وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوەدەکات کە پەیامەکەی جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە وردی هەڵسەنگێندراوە و لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (ئەلجەزیرە) ڕایگەیاند "پەیامی جی.دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە وردی هەڵسەنگێندراوە و لە کۆبوونەوەکانی ئاستی بەرزدا، گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەبارەی کراوە".
عێراقچی هەوڵی لایەنی ئەمریکی بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی فراوانتر، بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانا؛ بەڵام وتی "ئەگەر ئامانجی واشنتۆن لە ناردنی پەیامی ڤانس، دروستکردنی ناکۆکی و دابەشبوون بێت، ئەوا ئەمە هەڵەیەکی نوێ دەبێت کە زیاد دەکرێت بە هەڵەکانی پێشووی ئەمریکا.
سەبارەت بە ئەگەری دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، عێراقچی دەڵێت "لەئێستادا هیچ بەرنامەیەکمان بۆ دیدارکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا نییە و ئەوەی لەمبارەیەوە باس دەکرێت، تەنها گومانە و لێکدانەوەی میدیاکانە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی زیادیکرد، تاران لە بارودۆخی ئێستادا پێویستی بە دیدارکردن لەگەڵ ئەمریکا نییە؛ چونکە مەرجەکانی ئێران ڕوونن و ناوبژیوانەکانیش هێشتا گفتوگۆکردنیان لەبارەی ئەو مەرجانەوە بەردەوامە.
"دوای ئەوەی واشنتۆن ڕەزامەندی لەسەر مەرجەکانی ئێران دەرببڕێت، بڕیار لەبارەی ئەوە دەدرێت کە گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ بن یان لە ڕێگەی ناوبژیوانەوە ئەنجام بدرێن". عەباس عێراقچی وا دەڵێ