییە یان نا، ئایا پێویستە یان قەدەغەیە، فراوانکردنی دەستەواژەی 'مەحکوومکردن بە مەرگ' لە دەرەوەی مانا یاساییە توندەکەی و بواری یاسایی - نێودەوڵەتیی خۆی؟"، دەریدا دەنووسێت:
"بەڵام ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بە 'سزای مەرگ' ناوی ببات، ئەو سزایەی بەسەر کەسێکدا دەسەپێندرێت تاوانباربێت بە کوشتنێک کە دژی کولتوورێک، نەتەوەیەک، کۆمەڵگەیەک ئەنجامدراوە، ئایا دەتوانرێت کۆمەڵگایەک بە مەرگ یان لەسێدارەدان مەحکووم بکات؟ ئایا دەتوانرێت بۆ نموونە جینۆساید، بە مانا تەسکەکەی sensu stricto وەک حوکمدان بە ئیعدام بخرێتە ڕوو؟ نەک خستنە بەر مردن بە لە سێدارەدان هەبێت و تەنها کوشتن، تاوان هەبێت و شکستهێنان لە یارمەتیدانی کەسێک کە لە مەترسیدایە، ئەوە پێویستە لانیکەم، لە بنەڕەتدا سیستەمێکی دادپەروەری، کۆدێکی یاسا، لانیکەم چاولێکردنی دیمەنێکی حوکمدان هەبێت. بۆیە جینۆساید یان کوشتنێکی بەکۆمەڵی قەوارەیەک یان نادیارێک وەک (زمان، دەزگا و دامەزراوە، کولتوور، کۆمەڵگە)، کە بە مانا تەسکەکەی، بە شێوەیەکی دەقاودەق بەشداری ناکات، لە لۆجیکێک یان لە چەمکی مەحکوومکردنی مردن... دەبێت هەمیشە حوکمێک هەبێت، بڕیارێک هەبێت و بابەتەکەشی دەبێت بابەتێکی کەسی و ناونراو بێت، وەڵامدەرەوەی ناوەکەی بێت. (دەریدا ٢٠١٤، ٢٥٣، جەختکردنەوە لە بنەڕەتدا)".
ژێرخانی یاسایی سزای جینۆساید دەباتە پەڕی ئەوپەڕی، لە ڕووی یاساییەوە بەڵام بە شێوەیەکی کێشەدار وەک تاوانی تاوانەکان دادەنرێت (کازانجیان ٢٠١١؛ مووسا ٢٠٢١)، هیچ ڕووبەرێک بۆ کشانەوەی سزای لەسێدارەدان پێشکەش ناکات بۆ ئەوەی ئەگەری دیکە ڕووبدات. هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ یاسا، جگە لەوەی چۆن وەک کردەوەیەکی سیستماتیکی مۆدێرنیتەی سیاسی یان دەوڵەتی مۆدێرن، جینۆساید لۆجیکی سزای تاکەکەسی یان سزای لەسێدارەدان دەکاتە کێشە (مەمدانی ٢٠٢٠؛ کلارک ٢٠١٩). لە کوێدا، لە دۆسێی سزای لەسێدارەدان، دەوڵەتی عێراق و نەزمی یاسایی دامەزراو ویستوویانە بە هەڵواسینی ببینن، تا مردن، سەددام و ئەلمەجیدی مەحکووم کراو، دەوڵەتی عێراق لە توندوتیژییە جینۆسایدەکانیدا ویستویەتی قڕکردنی کەسانی "نەناسراو" ببینێت کە بێ سنوور لە یاسا دەرکرابوون و بانگهێشت نەکرابوون لە بەردەم یاسادا ئامادەبن. ئەمی دووەمیان بریتی بوو لە لەناوبردنی مرۆڤبوون و شێوازەکانی ژیانی ئیکۆلۆجی و ئەگەری دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دادوەری یان دادپەروەریی یاسایی و سەرپێچی لە ئێتیک و هەموو جۆرە لێپرسینەوەیەکی ئەخلاقی. سیاسەتی سزای یاسایی وەک هەڵواسین تا مردن دەتوانێت بە شێوەیەکی مەحاڵ وێرانکاری و زیانە وەرنەگیراوەکان پێچەوانە بکاتەوە، نەبووەتە هۆی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سیاسیی لێپرسینەوە، مامەڵەی لەگەڵ ئەو کردەوانە نەکردووە کە لەلایەن سوپای عێراق یان ئەنفالچییە کوردەکانەوە ئەنجامدراون.
