پاش ئەوەی وا بڵاوکرایەوە کە گوایە لە 3%ـی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گلدەدرێتەوە و نادرێتە مووچەخۆران، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد، ئەو رێژەیەی کە دەوترێت لەلایەن حکومەتەوە دەبڕدرێت "بێ بنەمایە".
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا وتی "دوای دەرکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە نۆی ساڵی 2014، گۆڕانکاری لە رێژەی گلدانەوەی پارەی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی کراوە. ئێستا بەپێی یاسا نوێیەکە هەر فەرمانبەرێک مانگانە 25%ـی مووچەکەی بۆ خانەنشینی گلدەدرێتەوە، کە 15%ـی لەلایەن حکومەتەوە تەرخاندەکرێت و 10%ـیش لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت".
وتیشی "پێش ئەم یاسا نوێیە هەرێمی کوردستان یاسای کۆنی خانەنشینیی پەیڕەو دەکرد و رێژەکە 19% بوو، لەو رێژەیە حکومەت 12%ـی دابیندەکرد و 7%ـیش لە مووچەی فەرمانبەرەوە دەبڕدرا؛ بەڵام ساڵی رابردوو لەکاتی دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی دارایی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی تەیف سامی رێککەوتن، هەمان یاسای خانەنشینی لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە ئێستا هەموو فەرمانبەرێک 25%ـی مووچەکەی بۆ خانەنشینی گلدەدرێتەوە، کە 15%ـی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت و 10%ـیش لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت".
هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو 3%ـەی دەوترێت لەلایەن حکومەتەوە دەبڕدرێت بێ بنەمایە، چونکە پێشتر 7%ـی مووچەی فەرمانبەرانمان بۆ خانەنشینی دەبڕی و دوای جێبەجێکردنی یاساکە دەبوو رێژەکە بکەینە 10%. جێبەجێکردنی ئەم یاسایەش لە هەرێمی کوردستان لە 30ـی حوزەیرانی 2025ـەوە دەستیپێکردووە و لەنێوان ساڵی 2014 تاوەکو مانگی شەشی 2025 پەیڕەوی یاسای کۆنی خانەنشینی کراوە.
"لەم رۆژانە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق دەچنە پەرلەمان، تاوەکو ئەو وردەکارییە بۆ ئەندامانی لیژنەی دارایی روون بکەنەوە". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت