سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرجەم هێزەکانی سەر بە "بەرەی موقاوەمە" دەچنە ناو جەنگەکەوە و گۆڕەپانی نوێی شەڕ دەکرێتەوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی فەرمیی ناوبراو، هومام حەمودی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانان، تیشکی خستە سەر پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە. لە بەشێکی وتەکانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، حەمودی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەوڵی بەدەستهێنانی هەر جۆرە دەستکەوتێکدایە تەنانەت ئەگەر خەیاڵیش بێت، بە مەبەستی پاراستنی داهاتووی سیاسیی خۆی. لە بەرامبەردا، جەختی کردەوە کە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی هەر دەرئەنجامێک بەدەست دەهێنرێت، دەبێت لە ئاست قەبارەی ئەو قوربانییانەدا بێت کە داویەتی.
سەبارەت بە سروشتی هەر پێکدادانێکی چەکداری لە داهاتوودا، حەمودی وتی: "هەر شەڕێکی داهاتوو شایەتی کردنەوەی گۆڕەپانی نوێ دەبێت و سەرجەم لایەنگرانی بەرەی موقاوەمە تێیدا بەشدار دەبن؛ شەڕەکە بێ سنوور و بێ ڕێسا دەبێت، وەک شەڕێک لەپێناو مانەوە بە شکۆمەندی." ناوبراو هەڵوێستی ئێرانی وەک نموونەیەک بۆ جیهان وەسف کرد و ڕایگەیاند، ڕووداوەکان نەتەوە هۆشیارەکان دروست دەکەن کاتێک سەرکردایەتییەکی قوربانیدەر لە مەیداندا پێشڕەوییان دەکات و گەلەکەشی بە خۆڕاگری و ئیرادەوە لەپشتییەوە دەوەستن.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا تایبەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق و کابینەی حکومەت، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ڕوونی کردەوە کە چەمکی نیشتمان تەنها لە زەوی و نەخشەدا کورت نابێتەوە. جەختیشی کردەوە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بژاردەی چوارچێوەی هەماهەنگییە و ئەو هاوپەیمانێتییە لە بەرامبەر خودا و گەلدا بەرپرسیارە لە داڕشتنی دیدگا و سیاسەتە گشتییەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک وەزیران لە ڕێگەی میکانیزمە حکومییەکانەوە ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی لەسەر شانە و لەو چوارچێوەیەشدا هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنێکی فراوان لەنێوانیاندا هەیە.
پەیوەست بە دۆسیەی سەروەریی عێراق و هێزە بیانییەکان، حەمودی ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد وەک دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی "ڕۆژی سەروەری"، لەوانە:
کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ناتۆ.
گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ.
چەکداماڵین و کۆتاییهێنان بە بوونی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لەناو خاکی عێراقدا.
هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی تواناکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق.
لەسەر ئاستی ئابووری و دارایش، هومام حەمودی پرسی قەرزی دەرەکی بە بابەتێکی هەستیار ناوبرد بەوپێیەی وڵات بە سیاسەتەکانی بانکی نێودەوڵەتییەوە دەبەستێتەوە. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم پرسە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بەتەواوی ڕەتکراوەتەوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ڕێگە بە تێپەڕاندنی نادات.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە کاتێکدایە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دوایین هەڵوێستدا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بوونی ڕاپۆرت و چاوەڕوانییەکان، دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی هیچ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران نەداوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی قۆناغێک لە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی ڕاگەیاندبوو، کە تێیدا تواناکانی چاودێریی سەربازی، سیستەمەکانی پەیوەندی و ژمارەیەک دامەزراوەیان کردبووە ئامانج.