ئەمڕۆ پێنجشەممە، نزیکەی 400 خێزانی ئاوارەی سەرێکانی، کە لە کەمپی واشۆکانی لە حەسەکە دەژیان، لە چوارچێوەی هەشتەمین کارواندا گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئاوێنە: مەحموود جەمیل، وتەبێژی لێژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی رایگەیاند، دوای تەواوبوونی رێکارە لۆجیستییەکان و هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، تیمی سەرۆکایەتی و کۆمیسیۆنی پەنابەران، بەیانی ئەمڕۆ 375 خێزانی ئاوارە لە کەمپی واشۆکانی و چەند شوێنێکی حەوانەوە لە قوتابخانەکان بەڕێکەوتن.
مەحموود جەمیل روونیکردەوە، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە، خەڵکی گوندەکانی سەرێکانی، ناوچەی زرکان و گوندەکانی تەل تەمر لە باکووری حەسەکەن.
وتەبێژی لێژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی داوای لە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کار بۆ زیادکردنی ژمارەی خێزانەکان لە هەر کاروانێکدا بکەن و میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی گونجاو و سەلامەت بۆ ناوچەکانیان لە سەرێکانی و گوندەکان خێرا بکەن.
لە ئابی رابردووەوە تا ئێستا حەوت کاروانی ئاوەرەکانی سەرێکانی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کە ژمارەیان زیاتر لە 4100 خێزانە.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە لە ساڵی 2019 بە ناوی ئۆپەراسیۆنی ‘کانی ئاشتی’ دەستی پێکرد، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس لە ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژانی سەرەتای هێرشەکەدا.