ئا: ئاوێنە
نەتانیاهۆ پشتیوانی واشنتۆن لەدەست دەدات، تاران هەڵوێستی توندتر دەکات، ئەوروپییەکان ترسیان هەیە ترەمپ فشار بخاتە سەر کیێڤ بۆ ڕێککەوتنێکی بەپەلە، پەکینیش دەیەوێت ئاگربەستی بازرگانی بەردەوام بێت.
لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە لە مانگی یەکی ٢٠٢٧دا، دۆناڵد ترەمپ توانای کەمتری دەبێت بۆ مانۆڕکردن لەسەر سیاسەتی دەرەوە.
چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟ بۆ هەردوو هاوپەیمان و نەیارەکانی گرنگ دەبێت.
گەورەترین پرسیار لە دوای شکستی هەڵبژاردنەکان پەیوەندی بە هەنگاوەکانی داهاتووی ترەمپەوە هەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاخر شەڕ لەگەڵ ئێران یەکێک بوو لە هۆکارەکانی شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا، بەڵام بەرەی ڕەخنەگرانەکان زۆرن، وەک ڕیپبلیکا دەنووسێت.
ئیسرائیل: تێچووی بۆ نەتانیاهۆ زۆرە
"ئیسرائیل کۆنگرەی لەدەستدا". ئەمە ناونیشانی سەرەکی ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلە، ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا و راپۆرتێک دەخاتە ڕوو کە زۆربەی ئیسرائیلییەکان چۆن شکستی کۆمارییەکان و ترەمپ لێکدەدەنەوە.
لە مانگی یەکەوە کە ئێستا هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران لەژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکاندایە، پێشبینی دەکرێت هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە ئیسرائیل ڕەقتر بێت. فشارەکان زیاتر دەبن ئەگەر فراکسیۆنی "گۆڕان" بەسەرۆکایەتی گادی ئایزنکۆت نەتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت و بنیامین ناتانیاهۆ وەک سەرۆکوەزیران بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر تەنها وەک حکومەتێکی راگوزەریش بێت.
مەسەلەکە لە ئێستاوە دیارە ئەو هاوکارییە سەربازییەیە کە ئەمریکا پێشکەشی ئیسرائیل دەکات، بەپێی ڕێکەوتنی ئێستادا تا ساڵی ٢٠٢٨ (بە ڕەزامەندی کۆنگرێس) بڕی ٣.٨ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا هاوکارییەکان دابین کراوە، بەڵام ترەمپ ڕایگەیاندووە کە بەنیازە زووتر کۆتایی پێبهێنێت و بڕیارەکەی وەک لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ نەتانیاهۆ دەخاتە ڕوو. کەی و لە ژێر چ مەرجێکدا ئەمە دەتوانێت ڕووبدات، بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بەڵام شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆتایی هێنان بەپشتیوانییە سەربازییەکانی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب، دەتوانێت زیانیش بە دەستڕاگەیشتنی ئیمتیازاتی سوپای ئیسرائیل بە تەکنەلۆژیای بەرگری ئەمریکاو بەرنامەکانی لێکۆڵینەوە بگەیەنێت. تەنانەت ئیدارەیەکی ئایزنکۆتیش بەزەحمەت دەتوانێ پەیوەندییە تایبەتەکەی لەگەڵ واشنتۆن بپارێزێت ئەگەر هەمان سیاسەت لە غەززە و باشووری لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و بەرامبەر دانیشتوانی کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بێت. یار لاپید، یەکێک لە سەرکردەکانی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت "ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەر ئەگەرێکی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتی نیشتمانی لە سەردەمی نەتانیاهۆدا ڕەتدەکاتەوە". کاریگەری لەسەر بەرەکانی شەڕی کراوە دواتر دەبینرێت.
ئێران: ڕێککەوتن یان هێرشی نوێ؟
یەکێک لە یەکەمین بڕیارە گەورەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسیاسەتی دەرەکیدا لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە کۆشکی سپیدا تەقاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بوو کە باراک ئۆباما لە ساڵی 2018 بەدانوستاندن بەدەستی هێنابوو، دوای هەشت ساڵ وەسوەسەی ترەمپ بۆ ئێران بووە هۆی ئەوەی یەکێک لە قورسترین شکستەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی نیوەی خولیدا تووشی بووبێت. شەوی سێشەممە خۆی ڕاگەیاند "پەشیمان نیم لەشەڕەکە "، بەڵام جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس، راشکاوانر رایگەیاند "بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دۆڕاین"، ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکە لە X نووسیبووی. ئایا کۆشکی سپی پێداگری لەسەر دانوستان دەکات یان هێرشەکان دەستپێدەکاتەوە؟
هەرچەندە یاسای دەسەڵاتە جەنگییەکان دەنگدان بە کۆنگرێس دەدات لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتێکی بەرچاوی هەیە. ترەمپ دەیەوێت گەرووی هورمز بکاتەوە و ڕێککەوتنێک بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران دەستەبەر بکات. بەڵام هێرشێکی نوێ دەتوانێت کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێت و زیاتر توندڕەوانی تاران بەهێز بکات کە کە داوای پێداچوونەوە بە دوکتۆرینی بەرگری دەکەن.
