نهێنیی مانەوەی دۆلار لەسەر تەختی ئابووریی جیهان؛ چەکێکی سیاسی یان پەناگەیەکی ئارام؟
  2026-11-12     

​لە ئێوارەی ١٥ی ئابی ١٩٧١دا، ڕیچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانەوە بڕیارێکی مێژوویی ڕاگەیاند کە هاوکێشە و بنەماکانی ئابووریی جیهانی گۆڕی. واشنتن بڕیاری دا گۆڕینەوەی دۆلار بە زێڕ بۆ دەسەڵاتە داراییە بیانییەکان هەڵپەسێرێت؛ هەنگاوێک کە گورزێکی یەکلاکەرەوەی لە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی دارایی جیهان دا، کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دامەزرابوو.

ئاوێنە: ​بەپێی مێژووی فەرمیی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا (بانکی ناوەندی)، لە چوارچێوەی سیستەمی "بریتۆن وودز" کە لە ساڵی ١٩٤٤ بۆ ڕێکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەکان پەسەند کرا، دۆلار بە نرخێکی جێگیر (٣٥ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک) بە زێڕەوە بەسترابووەوە، لە کاتێکدا دراوی وڵاتانی دیکە بە دۆلاری ئەمریکییەوە گرێ درابوون. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکان لەسەر یەدەگی زێڕی ئەمریکا، پاراستنی ئەم پەیوەندییە بووە کارێکی سەخت.

​ئەوەی جێگەی سەرنجە، پاشەکشەی دۆلار لە پشتبەستن بە زێڕ نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی باڵادەستییەکەی، بەڵکو دراوە ئەمریکییەکە لە دەیەکانی دواتردا وەک تەوەرەیەکی سەرەکی لە بازرگانی، پارەدارکردن و یەدەگی نێودەوڵەتیدا مایەوە.

​دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئەمریکا لەبەردەم هاوکێشەیەکی دیکەی دژبەیەکدایە؛ ئابوورییەک کە قەرز و کورتهێنانی دارایی قورساییان خستووەتە سەر، بەڵام دراوەکەی هێشتا لە پێشەنگی یەدەگی نێودەوڵەتی و بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕدایە و وەبەرهێنەرانی جیهان بەردەوامن لە خستنەگەڕی پارەکانیان لە قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا. لێرەدا ئەو پرسیارانە دێنە پێشەوە: دۆلار چۆن بووە یەکێک لە سەرچاوەکانی هێزی ئابووریی ئەمریکا؟ چی ئەم پێگەیە دەپارێزێت؟ ئایا خاڵە لاوازە کەڵەکەبووەکان دەبنە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە؟

​دۆلار چۆن بوو بە دراوی یەکەمی جیهان؟

​لە تەمموزی ١٩٤٤دا، لە کاتێکدا هێشتا جەنگی جیهانیی دووەم بەردەوام بوو، نوێنەری ٤٤ وڵات لە هاوینەهەواری "بریتۆن وودز" لە ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی نەخشەی سیستەمی دارایی جیهان دوای جەنگ. لەو سەردەمەدا ئابووریی وڵاتانی ئەورووپا بەدەست لێکەوتەکانی ململانێکەوە دەیانناڵاند، لە بەرامبەردا ئەمریکا وەک هێزێکی گەورەی پیشەسازی و دارایی سەریهەڵدا.

​بەپێی زانیارییەکانی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، ڕێککەوتنی بریتۆن وودز دۆلاری خستە چەقی سیستەمە داراییە نوێیەکەوە لە ڕێگەی بەستنەوەی دراوەکان بە دۆلار و بەستنەوەی دۆلاریش بە زێڕەوە. دواتر بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی لە بازرگانی و پارەدارکردنی نێودەوڵەتیدا، پێگەی دۆلار زیاتر جێگیر بوو.

​وەک نموونەیەک بۆ ئەم باڵادەستییە؛ کاتێک کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداوی عەرەبییەوە بەرەو بەندەرێکی ئاسیا بەڕێ دەکەوێت، ڕەنگە ئەمریکا هیچ لایەنێکی گرێبەستەکە نەبێت، بەڵام دراوەکەی لە دیاریکردنی نرخ و یەکلاکردنەوەی پارەی بارەکەدا ئامادەیە. ئەم شێوازە بازاڕەکانی کانزا، دانەوێڵە و کاڵاکانی دیکە، لەگەڵ مامەڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکانیش دەگرێتەوە.

