ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی پەسەندکرد کە تایبەتە بە لێخۆشبوون لەو سزایانەی خراونەتە سەر ئەو لایەن و خاوەنکارانەی لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دواکەوتوون.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم کە ڕۆژی دووشەممە (٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، لە ڕێگەی نووسراوی فەرمیی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (١٤٠٦٩)، بڕیاری ژمارە (٣٠٧) کە لە ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دەرچووە، بە مەبەستی جێبەجێکردن ئاراستەی نووسینگەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە.
دەرکردنی ئەم بڕیارە لە میانەی کۆبوونەوەی ژمارە (١٧٦)ی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر بنەمای پێشنیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، ئاسانکاریکردن و هاندانی خاوەنکارەکانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی پارەی بەشدارییەکان، هەروەها بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە؛ کە سەرەنجام ئەو سندووقە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران، پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.