موحسین رەزایی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی لەگەڵ سعوودیە، تورکیا و پاکستان ئاشکرا دەکات؛ جەخت لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئەمنیی هەرێمی دەکرێتەوە
  2026-11-01     

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان وڵاتەکەی و هەریەک لە سعوودیە، تورکیا و پاکستان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە لە کۆبوونەوەکەی تاراندا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا خستووەتە روو. لە بەرامبەردا، لایەنی سعوودی سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێناسە دەکات.

موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە تاران بەڕێوەچووە کە لەسەر داوای خودی ئەو سێ وڵاتە بووە. بە گوتەی رەزایی، لە میانی کۆبوونەوەکەدا خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئیسرائیل کردووە و گوتوویەتی: "دوای تەواوبوونی لە ئێران، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تورکیا و پاشان دێتە سەر ئێمە، واتە سعوودیە."

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کرد کە نوێنەرانی بەشداربوو بە زمانێکی توند دژی سیاسەتەکانی ئیسرائیل دواون، تا ئەو رادەیەی لە وەسفی هەڵوێستی ئەو وڵاتانەدا گوتی: "پێم وایە ئەوان لە زۆرێک لە دۆستەکانی ئێمە زیاتر بوونەتە حزبوڵڵایی."

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی ناو کۆبوونەوەکە، موحسین رەزایی ئەوەی خستە روو کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە نیشان داوە. هاوکات، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە مەترسییەکانی ئیسرائیل کردووە و هۆشداریی داوە لە دروستبوونی پەیوەندی و هاوپەیمانییەک لە نێوان "هیندۆس و جووەکان" دژ بە موسڵمانان و خودی پاکستان.

سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبوونەوەکەی بە هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ئەمنیی هەرێمی وەسف کرد، بە جۆرێک کە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی بکەن بێ دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان. ئاشکراشی کرد، هەر چوار لایەن لەسەر بەردەوامیی ئەم دیدارانە رێککەوتوون و بڕیارە لە داهاتوودا وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە، تورکیا و پاکستان بۆ گفتوگۆی زیاتر سەردانی تاران بکەن.

لەلایەکی دیکەوە و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی تۆڕی (سی ئێن ئێن) و میدیاکانی ئێران، کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە لە کۆمەڵگەی سەعدئابادی تاران و بە سەرپەرشتیی موحسین رەزایی ئەنجام دراوە، کە تێیدا هەریەک لە مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆمار و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادە بوون. هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵی (ئیرنا)ی ئێرانی و (ئەنادۆڵ)ی تورکی بڵاویان کردەوە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەر چوار وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردووە و تێیدا جەختیان لە درێژەدان بە گفتوگۆکان کردووەتەوە بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکارییەکان لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

بەشداربوونی سعوودیە، تورکیا و پاکستان لەم کۆبوونەوەیەدا لە کاتێکدایە، کە ئەو سێ وڵاتە لە ٧ـی ئابدا رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشیان لە شاری مەککە واژۆ کردووە. بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی مەککە، هەر هێرشێک بکرێتە سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان هەژمار دەکرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەنقەرە و ریاز پێشتر رایانگەیاندبوو کە رێککەوتنەکەیان تەنیا سروشتێکی بەرگریی هەیە و هیچ دەوڵەتێکی دیکە ناکاتە ئامانج.

پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسە ئەمنییەکەی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی خالید بن سەلمان بۆ تاران، هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئیسرائیل نەکردووە. ریاز سەردانەکەی وەک بەشێک لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان، هاندانی دیالۆگ و پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان وەسف کردووە.

خستنەڕووی ئەم زانیارییانە لەلایەن تارانەوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پیشاندانی بوونی هاوئاهەنگییەکی هەرێمی، بەتایبەت لەم ساتەوەختەدا کە راپۆرتەکان ئاماژە بە ئامادەکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەگەریی نوێ لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ٣ـی تشرینی دووەم. هەر لەو چوارچێوەیەشدا، موحسین رەزایی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا پەردەی لەسەر ئەوە لادا کە تاران نامەیەکی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمییان نەداوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×