​ئامارەکان قەبارەی ئەم هەژموونە پشتڕاست دەکەنەوە؛ ڕاپرسییەکی "بانکی یەکلاکردنەوەی نێودەوڵەتی" دەریخستووە کە لە نیسانی ٢٠٢٥دا، دۆلار لایەنێکی سەرەکیی ٨٩.٢٪ی مامەڵەکانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بووە لە جیهاندا، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٨٨.٤٪ بوو، لە بازاڕێکدا کە تێکڕای ئاڵوگۆڕی ڕۆژانەی گەیشتووەتە نزیکەی ٩.٦ تریلیۆن دۆلار. ئەم بڵاوبوونەوەیە تۆڕێکی فراوانی لە بانک، بازاڕ و دامەزراوە داراییەکان دروست کردووە کە پشت بە دۆلار دەبەستن، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنانی بۆ بازرگانان سەرنجڕاکێشتر بێت و پێگە جیهانییەکەی تەنانەت دوای هەرەسهێنانی سیستەمی زێڕیش پارێزراو بێت.

​جیهان چۆن ئابووریی ئەمریکا پارەدار دەکات؟

​گەشتی دۆلار تەنها بە پێدانی نرخی بارێکی نەوت یان یەکلاکردنەوەی گرێبەستێکی بازرگانی کۆتایی نایەت. ئەو وڵات و دامەزراوانەی داهاتەکانیان بە دراوی ئەمریکی وەردەگرن، بەشێکی لە شێوەی سەروەت و سامانی خەمڵێندراو بە دۆلار هەڵدەگرن، لە سەرووی هەمووشیانەوە "قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا" کە یەکێکە لە دیارترین ئامرازەکانی وەبەرهێنان و پاراستنی نەختینە لە جیهاندا.

​بەگوێرەی داتاکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، تا کۆتایی چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦، دۆلار کۆنترۆڵی ٥٦.٧٪ی یەدەگی فەرمیی دراوی بیانیی لە جیهاندا کردووە، لە بەرامبەردا یۆرۆ ٢٠.٦٪ و یوانی چینی ٢.١١٪یان پێکهێناوە، کە ئەمەش جیاوازییە گەورەکەی نێوان دراوی ئەمریکی و ڕکابەرە سەرەکییەکانی نیشان دەدات.

​بەم شێوەیە، بەشێک لەو پارانەی کە ئابوورییەکانی دیکە لە بازرگانیی دەرەکی دەستیان دەکەوێت، دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی پارەدارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە قەواڵە حکومییەکان و پشکە داراییەکانیدا. ئەمەش ئەوە بە واشنتن دەبەخشێت کە بە "ئیمتیازی زەبەلاح" (Exorbitant Privilege) ناسراوە؛ واتە توانای قەرزکردن بە دراوی نیشتمانیی خۆی و سوودوەرگرتن لە خواستی جیهانی لەسەری.

​داتاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا قەبارەی ئەم پارەدارکردنە دەردەخەن؛ تا کۆتایی ئابی ٢٠٢٦، قەبارەی خاوەندارێتیی بیانی لە قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی ٩.٣٣ تریلیۆن دۆلار، کە نزیکەی ٣.٧٦ تریلیۆن دۆلاریان خاوەندارێتیی فەرمین و دەگەڕێنەوە بۆ لایەنە بیانییەکانی وەک بانکە ناوەندییەکان و دامەزراوە حکومییەکان، ئەمەش ڕۆڵی پارەی دەرەکی لە پاڵپشتیکردنی قەرزی ئەمریکادا دووپات دەکاتەوە.

​لەم بارەیەوە، شەریف عوسمان، شارەزای بواری دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە باڵادەستیی دۆلار خۆڕاگریی ئابووریی ئەمریکا بەهێز دەکات لە ڕێگەی "خواستێکی جیهانیی بەردەوام لەسەر ئەم دراوە"، کە توانایەکی زیاتر بە واشنتن دەبەخشێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و قەرزەکانی بە مەرجی نەرمتر. هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم ئیمتیازە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات کاڵا و خزمەتگوزاری لە سەرانسەری جیهانەوە بەرامبەر بە دراوی نیشتمانیی خۆی بەدەست بهێنێت.

