سوپاسالاری ئێران پێنج مەرج بۆ ئاسایشی ناوچەکە رادەگەیەنێت
  2026-11-03     

سوپاسالاری ئێران، عەلی عەبدوڵڵاهی، گۆڕینی ستراتیژیی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ "هێرشبردن" راگەیاند و نەخشەڕێگایەکی پێنج خاڵیی بۆ سەقامگیریی رۆژئاوای ئاسیا خستەڕوو، هاوکات هۆشداریی توندی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل.

 ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران رایگەیاند، ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەژێر مەودای ئاگری هێزەکانیاندان و هۆشداری دا لەوەی وەڵامی هەر هێرشێک بە خێرایی و بەبێ گوێدانە سنوورە جوگرافییەکان دەدرێتەوە.

بەرپرسە باڵاکەی سوپای ئێران تیشکی خستە سەر ململانێ سەربازییەکانی ساڵانی 2025 و 2026، کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپا کوژران، جەختیکردەوە، لە ئێستا هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرماندەیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیدا، ئامادەیی تەواویان بۆ رووبەڕووبوونەوە هەیە.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەلی عەبدوڵڵاهی ئاماژەی بەوە کرد، ستراتیژیی سەربازیی ئێران لە دۆخی بەرگرییەوە گۆڕاوە بۆ دەستپێشخەریی هێرشبردن، لە بەڕێوەبردنی قەیرانەوە بۆ داڕشتنی سیستەمی نوێ. بۆ ئەم مەبەستەش، پلانێکی پێنج خاڵیی وەک مەرجی تاران بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە راگەیاند، کە بریتین لە:

 

1- کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا، بەتایبەتی لە غەززە و لوبنان.

2- هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکانی سەر ئێران و ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی.

3- پێدانی قەرەبووی دارایی بە ئێران لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەکانەوە پێی گەیشتووە.

4- داننانی فەرمی بە کۆنترۆڵ و سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە.

5- گرەنتییدان بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئەمنیی ناوچەیی بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی.

سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بووەتە "جەمسەری چوارەمی هێز لە جیهاندا"، و دووپاتی کردەوە، ئەم پێنج خاڵە نیشانەی لاوازیی نین، بەڵکو هەنگاوێکن بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی دەیان ساڵەی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا.

زۆرترین بینراو
​لە ئەڵمانیا و ئیسپانیاوە تا ژاپۆن و کەنەدا؛ مەرج و ڕێکارە نوێیەکانی وەرگرتنی ڤیزای کار لە جیهاندا
وتەبێژی حیزبی سۆسیالیست فەرمانی دەستگیرکردنی محەمەدی حاجی مەحمود بە "سیاسی و بازرگانی" دادەنێت
پژاک: گۆڕانکاریمان لە ڕێبازی چارەسەریدا نەکردووە و داوای فیدراڵیزمێکی ورد لە ئێرانێکی دیموکراتیکدا دەکەین
ترەمپ داوایەکی بەپەلەی نەتانیاهۆ بۆ لێدانی ئێران ڕەتدەکاتەوە
كه‌ركوك.. دوای كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئه‌مپێری مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان، خاوه‌ن مۆلیده‌كان ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد
سه‌نته‌ری میترۆ: بكوژانی رۆژنامەنوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئازادن
ئێران: له‌ گه‌روی هورمز مین به‌ كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگردا ته‌قییه‌وه‌و ئاگری گرت
ئایا ئۆجالان لەزیندان ئازاد کراوە؟
بە مەرجێک قەرزەکان بدرێنەوە؛ حکومەتی هەرێم سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبەخشێت
بانكی ناوه‌ندیی عێراق: پشكی دۆلاری گه‌شتیاران بۆ 3 هه‌زار دۆلار زیادكرا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×