یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، بەشداری لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان ناکەن و "کۆبوونەوەکە نا یاساییە، دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە".
ئاوێنە: ئەمشەو سێشەممە، یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادارن، کە سبەینێ ٤-١١-٢٠٢٦ دەنگۆی بە نایاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەیە".
ئەوەش هاتووە "ئێمە لە باوەڕی قوڵمان بە بنەماکانی سەروەری یاسا و سازانی نیشتیمانی، پێمانوایە ئەم کۆبوونەوەیە، نا یاساییە، دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی فەرزی ئیرادەی لایەنێک".
راشیگەیاندووە "بۆیە، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئێمە وێڕای بەشداریی نەکردنمان، ڕوو دەکەینە هەر دڵسۆز و هێزێکی نیشتیمانی، کە خەمی قەوارەی هەرێمی کوردستانییەتی، بەشداریی نەکات".
یەکێتی دڵنیاییدا کە کاتێک دانیشتنی پەرلەمان سەنگی دەبێت، کە سازانی نیشتمانی لەسەر بێت و هەموو لایەنە هەڵبژێردراوەکان بە ئیرادەی ئازاد و دیموکراسییانە بەشداریی تێدابکەن، چونکە "ئەگەر بنەمای دیموکراسی ئەوەبێت، کە بەکڕین و هەڕەشە و فشاری دەروونی کاریگەری بخرێتە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانتاران، ئەوە لەوچوارچێوە کارتۆنییەدا، دان بە هیچ پەرلەمان و حکومەتێک نانێین، کە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بێت".