لە تاران، شکستی کۆمارییەکان کە هاوکات بوو لەگەڵ ٤٧هەمین ساڵڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩دا، ڕۆژنامەکان وێنەی بارمتە ئەمریکییە چاوبەستراوەکانیان بڵاوکردەوەو ترەمپیان بەراورد کرد بە جیمی کارتەر کە سەرۆکایەتییەکەی بەهۆی قەیرانی بارمتەکانەوە لەدەست دا. لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی دیموکراتەکان لەساڵی ١٩٨٠دا لەلایەن ڕۆناڵد ڕیگانەوە شکستی هێنا لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. هەمشەهری نووسیویەتی: "٤٧ ساڵ بارمتەگرتنی ئێران: دەستبەسەرداگرتنی ‘هێلانەی سیخوڕەکان’ لەتشرینی دووەمی ١٩٧٩ تا هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەتشرینی دووەمی ٢٠٢٦".
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئێران لە پەیامێکی نووسراودا هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە سندووقی دەنگدان سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر تاران دەگۆڕێت، ڕەتیکردەوە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەبێتە هۆی فراوانبوونی شەڕەکە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و جەنەراڵی پێشووی سوپای پاسداران، محەمەد باقر قالیباف، پەیامی خۆی نارد "ئەمریکییەکان گوتیان نا بۆ شەڕ"، هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر حکومەتی ئەمریکا چاوپۆشی لە ئیرادەی دەنگدەرەکانی بکات، "نا"ی ئێران دەبێت بە"کابوس " بۆ ترەمپ.
ڕەنگە باوەڕی سەرکردایەتی ئێران کە شکستی ترەمپ لە بەرژەوەندی ئەواندایە، وایکردووە تاران پێداگری لەسەر حەوت مەرجی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووەکان بکات، داوا دەکات ئەمریکا هەنگاوی یەکەم بنێت بە ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لەسامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە هەمان کاتدا ڕەتیدەکاتەوە هیچ ئیمتیازێکی جەوهەری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بدات بەئەمریکا.
بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی ئێران لاوازی ترەمپ زیادە خەمڵێنێت، ئەوا مەترسی ئەوە دەکات پاڵ بەوەوە بنێت کە بەتەواوی ئەو کارە بکات کە "روخاندنی رژێمە"و کارەکە تەواو بکات.
ئەوروپا: فریاگوزاری بەڵام نیگەرانیش بە دڵنیاییەوە
لاوازبوونی دۆناڵد ترەمپ هەندێک ئاسوودەیی بۆ ئەوروپا هێنایە ئاراوە. کۆمیسیۆن و پایتەختە گەورەکانی ئەوروپا قبوڵیان کردبوو کە دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە بەرگەی فشارەکانی واشنتۆن بگرن، بەو هیوایەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٨ ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن. بۆ ئێستا ئەم تاکتیکە ناگۆڕێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی دیموکراتەکان هەناسەیەکی هەوای پاکە – و تەنها لەبەرئەوەی کۆنگرەی نوێ دەتوانێت (تا ڕادەیەکی دیاریکراو) بڕیارەکانی کۆشکی سپی کۆنترۆڵ بکات.
دیارە نیگەرانییەکە لەبارەی ئۆکرانیایە. لەبرۆکسل ترسیان لەوە هەیە کە ترامپ کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولەوە بەسەختی ئازاری پێگەیشتووە و پێویستی بەسەرکەوتن هەیە، ئەگەر تەنها بۆ تێرکردنی بێهودەییەکەی بێت، ڕوو لە کیڤ و زیلێنسکی بکات و داوای کۆتاییهێنان بەشەڕەکە بکات.
ڤلادیمێر پوتین دەتوانێت ئەو دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەمریکا ڕازی بکات تەنانەت ئاشتییەکیش قبوڵ بکات کە نادادپەروەرانە بەرامبەر ئۆکراینییەکان بێت. کرێملین دەزانێت کە بەزەحمەت دەرفەتێکی باشتری دەستدەکەوێت، وەک چۆن لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە لە کۆشکی سپیدا بە دڵنیاییەوە شتەکان جیاواز دەبن.
یەکێتی ئەوروپا ناچار دەبێت دژایەتی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە بکات، بەڵام بۆ یەکەمجار دەتوانێت ئەو کارە بکات بەرامبەر سەرۆکێکی ئەمریکا کە کارتی کەمتری دەبێت بۆ یاریکردن.
