ئا: ئاوێنە
بە پێچەوانەی زۆرێک لەو وڵاتانەی کە ڕۆژانی یەکشەممە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەمریکا بە شێوەیەکی نەریتی ڕۆژانی سێشەممە هەڵبژاردنەکانی ئەنجام دەدات، ئەمەش کارێکە بۆ سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە.
چی دەزانین دەربارەی ئەم نەریتە و بنەچەی؟
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی NBC News، ئەم نەریتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٤٥، لەو سەردەمەدا زۆرینەی دانیشتوانی ئەمریکا لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژیان و ئامرازەکانی گواستنەوە زۆر جیاواز بوو لەگەڵ ئەمڕۆ، وایکرد گەشتکردن لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بۆ بنکەکانی دەنگدان هەندێکجار چەند کاتژمێرێک یان تەنانەت چەند ڕۆژێکیش بخایەنێت.
جگە لەوەش هەر ویلایەتێک دەتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی خۆی لە بەرواری جیاوازدا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەنجام بدات. ئەمەش کێشەیەکی دروستکرد، چونکە ئەنجامەکانی ئەو ویلایەتانەی کە زوو دەنگیان داوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی ئەو ویلایەتانە هەبێت کە هێشتا دەنگەکانیان نەداوە.
لەئەنجامدا کۆنگرێس بڕیاریدا ئەم پرۆسەیە ڕێکبخات، یاسایەکی لە ٢٣ی کانونی دووومی ١٨٤٥ دەرکرد، کە وادەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی دانا: سێشەممەی دوای یەکەم دووشەممەی مانگی نۆڤەمبەر. ئەم یاسایە تا ئەمڕۆش کاری پێدەکرێت.
بۆچی بەتایبەتی سێشەممەیەک لەمانگی نۆڤەمبەردا؟
ئەم مانگە بەهۆکاری ئابوری و کەشوهەوا هەڵبژێردرا؛ لە سەدەی نۆزدەهەمدا کشتوکاڵ بڕبڕەی پشتی ئابووری بوو، زۆرێک لە دەنگدەران لە کێڵگەکانی دوور لە ناوەندەکانی شار دەژیان. بۆیە یاسادانەران دەبوو ڕۆژێک هەڵبژێرن کە ڕێگە بە خەڵک بدات دەنگ بدەن بەبێ ئەوەی چالاکیی کشتوکاڵییان بە شێوەیەکی بەرچاو تێکبدات.
مانگی نۆڤەمبەر سوودێکی گونجاوی پێشکەش کرد، چونکە تا ئەو کاتە دروێنەی پاییز تا ڕادەیەکی زۆر تەواو دەبوو، هێشتا سەختی زستان دەستی پێنەکردبوو، ئەمەش وایکرد کە کاتێکی تاڕادەیەک ئاسان بێت بۆ گەشتکردن.
هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو. ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژی پشوو و ڕێوڕەسمی ئایینی بوو بۆ بەشێکی زۆری دانیشتوانی مەسیحی، ئەمەش وایکرد گەشتکردن لەو ڕۆژەدا ناڕەحەت بێت. ڕۆژی دووشەممە نەگونجاو بوو، چونکە دەنگدەران پێویستیان بە ڕۆژێکی پشوو هەبوو بۆ ئەوەی بگەنە بنکەکانی دەنگدان. زۆرجار ڕۆژی چوارشەممە ڕۆژی بازاڕ بوو لەزۆرێک لە کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکان، کاتێک جووتیاران بەرهەمەکانیان دەفرۆشت، ئەمەش وایکردووە ڕۆژی سێشەممە ببێتە پراکتیکیترین بژاردە.
بانگەوازەکان بۆ گۆڕینی بەرواری هەڵبژاردن بەردەوامن
لە کاتێکدا ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ بارودۆخی سەدەی نۆزدەهەمدا گونجاو بوو، بەڵام ئێستا ئەم بەروارە تەحەدایە بۆ هەندێک لە دەنگدەران، بەتایبەتی ئەوانەی کە کاتژمێری زۆر کاردەکەن یان کارێکیان هەیە کە پشوو وەربگرن قورسە، هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارێتی خێزانیان لەسەرە یان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە گەیشتن بە شوێنەکانی دەنگدان.
هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی لاتینی ڕووبەڕووی ئەم سەختییانە دەبنەوە بە تایبەتی، چونکە زۆربەیان لە کەرتەکانی چێشتخانە، هۆتێل، بیناسازی، پاککردنەوە، گواستنەوە و چاودێری تەندروستی کاردەکەن، کە بەدەستهێنانی مۆڵەت تەنانەت بۆ چەند کاتژمێرێکیش زەحمەتە.
لەچەند بۆنەیەکدا پێشنیارەکان بۆ گواستنەوەی هەڵبژاردن بۆ کۆتایی هەفتە یان کردنی ڕۆژی هەڵبژاردن بە پشووی فیدراڵی هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هیچ کام لەو پێشنیازانە گۆڕانکارییان لەوادەی گشتی هەڵبژاردنی فیدراڵیدا نەکردووە.