رۆژنامەیەکی بەریتانی: کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی پەنا بۆ هەواڵگریی بەریتانیا دەبەن
  2026-11-12     

خێزان و کەسە نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە بەریتانیا داوای دەستوەردانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە لە دۆسیەی ناوبراودا دەکەن. هاوکات دیپلۆماتکارێکی پێشووی بەریتانیا رەخنە لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە دەگرێت و دەڵێت، هەڕەشە لە شایەتحاڵەکانی کەیسەکە کراوە.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس"ـی بەریتانی، خانەوادەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی داوایان لە دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا کردووە دەستوەردان لە کەیسی زیندانیکردنیدا بکەن. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لاهوور شێخ جەنگی کە لە ناوچەی "بێکنهام" لە باشووری لەندەن گەورە بووە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، ساڵی رابردوو دوای هەڵکوتانە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکەی لە شاری سلێمانی، لەلایەن هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستگیرکراوە، و لە راپۆرتەکەدا تۆمەتەکانی سەری بە "بێبنەما" وەسف کراون.

​لە راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکەدا تیشک خراوەتە سەر پاشخانی ئەمنیی لاهوور شێخ جەنگی و باس لەوە کراوە، ناوبراو پێشتر هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ هەردوو دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) و هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا (MI6) هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، هەروەها ئاماژە بە رۆڵی ناوبراو کراوە لە پڕۆسەی دەستگیرکردن و دۆزینەوەی "ئوسامە بن لادن".

​سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی لە شاری لەندەن بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، خێزانەکەی بە دیاریکراوی پەیوەندییان بەو لایەنە هەواڵگرییانەی بەریتانیاوە کردووە کە پێشتر کاریان لەگەڵدا کردووە. ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە خانەوادەکەی تەواوی ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون رەتدەکەنەوە و پێیان وایە کەیسەکە "سیاسییە".

​هەمان سەرچاوە دەڵێت: "لاهوور و پۆڵادی برای هاووڵاتیی بەریتانین و رۆڵیان لە هاوکاریکردنی لەندەن و واشنتن بۆ تێکشکاندنی رێکخراوی داعش هەبووە، بەڵام دوای دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ بۆ رکابەرایەتیکردنی یەکێتی، بە تۆمەتی بێبنەما خراونەتە زیندانەوە."

​لە لایەکی دیکەوە، پیتەر وێستمەکۆت، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا و تورکیا، لە لێدوانێکدا بۆ "دەیلی ئێکسپرێس" نیگەرانیی خۆی لە دۆخی زیندانیکردنی لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی خستووەتە روو. وێستمەکۆت ئاماژەی بەوە داوە، پێش دەرچوونی بڕیاری دادگا لە مانگی رابردوودا، ئەو دوو برایە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەبێ دادگاییکردن راگیراون و زۆربەی ئەو کاتەشیان لە ژووری تاکەکەسی و لە بارودۆخێکی ناهەمواردا بەسەر بردووە.

​ئەو دیپلۆماتکارە پێشووەی بەریتانیا ئاشکراشی کردووە کە "لە کاتی بەڕێوەچوونی کەیسەکەدا هەڕەشە لە شایەتحاڵەکان کراوە"، هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی دادگاییکردنێکی دیکە لەسەر تۆمەتی "کوشتن".

​پاشخانی رووداوەکانی "لالەزار" و بڕیارەکانی دادگا

​ئەم کاردانەوانە لە کاتێکدایە، رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ (2026)، دوای بەڕێوەچوونی هەشت دانیشتنی دادبینی، دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی ناسراو بە "لالەزار" دەرکرد. دادوەرانی کەیسەکە پشتبەست بە ماددەی 56 لە یاسای سزادان، کە تایبەتە بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوان، سزای زیندانیکردنیان بەسەر ژمارەیەک تۆمەتباردا سەپاند.

​بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، سزاکان بەم شێوەیە بوون:

​لاهوور شێخ جەنگی: زیندانیکردن بۆ ماوەی 5 ساڵ و 3 مانگ.

​پۆڵاد شێخ جەنگی: زیندانیکردن بۆ ماوەی 3 ساڵ و 6 مانگ.

​رێبوار حامی حاجی غالی: زیندانیکردن بۆ ماوەی 2 ساڵ.

​سزادانی 8 کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز و بڕیاری بێتاوانبوون (ئازادکردن) بۆ 2 تۆمەتباری دیکەی ناو کەیسەکە.

​سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی رۆژی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزە هاوبەشەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی ئۆپەراسیۆنێکیان کردە سەر هۆتێل "لالەزار". لەو رووداوەدا پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی "بەرەی گەل" روویدا کە چەکی قورسی تێدا بەکارهات و ماوەی چوار کاتژمێری خایاند.

​لە ئەنجامی شەڕەکەدا چەندین چەکدار لە هەردوو لا کوژران و بریندار بوون، و دواتر هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە زینداندا ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
سەرۆكی دەزگای ئاسایشی عێراق: هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌ر كۆرمۆر جیاوازه‌ له‌وانه‌ی رابردو
تۆم باراك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان: ناكۆكییه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌كانتان تێپه‌ڕینن
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: 50 ساڵه‌ كه‌س نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ رێگه‌م و ده‌ستگیرم بكات
نێچیرڤان بارزانی و ئه‌حمه‌د شه‌رع تاوتوێی دۆخی كورد له‌ سوریا ده‌كه‌ن
سوپای پاسداران بە درۆن و تۆپخانە سنووری مەریوان بۆردوومان دەکات
خەزعەلی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ شیعەکان دەکات
دەرکەوتنەوەی هێزەکانی (H.A.T) لە ڕۆژئاوای کوردستان
مەترسیی دابەزینی پشکی هەرێم بۆ ١١ ترلیۆن دینار لە ئارادایە؛ لیژنەی دارایی زانیاریی نوێ لەبارەی بودجە و مووچە دەخاتەڕوو
لە زیندانەوە تا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا؛ ئەمریکا پەردە لەسەر تۆڕێکی گوماناویی سەر بە سوپای پاسداران و کەتائیب حیزبوڵڵا لادەدات
بافڵ تاڵەبانی: دان بە پەرلەمانی ئێستادا نانێین و هەرێم بووەتە دوو ئیدارە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×