وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی رێککەوتن بۆ کێڵگەی نەوتی قورنە ٢ و گفتۆگۆش دەربارەی کێڵگەی ناسرییە کراوە.
ئاوێنە: شەفەق نیوز بڵاویکردووەتەوە، باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لەمیانی راگەیاندراوێکدا دەڵێت "لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی گەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە ٢، یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان".
ئەوەش هاتووە "ئەمڕۆ وەزیری نەوت، پێشوازی لە جۆ کوک، بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی بازرگانی لە کۆمپانیای شێڤرۆن کردووە، کۆبوونەوەکە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆ و دانوستانەکانەكان بووە سەبارەت بە گرێبەستی كێڵگەی رۆژئاوای قورنە ٢".
هەروەها، رێککەوتن کراوە لەگەڵ پلانی واژۆکردنی گرێبەستەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا، جگە لەوەش رێککەوتن كراوە لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان سەبارەت بە گرێبەستی گەشەپێدان بۆ کێڵگەی ناسریە و چوار بلۆکی گەڕان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، كۆمپانیای شێڤرۆن لە مانگی شوباتدا، دەستی بە دانوستان کرد لەگەڵ عێراق بۆ بەدەستهێنانی ئەو کێڵگەیە، لە هەنگاوێکدا کە بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکە لەناو کەرتی نەوتی عێراقدا فراوانتر دەکات.
جێی ئاماژەشە، بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی نەوت، ئەم کێڵگەیە زیاتر لە ١٣ ملیار بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی هەیە کە دەتوانرێت بەرهەمهێنانیان لێوە بکرێت، و ڕۆژانە لەنێوان ٤٠٠ هەزار تا ٤٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش نزیکەی ١٠٪ی کۆی بەرهەمی نەوتی خاوەی عێراق پێکدەهێنێت.