​گرنگیی ئەم ئیمتیازە لە کاتی قەیرانەکاندا زیاتر دەردەکەوێت، کاتێک وەبەرهێنەران بەدوای نەختینە و ئاسایشێکی ڕێژەییدا ڕوو لە دۆلار و قەواڵە ئەمریکییەکان دەکەن. بەڵام ئەمە پارێزبەندییەکی ڕەها بە ئابووریی ئەمریکا نابەخشێت، چونکە بەردەوامیی لێشاوی وەبەرهێنان پەیوەستە بە متمانەی بازاڕەکان بە دامەزراوەکان و سیاسەتە دارایی و نەختینەییەکانی ئەمریکا.

​کەڵەکەبوونی قەرزەکان و بەردەوامیی گەشەی ئابووری

​لەگەڵ هاتنی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کۆی گشتیی قەرزی فیدراڵیی ئەمریکا ٤٠ تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مانگی ئابدا ئەو بەربەستەی بڕی. هاوکات، بەپێی داتاکانی گەنجینەی ئەمریکا، کورتهێنانی بودجە لە ساڵی دارایی کە لە مانگی ئەیلوولدا کۆتایی هات، گەیشتە نزیکەی ١.٩٩ تریلیۆن دۆلار، کە دەکاتە ٦.٢٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.

​سەرەڕای کەڵەکەبوونی قەرزەکان و فراوانبوونی کورتهێنان، ئابووریی ئەمریکا لە گەشەکردن بەردەوامە؛ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئابووریی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی ٢.٣٪ گەشە بکات. ئەم ئابوورییە پشت بە بازاڕێکی بەکاربردنی زەبەلاح، توانای ڕاکێشانی وەبەرهێنان، و پێشەنگیی کۆمپانیاکانی لە کەرتەکانی تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە داراییەکاندا دەبەستێت.

​دۆلار یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم خۆڕاگرییە، چونکە واشنتن دەتوانێت قەرزەکانی بە دراوی نیشتمانیی خۆی دەربکات و قەواڵەکانی لە بازاڕە داراییە فراوانەکاندا بخاتە ڕوو، ئەمەش توانایەکی گەورەتری پێ دەبەخشێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەراورد بەو ئابوورییانەی پشت بە قەرزکردن بە دراوی بیانی دەبەستن.

​سەبارەت بەو هۆکارانەی پێگەی دۆلار دەپارێزن، شەریف عوسمان پێی وایە کە پشتی بە تێکەڵەیەک لە هێزی ئابووری، سەربازی و سیاسی بەستووە و دەڵێت: "قەبارەی ئابووری و قووڵیی بازاڕە داراییەکان، نەختینە و ئاسایش بۆ وەبەرهێنەران دابین دەکەن." ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە هەژموونی سەربازی و سیاسیی ئەمریکا بەشداری دەکات لە سەقامگیریی سیستەمی نێودەوڵەتی و پاراستنی هێڵەکانی بازرگانی، ئەمەش متمانە بە ئەمریکا و دراوەکەی بەهێز دەکات، شانبەشانی ئامادەیی کاریگەری لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕی فراوانی هاوپەیمانێتییەکانی.

​بەڵام ئەم تایبەتمەندییانە مەترسییەکانی قەرزداری ناسڕنەوە؛ بەپێی داتاکانی وەزارەتی گەنجینە، پوختەی پارەدانی سوودی سەر قەرزەکانی ئەمریکا لە ساڵی دارایی ٢٠٢٦دا ١.٠٥ تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش گوشارەکانی سەر بودجە زیاد دەکات و هەر پاشەکشەیەک لە متمانەی وەبەرهێنەراندا ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی قەواڵەکان. بەم پێیەش، باڵادەستیی دۆلار چارەسەری ناهاوسەنگییەکانی ئابووریی ئەمریکا ناکات، بەڵکو تەنها پەراوێزێکی فراوانتری پێ دەبەخشێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

​دۆلار وەک چەکی سزادان؛ ئایا سزاکان هەڕەشە لە تەختی دۆلار دەکەن؟

​لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا، تەنها چوار ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، واشنتن بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، کۆت و بەندی خستە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندیی ڕووسیا. ئەمەش توانای مۆسکۆی بۆ بەکارهێنانی بەشێکی زۆری یەدەگە داراییەکانی لە دەرەوەی وڵات سنووردار کرد.

