ئەمڕۆ دووشەممە (٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، لە دامەزراوە میدیاییەکاندا فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڵاوکرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، فەرمانەکە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵەوە دەرکراوە و پشتی بە یاسای "لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی" بەستووە.
ئاوێنە: لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەدا، د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوەی لەسەر هۆکاری سکاڵاکە دا و ڕایگەیاند کە بنچینەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی بارەگایەکی پارتەکەیان لە شارەدێی تەکیە.
گوتەبێژەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات ئاماژەی بە مێژووی دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارەگایە کرد و ڕایگەیاند: "ئەم بارەگایە لە کاتی خۆیدا لەلایەن حزبەکەمانەوە لە حزبی بەعس سەندراوەتەوە، بۆیە هەر کەسێک خۆی بە میراتگری حزبی بەعس دەزانێت، با بێت و بارەگاکەمان لێ وەربگرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. فەرهاد تۆفیق باسی لە مەرجەکانیان بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە کرد و جەختی کردەوە: "هەر کاتێک لایەنە سیاسییەکانی دیکە بارەگاکانیان ڕادەست کردەوە، ئەوکات مافی ئەوە هەیە داوا لە ئێمەش بکرێت هەمان هەنگاو بنێین." هەروەها ڕەخنەی لە جیاوازیکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان گرت و پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی سەرجەم خانووە بێتاپۆکانی دیکەی کوردستان تاپۆ کراون، بەڵام موڵکەکانی ئەوان تاپۆ ناکرێن.
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی پشت ئەم دادگاییکردنەش، گوتەبێژی ئەو پارتە پێی وایە بابەتەکە دوورە لە ڕێکاری ئاسایی و زیاتر مەرامی بازرگانی و سیاسیی هەیە، بەتایبەتی کە بینای بارەگاکە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی و شوێنێکی ستراتیژیی هەیە.
لە کۆتاییشدا ئاشکرای کرد کە پێشتر بەرپرسی مەڵبەندی پارتەکەیان لە تەکیە چووەتە بەردەم دادگا و سەرجەم ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر دۆسیەکە داوە، بۆیە بەئامانجگرتن و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسی یەکەمی حزبەکە، وەک هەنگاوێکی تەواو سیاسی دەبینن.