سهنتهری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له مافی رۆژنامهنوسان رایگهیاند، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسڵاتدارەكان، نەیتوانیوە "لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و جددی" لە تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان بكهن و كەیسە هەرە دیارەكان (سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عبدالستار تاهیر شریف) داخران بەبێ ئەوەی بكوژ یان پلان بۆ داڕێژری تاوان بدۆزێتەوە و بدرێتە دادگا.
ئاوێنە: سهنتهری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له مافی رۆژنامهنوسان ئهمڕۆ دوشهممه كه هاوكاته لهگهڵ رۆژی جیهانی بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان، رایگهیاند، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری UNESCO، لە نێوان ساڵی (2025 بۆ 2026)، 166 رۆژنامەنوس لە جیهاندا كوژراون لە كۆی حەوت حاڵەت شەش كەیسیان بێئەنجام بوەو بكوژ دەربازی بوە لە سزا.
ئاماژهی بهوهشكردوه، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسڵاتدارەكان، نەیتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و جددی لە تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان بكات و كەیسە هەرە دیارەكان (سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عبدالستار تاهیر شریف) داخران بەبێ ئەوەی بكوژ یان پلان بۆ داڕێژری تاوان بدۆزێتەوە و بدرێتە دادگا.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، سەنتەری میترۆ داوای سەلەنوێ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە دەكات تاوهكو ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
ڕێکخراوەی پەروەردەیی زانستی و کەلتوری نەتەوە یەکگرتوەکان کورتکراوە (یونسکۆ) ترسی ئەوەی هەیە كە دەربازبون لە سزا زیان بە تەواوی كۆمەڵگاكان بگەیەنێت بە شاردنەوەی پێشێلكارییە جددیەكانی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی و تاوان، هەر لەبەر ئەو هۆكارەش داوا لە حكومەتەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان و هەمو ئەوانەی پابەندن بە پێشخستنی سەروەری یاساوە بەشداری لە هەوڵە جیهانییەكان بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە دیداردەی دەربازبون لە سزا.
كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە ساڵی رۆژی 2ی (تشرینی دوەم/11)ی 2013 "رۆژی جیهانی بۆ كۆتاییهێنان بە دەربازبون لە سزا بۆ تاوانەكانی دژی ڕۆژنامەنوسان" ناساند. بڕیارنامە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەكات كە ڕێوشوێنی كۆنكرێتی بگرنەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی كولتوری باوی بێسزا.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ (UNESCO)، لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2024 زیاتر لە ههزار و 700 رۆژنامەنوس لەسەر ئاستی جیهان کوژراون و لە نێوان هەر 10 دۆسیەی کوشتن، نزیکەی 90%ی بکەران و تاوانباران لە سزا دەربازبون و ڕوبەڕوی دادگا نەکراونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتوەکان جەخت دەکاتەوە کە دەربازبونی تاوانباران لە سزا (Impunity) دەبێتە هۆی شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، گەندەڵی، و ترساندنی ڕۆژنامەنوسانی دیکە، ئەمەش زیانی گەورە بە دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین دەگەیەنێت.
کوشتنی رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دیارترین و هەستیارترین تەوەرەکانی پەیوەست بە دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ، کە لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردودا چەندین ڕوداوی تیرۆرکردنی سیاسی و جەستەیی بەخۆیەوە بینیوە. ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان زۆرجار نیگەرانییان لەبارەی پاشەکشەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و دەربازبونی بکوژان لە سزا دەربڕیوە.