محەمەد عوسمان (حەمە سوور دوشیوانی)، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی سەبارەت بەکاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە ئاماژە بەوە دەکات کە بێدەنگیی ئێستای یەکێتی بێدەنگییەکی پێش تووڕەیی و گورزێکی کوشندەی سیاسییە، ئەو دەڵێت "کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت".
ئاوێنە: محەمەد عوسمان (حەمە سوور دوشیوانی) لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی دەپرسێت "یەکێتی بەنیازی چیە؟؟ بەرەوڕووبوونەوەی بڕیارە نایاساییەکان؛ ئایا یەکێتی و هاوپەیمانەکانی بێدەنگ دەبن؟ پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا کاک بافڵ و هێزە هاوپەیمانەکانی، هەر ئەوها بە بێدەنگی لە ماڵەکانی خۆیان دادەنیشن و دەستە وەستان دەبن؟".
لەوەڵامدا دەڵێت "پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کاتێک بەبێ بەشداریی فراکسیۆنە سەرەکییەکان (یەکێتیی ، نەوەی نوێ، یەکگرتوو ، هەڵوێست ، بزووتنەوەی گۆڕان ،کۆمەڵی دادگەری) و بەبێ ئاگاداریی پێشوەختی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی تەمەن بەڕێوەدەچێت ، تەنها کارێکی نایاسایی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێکی تاکڕەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەما دیموکراسییەکانەوە نییە".
دەشڵێت "ئەو کەسانەی کە سەرۆکی یەکێتیی ، بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی، بە باشی دەناسن، دەزانن کە کاردانەوەی سیاسی، دیپلۆماسی و یاسایی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توند و یەکلاکەرەوە و پشتشکێن دەبێت. هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا لە بەغدا و لە چەند وێستگەیەکی سیاسیی هەستیاردا پێنج گۆڵی مێژوویی لە ڕکابەر کرد و هاوکێشەکەی بە قازانجی گەلەکەمان یەکلاکردەوە، بێگومان ئەمجارەش دۆخەکە بەو شێوەیە تێپەڕ نابێت. بڕیارە تاکڕەوەکان هەرگیز لەقەڵەمڕەوی یاسا و خواستی خەڵکدا جێگەیان نابێتەوە . چاوەڕوانی کاردانەوەیەکی توندتر و ڕەقتر بن، چونكە یەکێتی قبووڵ ناکات مافە دەستوری و یاساییەکانی گەلەکەی و هاوپەیمانەکانی ژێرپێ بنرێت و بێدەنگیی ئێستاش، تەنها بێدەنگییەکی پێش تووڕەیی و گورزێکی کوشندەی سیاسییە".