سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانیشتنی فەرمی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی شارەکە ئەنجام دەدرێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بەپێی یاسا لە کاتی چۆڵبوونی پۆستەکەدا، جێگری یەکەم بەبێ پێویستی بە هیچ فەرمانێکی کارگێڕی کاروبارەکان ڕادەپەڕێنێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر پرسی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە لەم قۆناغەدا و ئاماژەی بەوە کرد کە دەقی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەموارکراو لەم بارەیەوە ڕوونە. حافز ڕایگەیاند: "کاتێک پارێزگار بە هەر هۆکارێک ئامادە نەبێت، بەپێی یاسا ڕاستەوخۆ جێگری یەکەم کاروبارەکانی پارێزگا بەڕێوەدەبات و ئەمەش پێویستی بە دەرکردنی هیچ فەرمانێکی کارگێڕی نییە."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای ڕێکارە یاساییەکان، بەهۆی تایبەتمەندیی دۆخی کەرکوکەوە، سازانی سیاسیی نێوان سەرکردەی کوتلەکان ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی لەم پرسەدا دەبێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئاشکرای کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجومەنی پارێزگا بەمەبەستی یەکلاکردنەوە و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ کۆدەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، محەمەد ئیبراهیم حافز سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن محەمەد سەمعان ئاغا تاوەکو ئێستا لەناو بینای پارێزگادا بە سیفەتی "پارێزگاری کەرکوک" پێشوازی لە میوان و شاندەکان دەکات.
ناوبراو لەوبارەیەوە وتی: "بە هیچ جۆرێک بە سیفەتی پارێزگاری کەرکوک پێشوازی لە میوان و شاندەکان ناکرێت، تەنانەت من خۆم وەک وەزیری دەوڵەت پێشوازیم لە محەمەد سەمعان کردووە نەک وەک پارێزگار."
سەبارەت بە ئەگەری درێژەکێشانی بۆشایی کارگێڕی لە شارەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دڵنیایی دا و جەختی کردەوە: "مەحاڵە لە سایەی بوونی ئەنجومەندا، پارێزگای کەرکوک بەبێ پارێزگار بمێنێتەوە؛ لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕێگەی سازان و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکانەوە دانیشتنی تایبەت ئەنجام دەدەین بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکوک."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە محەمەد سەمعان ئاغا لە ١٦ی نیسانی (مانگی ٤)ی ئەمساڵدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە فەرمی وەک پارێزگار هەڵبژێردرا و دوای زیاتر لە ١٠٠ ساڵ، وەک یەکەم کەسایەتیی پێکهاتەی تورکمان پۆستی باڵای بەڕێوەبردنی شارەکەی وەرگرت.
بەڵام دوای ئەوەی لە ١٥ی مانگی ڕابردوودا لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێبەخشرا وەک وەزیری دەوڵەت، دەرکەوتنی بەردەوامی ناوبراو لە دیوانی پارێزگای کەرکوک نیگەرانی و مشتومڕێکی زۆری یاسایی و سیاسیی لێکەوتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە چۆنیەتیی هەبوونی دوو پۆستی باڵای جێبەجێکردن لە یەک کاتدا.