زەیدی فەرمانی بە زیادکردنی پشکی کارەبای کەرکوک کرد
  2026-11-03     

عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمان بە زیادکردنی پشکی کارەبا کەرکوک و سوتەمەنی و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارێزگار کرد.


ئاوێنە: نوسینگەی عەلی زەیدی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی پارێزگای کەرکوک، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیرانی ناوخۆ و داد و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران.

لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دۆخی گشتیی پارێزگای کەرکوک و دۆسیە ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە پارێزگاکەدا کرا.

هەروەها، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بە زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکوک لە وزەی کارەبا بەجۆرێک کە پێداویستییەکانی هاوڵاتییان دابین بکات و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا باشتر بکات، لەگەڵ زیادکردنی پشکی تەرخانکراوی سووتەمەنی بۆ وەلیدە ناحکومییەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارکردنیان، هەروەها پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری، بەپێی ڕێککەوتنەکانی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە.

جگە لەوەش زەیدی، فەرماندەییی ئۆپراسیۆنەکان و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بەپێی دەستوور و یاسا و دەستەبەرکردنی پاراستنی خۆپیشاندەران و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنماییی دا بە ڕەوانەکردنی دۆسیەی نرخی موەلیدە ئاهلییەکان بۆ دەستەی دەستپاکی، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە سەرپێچییە پەیوەندیدارەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر گرنگیی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەم دۆسیانە کردەوە، لەگەڵ کارکردن بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە پارێزگاکە و وەڵامدانەوەی داواکارییە ڕەواکانی هاووڵاتییان، بە جۆرێک کە سەقامگیری بەهێز بکات و بەردەوامیی کاری دامەزراوەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەستەبەر بکات.
 

زۆرترین بینراو
​لە ئەڵمانیا و ئیسپانیاوە تا ژاپۆن و کەنەدا؛ مەرج و ڕێکارە نوێیەکانی وەرگرتنی ڤیزای کار لە جیهاندا
وتەبێژی حیزبی سۆسیالیست فەرمانی دەستگیرکردنی محەمەدی حاجی مەحمود بە "سیاسی و بازرگانی" دادەنێت
پژاک: گۆڕانکاریمان لە ڕێبازی چارەسەریدا نەکردووە و داوای فیدراڵیزمێکی ورد لە ئێرانێکی دیموکراتیکدا دەکەین
كه‌ركوك.. دوای كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئه‌مپێری مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان، خاوه‌ن مۆلیده‌كان ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد
ترەمپ داوایەکی بەپەلەی نەتانیاهۆ بۆ لێدانی ئێران ڕەتدەکاتەوە
ئایا ئۆجالان لەزیندان ئازاد کراوە؟
سه‌نته‌ری میترۆ: بكوژانی رۆژنامەنوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئازادن
بە مەرجێک قەرزەکان بدرێنەوە؛ حکومەتی هەرێم سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبەخشێت
له‌ كه‌ركوك خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌و رێبوار ته‌ها فه‌رمانی دا به‌ كاركردنی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان
ئێران: له‌ گه‌روی هورمز مین به‌ كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگردا ته‌قییه‌وه‌و ئاگری گرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×