​ڕووسیا کێشەی کەمیی پارەی نەبوو، چونکە یەدەگێکی زەبەلاحی لە دراوی بیانی و زێڕ کۆکردبووەوە، بەڵام سزاکان دەریانخست کە خاوەندارێتیکردنی سەروەت و سامان شتێکە و توانای بەکارهێنانی شتێکی دیکەیە کاتێک دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی کۆت و بەندی دارایی دەسەپێنن. ئەم ڕووداوە ڕوویەکی دیکەی باڵادەستیی دۆلاری دەرخست، کە لە ڕۆڵی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە تێدەپەڕێت بۆ بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ هەژموونی سیاسی و ئابووری. بەپێی ڕوونکردنەوەکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) سەر بە گەنجینەی ئەمریکا، کۆت و بەندەکان قەدەغەکردنی مامەڵە داراییە دیاریکراوەکان لەگەڵ دامەزراوە ڕووسییە بەئامانجگیراوەکان دەگرێتەوە، بە حەواڵەکردن و ئاڵوگۆڕی دراویشەوە.

​بەڵام بەکارهێنانی دۆلار وەک ئامرازی سزادان، دژبەیەکییەکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کە ڕەنگە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر پێگەکەی هەبێت. توێژینەوەیەکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە سزاکانی سەر ڕووسیا نیگەرانییان سەبارەت بە بەکارهێنانی دۆلار وەک "چەکێکی دارایی" دروست کردووە، هەرچەندە تا ئەو کاتە نەبووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پشکی دراوی ئەمریکی لە یەدەگی جیهانیدا.

​لە بەرامبەردا، چین وەک یەکێک لەو هێزانە دەردەکەوێت کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی دراوەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدات، هاوکات ڕووسیا بەکارهێنانی یوانی چینی و دراوەکانی دیکەی لە بازرگانیی دەرەکیدا فراوانتر کردووە. بەگوێرەی "جاڕنامەی نیودەلهی" کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ لەلایەن کۆمەڵەی بریکس (BRICS) دەرچوو، وڵاتانی ئەندام بەردەوامن لە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی یەکلاکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و وەبەرهێنان بە دراوە ناوخۆییەکانیان.

​لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هەوڵانە تووشی بەربەستی سەختیی دەستبەرداربوون لە دراوێک دەبنەوە کە ڕەگوڕیشەی لە تۆڕەکانی بازرگانی و پارەدارکردنی جیهانیدا داکوتاوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا لە حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەهێزکردنی پێگەی یۆرۆ پێویستی بە بازاڕی سەرمایەی قووڵتر و یەکگرتووتر هەیە. لە لایەکی دیکەشەوە، یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا پێی وایە کە کۆت و بەندەکانی سەر جووڵەی سەرمایە و بەڕێوەبردنی نرخی ئاڵوگۆڕی یوان، توانای چین بۆ کێبڕکێکردنی دۆلار لەسەر ئاستی جیهانی سنووردار دەکەن.

​لەم چوارچێوەیەدا، شارەزا داراییەکە دەڵێت کە دۆلار ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ڕوو لە زیادبوون دەبێتەوە و سزاکانی ئەمریکا هانی هەندێک وڵات دەدەن بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە "نەبوونی جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە کە هەمان قووڵیی بازاڕی ئەمریکی، ئازادیی جووڵەی سەرمایە و سەروەریی یاسای هەبێت"، وا دەکات بەردەوامبوونی هەژموونی دۆلار لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەرێکی بەهێز بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پاشەکشەی پلەبەپلەی پشکی دۆلار لە یەدەگی جیهانی و فراوانبوونی بەکارهێنانی دراوەکانی دیکە، ئاماژەن بۆ ئەگەری پەرەسەندنی سیستەمی دارایی بەرەو دابەشکردنێکی هەمەچەشنتر لە ڕۆڵی دراوەکاندا، بەبێ ئەوەی داڕمانێکی کتوپڕ لە پێگەی دۆلاردا ڕووبدات.

