سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ناوەڕۆکی هۆشدارییەکی توندی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گەیاندووەتە سەرکردایەتیی حزبوڵا، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر هێرشەکان دەستبەجێ ڕانەگیرێن، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات تاوەکو لە ڕووی سەربازییەوە هەمان چارەنووسی کەرتی غەززە بەسەر ناوچەکانی باشووری ڕووباری لیتانیدا بسەپێنێت.
ئاوێنە: نەبیە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ئاشکرای کردووە، ئیدارەی واشنتن پەیامێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی ئاڕاستە کردوون و جەختی کردووەتەوە کە کاتی مانۆڕە دیپلۆماسییەکان کۆتایی هاتووە. بەپێی پەیامەکەی ئەمریکا، پێویستە بڕیاری ژمارە ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایش بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بە پێچەوانەوە سوپای ئیسرائیل دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گشتگیر و وێرانکەر لە ناوچەکانی باشووری لوبنان دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ئاماژەی بەوەش کردووە، بە فەرمی بەرپرسانی حزبوڵای لە هەڵوێستی کۆشکی سپی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەمریکا هیچ ڕێگرییەک لە هێرشەکانی تەلئەبیب ناکات ئەگەر هێزە چەکدارەکان لە باشووری ڕووباری لیتانی نەکشێنەوە و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی سنوورەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی پەسەند نەکەن.
لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا، حزبوڵای لوبنان هەموو مەرجێکی سەپێنراوی لەلایەن واشنتن و تەلئەبیبەوە ڕەتکردووەتەوە و ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم سیناریۆ سەربازییەکان نیشانداوە. ئەم پێشهاتانەش هاوکاتن لەگەڵ قووڵبوونەوەی نیگەرانیی لایەنە سیاسییە ناوخۆییەکانی لوبنان، کە هۆشداری دەدەن لە مەترسیی هەرەسهێنانی تەواوەتیی هەوڵە دیپلۆماسی و ئاشتیخوازەکان و خلیسکانى وڵاتەکەیان بۆ ناو جەنگێکی فراوان و کاولکەر.
لە پەیوەندییەکی هاوشێوەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ماوەی دانوستان کۆتایی هاتووە و پێویستە سەرجەم هێرشەکان ڕابگیرێن، چونکە ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی دەستبەجێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، وادەکات سوپای ئیسرائیل لە ڕووی وێرانکارییەوە ناوچەی باشووری لیتانی بکاتە ناوچەیەکی هاوشێوەی کەرتی غەززە."
بڕیاری ژمارە ١٧٠١ لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا پەسەند کرا. ناوەڕۆکی بڕیارەکە جەخت لە کشانەوەی تەواوی هێزە چەکدارە نادەوڵەتییەکان بۆ باکووری ڕووباری لیتانی و گەڕانەوەی دەسەڵاتی تەواوەتیی سوپای فەرمیی لوبنان بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەکاتەوە.