سارا موحسین: هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم بۆ ڕێگری لە بەشداریکردنم لە دانیشتنی پەرلەمان
  2026-11-04     

سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، درەنگانی شەو لە شاری سلێمانی هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و هەڕەشەیان لێکردووە، بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر بڕیاری بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا.

ئاوێنە: ​دوای ئەوەی ڕۆژی پێشتر دەنگۆی بەشداریکردنی ناوبراو لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوبووەوە، سارا موحسین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تا ساتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر بەشداریکردن لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان.

​سەبارەت بە ڕووداوی هەڵکوتانە سەر ماڵی براکەی، ئەو پەرلەمانتارە نووسیویەتی: "واتای چییە بەم درەنگانی شەوە هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی داویانە بەسەر ماڵی براکەمدا؟ دوای تەلەفۆنکردنی براکەم کە پێی وتم نەکەی بەشداری بکەیت ژیانم لە مەترسیدایە، مۆبایلەکەیان لێ وەرگرت."

​سارا موحسین ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەکات و دەپرسێت: "ئەمە چ هەڵسوکەوت و ویژدانێکە بۆ حیزبێکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی؟" هەروەها هۆشداری دەدات لە پاراستنی سەلامەتیی گیانی براکەی و دەڵێت: "دڵنیابن یەک تاڵە مووی سەری براکەم ئازاری پێ بگات، کە من هێشتا لە ناڵەی لەدەستدانی برایەکی دیکەمدا دەژیم، هەرچی خوا پێی ناخۆشە پێتان دەکەم و دادگای عێراق و دنیاتان لێ دەگرم و بێدەنگ نابم."

​لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی سیاسیی خۆی سەبارەت بە دانیشتنەکانی پەرلەمان خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە، ئەگەر بڕیاری بەشداریکردنیش لە دانیشتنەکاندا بدات، بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نایەت و هەرگیز نابێتە خۆراکی هیچ حیزب و پڕۆژەیەکی سیاسی.

​ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی و مافەکانی هاووڵاتییاندا وەستاوە و لێی پاشەکشە ناکات، لەو بارەیەوە دەڵێت: "هاوپەیمانیی من لەگەڵ مافەکانی گەلە نەک لەگەڵ حیزب و دەسەڵات، زەمەن و کاتیش قسەکانم پشتڕاست دەکەنەوە. نە بە تەمای دەسەڵاتم و نە بەدوای ڕەزامەندیی حیزبەکاندا دەگەڕێم؛ من بۆ نوێنەرایەتیی گەل هاتووم و تەنها لە بەرامبەر گەلدا بەرپرسم نەک هیچ حیزب و لایەنێک، جگە لە خودا و خێزانەکەشم لە هەموو کەس بێمنەتم و بێمنەت دەبم."

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سارا موحسین بانگەوازێک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و نێودەوڵەتییەکان دەکات و داوا لە لایەنەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانەی وڵاتان دەکات بێنە سەر خەت، و ڕایگەیاندووە: "دیموکراسییەت لە مەترسیدایە و ئەم کارە دژی ئازادیی ڕادەربڕینە، با ببینن لە شاری سلێمانی چی دەگوزەرێت و چۆن خەریکی هەڕەشە و گوڕەشەن."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×