ئۆکرانیا: هیوای هاوکاری نوێ، نیگەرانی لە ئاشتییەکی بەپەلە
ڤلادیمیر زێلێنسکی خۆی لە لێدوان لەسەر شکستی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان بەدوور گرت، بەڵام لە ٤ی ئەم مانگەدا ئەو فەرمانەی کە دوو ڕۆژ پێشتر واژۆی لەسەر کردبوو کە خەڵاتی شازادە ئۆلگا بەمیلانیا ترەمپ بەخشیبوو بەهۆی بەشدارییە مرۆییەکانی لە ئۆکرانیا، ئاشکرا کرا.
لەمیدیاکانی ئۆکرانیادا، ڕەزامەندی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیار بوو، هەرچەندە ورد بوو: پشتیوانی کیڤ لە کۆنگرێس دوولایەنە بوو، هەندێک لە هاوپەیمانە سەرسەختەکانی کۆمارییەکان بوون. بۆ کیڤ چوار بەرە هەیە: سزاکانی سەر وزەی ڕووسیا، دابینکردنی مووشەکی ڕێگریکەر بۆ سیستەمی پاتریۆت، لێدان لە قووڵایی خاکی ڕووسیا و دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
ڕەنگە زۆرینەی نوێ ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی ڕاستەوخۆی سیستمی چەکی ئەمریکی بە کیڤ بدات و تەحەدای بڕیارەکانی وەک سووککردنی سزاکانی سەر گازۆیلی ڕوسیا بکات، بەڵام دەستبەجێترین نیگەرانی پەیوەندی بە گفتوگۆکانەوە هەیە. لەکیڤ ترسیان لەوە هەیە کە ترەمپ پرۆسەکە خێراتر بکات، ئەمەش فشارەکان لەسەر لایەنی ئۆکرانیا زیاد دەکات.
مۆسکۆ دەڵێت پێشبینی دەکات سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام بێت لەهەوڵەکانی نێوەندگیری. بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی شاندەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ١٠-١١ی ئەم مانگە لەئەبوزەبی بەڕێوەبچێت.
چین: سەقامگیری لە سەرووی هەموو شتێکەوە
پەکین بە خێرایی ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ واشنتۆن لەسەر بنەمای ئەوەی شی جینپینگ و دۆناڵد ترەمپ لەسەری ڕێککەوتوون. زۆربەی شرۆڤەکاران پێیان وایە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولەکەوە کاریگەرییان لەسەر نابێت. بەڵام بە زۆرینەی دیموکراتەکان، کۆنگرێس دەتوانێت پاڵپشتی توندتر بکرێت بۆ هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ چین و پەسەندکردنی پاکێجی چەک بۆ تایوان، لە کاتێکدا هەمیشە پرسی مافەکانی مرۆڤ هەیە.
بڕیارە (شی) لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئاپێک لە 18-19ی ئەم مانگە لە شاری شنژن میوانداری ترەمپ بکات و گفتوگۆ بۆ ئەگەری کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین بەردەوامە. چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکەکانی چین و ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمدا لە لوتکەی گروپی ٢٠ لە میامی جارێکی تر کۆببنەوە، تەنها چەند هەفتەیەک پێش تەواوبوونی ئاگربەستی بازرگانی لە ١٠ی ژانویە، بەڵام زۆرێک لەشرۆڤەکاران پێیان وایە شی هەوڵدەدات لاوازبوونی ترەمپ بقۆزێتەوە، بەتایبەتی لەچوارچێوەی دانوستانە بازرگانییەکاندا.
نیگەرانی تورکیا لەشکستی ترەمپ
شکستی ترهمپ لە هەڵبژاردنەکاندا جێی نیگەرانی تورکیایە لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکاو نەفرۆشتنی فڕۆکەکانی ئێف ٣٥و هاوکاری نەکردنی لەڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە و نیگەرانیانەی تورکیا گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی فڕۆکەی ئێف-35 ی ئەمریکی و سزاکانی ئەمریکا کە بەپێی یاسای CAATSA بەسەر تورکیادا سەپێنراون و دابینکردنی بزوێنەری ئەمریکی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەمی تورکیا کان، کە بەرنامەیەکی گرنگی ستراتیژییە بۆ خواستەکانی ئەنقەرە لە پیشەسازی بەرگری ناوخۆییدا، هاوکات هاوسەنگی سیاسی نوێ لە واشنتۆن مەزەندە دەکرێت پێگەی دیپلۆماسی یۆنان و قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێزتر بکات.
بەهێزبوونی دیموکراتەکان، بەپێی ئەم خەمڵاندنانە، مەترسی ئەوە دروست دەکات کە خواستەکانی تورکیا لە کۆنگرێسدا ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی بەهێزتر ببنەوە، تەنانەت ئەگەر وا دەرکەوێت کە حکومەتی ئەمریکا ئامادەیە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئەنقەرە بەردەوام بێت.