گەڕان بە دوای هەقدا
"با ڕاستییەکانتان پێ بڵێم. بیستبوومان سەددام بە ئەقڵ و هۆشی خۆیدا هاتووەتەوە و عەفوو [لێبوردن]ی دەرکردووە بۆ هەموو ئەوانەی لە وڵات هەڵهاتبوون بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات و ماڵی خۆیان. هەرچەندە من وازم لە هیوای دۆزینەوەی ماڵ و کەلوپەلەکانم هێنابوو، بەڵام ئەمە هێشتا هێورکەرەوە بوو. لە ڕێگای گەڕانەوە لە ئێرانەوە چەند کوردێکی تر لێمان نزیک بوونەوە و پێیان گوتین پێویستە شوێنیان بکەوین و ئەوان لەوێدان بۆ یارمەتیدانی هەموو ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە. ئێمە بەرەنگاریان نەبووینەوە، ئاخر ئەوان کورد بوون و بە زمانی ئێمە قسەیان دەکرد و ئێمە پێمان وا نەبوو کە ئەوان درۆمان لەگەڵ دەکەن. کاتێ گەیشتینە هەڵەبجەی وێران، لەوێ گوتیان خەمتان نەبێت، حکوومەت هەڵەبجەیەکی نوێی بۆ هەموو دانیشتووانی هەڵەبجە دروستکردووە. ئەوان پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێمە دەبێ شوێنیان بکەوین بۆ ئەو جێگایەی ناویان ناوە هەڵەبجەی نوێ. ئێرە شوێنێک بوو کە هەستی کەرامەتی مرۆڤ و ژیانی خێزانی و ڕێز و کار و ژیانی کۆمەڵایەتی و پێکەنین و خواردن و چێشت لێنانمان لەدەستدا. لێرە وەک کەر مامەڵەمان لەگەڵ دەکرا و نازانم چۆن وەسفی بکەم بۆت؟ شوێنێکە هیچیتر نەبوو بێجگە لە نیازی لەناوبردن [یان قڕکردنی پلان بۆ داڕێژراو]. سەربازە سادەکان وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین، ئێمە هیچ کەلوپەلێکمان نەبوو، تەنانەت بەتانییەکمان پێنەبوو کە شەوان لە سەرما بمانپارێزێت و سەیر لەوەدایە ئێمە تەنیا چاوەڕێمان دەکرد و بەو هیوایە دەژیاین بگەڕێینەوە بۆ ماڵ و ژیانمان کە پێشتر وێران بووبوو".
ئەمە باس و گێڕانەوەی پیاوێکە تەمەنی لە دەوروبەری پەنجا ساڵیدایە کە لە 16ی ئازاری 1988 لە کیمیابارانی شارۆچکەی هەڵەبجە ڕزگاری بووە و هەڵاتووە بۆ ئێران (لە بەشی حەوتەمدا زیاتر لەسەر هەڵەبجە دەدوێم). ئەم پیاوە ساڵی 1989 گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە، دوای ساڵێک لە "لێبووردنی گشتی". ئەم گێڕانەوەی لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣دا باس کردبوو، کاتێ ئێمە لە ماڵەکەیدا قاوەڵتیی بەیانیمان دەکرد کە لەگەڵ هاوسەرەکەی و نەوەکانیدا دەژیا. ئەوان ماڵە بنچینەییەکەیان لە هەڵەبجە فەوتابوو و ئێستا لە خانوویەکی نوێدا دەژین کە خۆیان دروستیان کردبوو لە ناوجەرگەی شارۆچکەکەدا. ئەو نەیدەویست ناوی بدرکێنم و دەیگوت "من کێشەم ناوێت، ساڵانێکی زۆرم نەماوە و تەنها دەمەوێت بێ سەرئێشەبم. هیچکام لە جاش و موستەشار [ئەنفالچییەکان]، کە هەموویان لە کوردستانی ئازادکراودا ژیانێکی ئاسوودە بەسەردەبەن، بە هەر شێوەیەک بێت گرنگی بەو شتانە نادەن کە تۆ دەینووسیت. ئێمە وەک ڕزگاربووانی کوردستان هەمیشە داوای هەق، هەق، هەق دەکەین، تەنانەت ئەگەر کەسیش گوێمان لێ نەگرێت. لێرە [واتە کوردستان] هەق لە هیچ شوێنێک نابینرێت".
هەروەک لە فەسڵی پێشوودا باسمان کرد، ڕێکخستن و بەشداریی ئەنفالچییەکان لە ڕۆژنامەی هاوکاریی کوردیدا بە وردی باسکراوە. نزیکەی هەموو ئەو ژمارانەی باس لە ئەنفال دەکەن ئێستا لە کتێبخانەی گشتی لە هەولێر و هەروەها لە بنکەی ژین لە شاری سلێمانی پارێزراون. ناوی تەواوی ئەنفالچییە کوردەکان و بابەتەکانی ڕۆژنامەکە لەسەر فەوجە جۆراوجۆرەکانی کورد و بەڵگەنامەکانی ئەنفال لە کتێبی "توونی مەرگ"ی نەجم فەقێ (2004) و "جاش و ئەنفال: بەڵگەکان"ی لەتیف فاتیح فەرەج (2006) ئەرشیف کراون. لە بۆنە جیاوازەکاندا پێیان دەگوتم ئەوە "پاراستنی بەڵگەکانە بۆ داهاتوو" کە پاڵنەرێکیان بووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەکان بە لێکدان لەگەڵ بەڵگەنامەکان بخەنە ڕوو و هەردوکیان لە شێوەی کتێبێکدا تۆمار بکەن. تا ئێستا هیچ کام لە ئەنفالچییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان دادگایی نەکراون. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامن لە پێداگری لەسەر ئەو لێبووردنە گشتییەی کە بەرەی کوردستانی بۆ هەموو ئەنفالچییەکانی کوردی ڕایگەیاندبوو و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەر جۆرە دادگاییکردنێک هەڕەشە لە یەکێتیی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردی دەکات کە وەک خواستێکی سیاسی ماوەتەوە.
سەرچاوە: بەشی شەشەمی کتێبی:
"مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق"
دادگای بەغدا
Being Human
Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq
Fazil Moradi
2024
* تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجیی مەیدانییە بەو ناونیشانەی سەرەوە و توێژەری کورد د. فازڵ مورادی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە. ئێمە ئەم کتێبەمان کردووەتە کوردی و هێشتا وەرگێڕانە کوردییەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە - وەرگێڕ.