بەهۆی بڕیاری ناردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە دوێنێوە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکاندا لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار دینار دابەزیوە. فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەواڵی ناردنی ئەو بڕە نەوتە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ دروستکردووە و نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو هێناوەتە خوارەوە.
ئاوێنە: بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بڕیارە تا ١٠ ڕۆژی دیکە کاروانی نەوتەکەی بەغدا بگاتە هەرێمی کوردستان و لە قۆناغی یەکەمدا پرۆسەی دابەشکردنەکە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات و دواتر ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ گەیشتنی بڕە نەوتەکە و دەستپێکردنی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا، نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕەکاندا زیاتر دابەزێت.