کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات کۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنن و بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا کە ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دۆخی ئێستا لە لوتکەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدایە و پێویستە ئەو بەرپرسیارێتییە لەسەرووی هەموو ڕوانینێکی حزبی و بەرتەسکەوە دابنرێت.
کەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا لە ڕێگەی شاندێکی فەرمییەوە جەختیان لەسەر پێویستیی دەستبەجێی کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز کردووەتەوە. هاوکات لە میانی کۆبوونەوەکانی شاندەکەیاندا، مەترسییە درێژخایەنەکانی بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی شیکراونەتەوە و کەنەکە ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ کارکردن و نێوەندگیری لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریدا خستووەتە ڕوو.
لەو چوارچێوەیەدا و بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە قوربانیدانی شەهیدان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دوو داواکاریی سەرەکی ئاڕاستەی لایەنەکان و ڕای گشتی دەکات:
یەکەم: داوا لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها تەواوی هێزە سیاسییەکانی دیکە دەکات کە بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆیەکی گشتگیر بە مەبەستی گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی.
دووەم: داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە گرنگە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دڵسۆزانی گەل هەوڵەکانیان یەکبخەن و کۆبکەنەوە، لەپێناو دامەزراندنی حوکمڕانییەکی دروست (ڕەشید)، چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان وەک ئامانجی سەرەکیی ئەم قۆناغە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە هەنگاونان بەرەو یەکڕیزیی نیشتمانی و خەباتی نەتەوەیی، تەنها ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکان و مسۆگەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلی کوردستان.