​هێزی دۆلار و سنوورەکانی خۆڕاگری

​دوای زیاتر لە نیو سەدە بەسەر بڕیارەکەی نیکسۆن بۆ جیاکردنەوەی دۆلار لە زێڕ، چیتر هێزی دراوی ئەمریکی پشت بە کانزایەکی بەنرخی هەڵگیراو لە خەزێنەکانی ئەمریکادا نابەستێت، بەڵکو بەپێی توێژینەوەکانی یەدەگی فیدراڵی، پشت بە تۆڕێکی جیهانی لە بەرژەوەندی، بازاڕ و دامەزراوەکان دەبەستێت کە وا دەکات بەردەوامیی پشتبەستن بە دۆلار ببێتە بەشێک لە سەقامگیریی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.

​لەم پەیوەندییەدا یەکێک لە مفارەقەکانی ئابووریی ئەمریکا خۆی حەشار داوە؛ ئەو جیهانەی مامەڵە بە دۆلارەوە دەکات و سەروەت و سامانی خۆی پێ هەڵدەگرێت، لە هەمان کاتدا بەشداری دەکات لە پارەدارکردنی ئەو ئابوورییەی دراوەکە چاپ دەکات، و توانایەکی ناوازەی پێ دەبەخشێت بۆ قەرزکردن و هەڵمژینی شۆکەکان، سەرەڕای ئەو کێشە داراییە کەڵەکەبووانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

​بەڵام ئەم ئیمتیازە بەو مانایە نییە کە ئەمریکا دەتوانێت بێ لێکەوتە بەردەوام بێت لە کەڵەکەکردنی قەرزەکان، یان پێگەی دۆلار لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکاندا پارێزراوە. بەردەوامیی هەژموونی دارایی لە کۆتاییدا پەیوەستە بە توانای ئابووریی ئەمریکا و دامەزراوەکانی بۆ پاراستنی متمانەی وەبەرهێنەران و وڵاتان.

​بەم شێوەیە، ئەگەر دۆلار لە ساڵی ١٩٧١دا لە لەدەستدانی پشتیوانیی زێڕ ڕزگاری بووبێت، ئەوا ئەو ئاڵنگارییەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە کێبڕکێی دراوەکانی دیکە تێدەپەڕێت، بۆ توانای ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پاراستنی گرنگترین بنەما کە هێزی دراوەکەی لەسەر وەستاوە: "متمانەی جیهان"؛ کە سەرمایەیەکە واشنتن ناتوانێت وەک دۆلار لە چاپخانەکانیدا چاپی بکات.

زۆرترین بینراو
سەرۆكی دەزگای ئاسایشی عێراق: هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌ر كۆرمۆر جیاوازه‌ له‌وانه‌ی رابردو
تۆم باراك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان: ناكۆكییه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌كانتان تێپه‌ڕینن
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: 50 ساڵه‌ كه‌س نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ رێگه‌م و ده‌ستگیرم بكات
نێچیرڤان بارزانی و ئه‌حمه‌د شه‌رع تاوتوێی دۆخی كورد له‌ سوریا ده‌كه‌ن
سوپای پاسداران بە درۆن و تۆپخانە سنووری مەریوان بۆردوومان دەکات
خەزعەلی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ شیعەکان دەکات
دەرکەوتنەوەی هێزەکانی (H.A.T) لە ڕۆژئاوای کوردستان
مەترسیی دابەزینی پشکی هەرێم بۆ ١١ ترلیۆن دینار لە ئارادایە؛ لیژنەی دارایی زانیاریی نوێ لەبارەی بودجە و مووچە دەخاتەڕوو
لە زیندانەوە تا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا؛ ئەمریکا پەردە لەسەر تۆڕێکی گوماناویی سەر بە سوپای پاسداران و کەتائیب حیزبوڵڵا لادەدات
بافڵ تاڵەبانی: دان بە پەرلەمانی ئێستادا نانێین و هەرێم بووەتە دوو ئیدارە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×