لەسەر بانگهێشتی پارتی و بە دەنگی 52 پەرلەمانتار، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا
  2026-11-04     

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، کە بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار لە فراکسیۆن و پێکهاتە جیاوازەکان و لەژێر بایکۆتی فەرمیی چەند لایەنێکی سیاسیدا بەڕێوەچوو، دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی ئەنجامی دەنگدانەکە، هەریەکە لە د. ڤالا فەرید لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرۆکی پەرلەمان، رامین نوری عەودیش لە پێکهاتەی مەسیحی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان، و مونا نەبی قەهوەچی وەک سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دیاریکران. هەرسێ بەربژێرەکە توانییان کۆی دەنگی سەرجەم ئەو 52 پەرلەمانتارە بەدەستبهێنن کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

​دوابەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان و چوونە سەر سەکۆی سەرۆکایەتی، د. ڤالا فەرید، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان لە وتەیەکدا سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە متمانەیان پێبەخشیون و بەڵێنی دا وەک دەستەی سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی بێلایەنانە کارەکانیان ئەنجام بدەن.

​هاوکات سەرۆکی نوێی پەرلەمان پەیامێکی ئاراستەی فراکسیۆنەکانی دیکە کرد و داوای لێکردن بگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان، بە مەبەستی ناردنی ناوی ئەندامەکانیان بۆ پێکهێنانی لیژنەی یاسایی و دواتریش هەڵبژاردنی سەرجەم لیژنە هەمیشەییەکانی دیکەی پەرلەمان.

​نەخشەی بەشداربووان و بایکۆتکاران لە دانیشتنەکەدا

​ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای بانگهێشتێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە ئامانجی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا بوو کە هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست بە فەرمی رەتیانکردەوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەن.

​سەرەڕای هەڵوێستی فەرمیی ئەو لایەنانە بۆ بایکۆتکردن، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ناو هۆڵی کۆبوونەوەکە، کۆی گشتیی ئامادەبووان گەیشتە 52 پەرلەمانتار کە بەم شێوەیە دابەش ببوون:

​فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 پەرلەمانتار

​پێکهاتەکان: 3 پەرلەمانتار

​فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 3 پەرلەمانتار

​جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 پەرلەمانتار

​رەوتی هەڵوێست: 2 پەرلەمانتار

​پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان: 1 پەرلەمانتار

​بەرەی گەل: 1 پەرلەمانتار

زۆرترین بینراو
بۆچی ئەمریکا لە یەکەم سێشەممەی مانگی نۆڤەمبەر دەنگ دەدات؟
لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا؛ تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی خێزانەکەی سلێمانی لە تورکیا دەستگیر کرا
عێراق لەبارەی کێڵگەی نەوتی قورنە ٢ رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی راگەیاند
ئایا هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دوو ئیدارەیی؟
شانەی ئەمنیی عێراق هەواڵی بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و پێکرانی هادی عامری ڕەتدەکاتەوە
یەکێتی: بەشداری لە کۆبوونەوەی سبەی ناکەین
سارا موحسین: هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم بۆ ڕێگری لە بەشداریکردنم لە دانیشتنی پەرلەمان
واڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی سنوورداری کردووەتە سەر دوورگەی قشم لە ئێران
هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لەسەر شەڕی ئێران دەبێت؟
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: تا ١٠ ڕۆژی دیکە نەوتەکەی بەغدا دەگات و نرخی نەوت لە بازاڕدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×