"یەڵتا"یەکی نوێ بۆ جیهان: ترەمپ و پوتین‌و شی بەدوای چیدا دەگەڕێن؟
  2026-11-14     
پوتین‌ و شی و ترەمپ

ئا: ئاوێنە

 

کۆبوونەوەی داهاتووی ئەو سێ سەرکردەیە لە چین،  ترسی جیاوازیان لە ڕێککەوتنی نێوان زلهێزەکان لە غیابی دەوڵەتە بچووکەکاندا دروست کردووە.

 

دۆناڵد ترەمپ بەدوای ڕێککەوتنێکدا دەگەڕێت کە ڕەنگە جێپەنجەی خۆی لە مێژوودا بەجێبهێڵێت.

ڤلادیمێر پوتین دەرفەتێک دەبینێت بۆ دەستەبەرکردنی کۆتاییهاتنی شەڕ لە ئۆکرانیا بە مەرجی لەبار بۆ مۆسکۆ.

لە بەرامبەردا شی جینپینگ ئاگاداری کۆبوونەوەیەکە کە مەترسی زیاتر لە دڵنیاییەکان بۆ پەکین دروست دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو سەرکردەکانی سێ وڵاتی بەهێزی جیهان لە پەراوێزی لوتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن لەچین کۆببنەوە، کۆمەڵێک پرسی نێودەوڵەتی گرنگ کە ئەگەری هەیە لەسەر مێزەکە بن: لە شەڕەکانی ئۆکرانیا و ئێرانەوە بگرە تا دەگات بەچەکی ئەتۆمی و زیرەکی دەستکرد .

بەڵام بەپێی شیکارییەکی ڕۆیتەرز، ئەگەری دەرکەوتنی رێککەوتن و گرێبەستێکی گەورە لەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە دەگمەنەدا سنووردارە.

سەرەڕای دانوستانە چڕەکان، تا ئێستا لەسەر کارنامەی دانوستانەکان ڕێکنەکەوتوون، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەئامادەکارییەکان.

 

سێ سەرکردە، سێ ئامانجی جیاواز

بۆ سەرۆکی ئەمریکا کە لە ڕووی سیاسییەوە بەهۆی زیانەکانی ئەمدواییەی لەهەڵبژاردنەکاندا تووشی نائومێدی بووە، ئەم کۆبوونەوەیە دەرفەتێکە بۆ پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی مێژوویی . یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ ڕێگە خۆشکردنە بۆ ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی.

لەلایەکی دیکەوە بۆ مۆسکۆ ئۆکرانیا لەپێشینەی کارەکانیدایە.

بەڵام پەکین هاوبەشی ئەم ئاواتانە نییە. ڕێبازە دیپلۆماسییە پێشبینینەکراوەکەی ترەمپ جیاوازە لەگەڵ شێوازی پلان بۆ داڕێژراوی توندی شی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆبوونەوە ئاست بەرزەکان. جگە لەوەش چین نایەوێت بەشداری لەدانوستانەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکاو ڕوسیادا بکات.

ئێدگارد کاگان، بەرپرسی باڵای پێشووی کۆشکی سپی سەبارەت بەڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە سەردەمی جۆ بایدن و ئێستا شرۆڤەکاری سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئەمە شتێکە چینییەکان ڕقی لێیانە. پەکین نایەوێت چوارچێوەیەکی دانوستاندن قبوڵ بکات وەک هێزێکی ئەتۆمی گەورە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، کە پابەندە بەسنووردارکردنی هاوشێوەی سنووردارکردنی ئەمریکا و ڕووسیا".

بەپێی ئەو زانیاریانەی ڕۆیتەرز ئاماژەی پێکردووە، واشنتۆن و مۆسکۆ هەریەکەیان زیاتر لە 5 هەزار سەری ئەتۆمییان هەیە، لەکاتێکدا چین نزیکەی 500 کڵاوی ئەتۆمی هەیە، هەرچەندە بەخێرایی جبەخانەکەی فراوانتر دەکات.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ دانی بەوەدانا کە چاوەڕوانی هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ناکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە کاتی ئەوە هاتووە چین بەشداری لەگفتوگۆ پەیوەندیدارەکاندا بکات.

 

ترس لە "یەڵتا"ێکی نوێ.

ئاسۆی کۆبوونەوەکە بەراوردکارییەکانی لەگەڵ کۆنفرانسی یاڵتای ساڵی ١٩٤٥دا ورژاندووە، کاتێک سەرکردەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت چوارچێوەی سیستەمی دوای جەنگیان داڕشت. یاڵتا بووە هێمای ڕێککەوتنەکانی نێوان زلهێزەکان کە کایەکانی کاریگەری پێناسە دەکەن بەبێ بەشداریکردنی مانادار لەلایەن دەوڵەتە بچووکەکانەوە.

بۆ ناسیۆنالیستە ڕووسییەکان وەشانێکی مۆدێرن و ئاسۆیەکی سەرنجڕاکێشە. دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چوار ساڵەی ئۆکرانیا بەمەرجێک کە لەگەڵ مەرجەکانی مۆسکۆدا بگونجێت . لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی پوتین لەکۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا لەلایەن ئەوانەوە دانپێدانانە بەڕووسیا وەک زلهێزێک، کە یەکسانە بەئەمریکاو چین.

ئایدیۆلۆژیکی ناسیۆنالیستی ڕووسی ئەلێکساندەر دوگین لەم هەفتەیەدا بەڕادیۆی سپۆتنیکی وتووە "ئەوە نیشان دەدات کێ گرنگە لەجیهاندا: ئێمە، چین و ڕۆژئاوا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوە بە قووڵی هێمادارە - ئەوە دووپاتکردنەوەی جیهانێکی فرە جەمسەرییە، کە ڕۆژئاوا نکوڵی لێدەکات".

بەڵام هەمان کۆبوونەوە نیگەرانی قووڵی لەپایتەختەکانی دیکەدا دروستکردووە، لە کیێڤەوە تا تۆکیۆ، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە کاردانەوەکانی حکومەتەکان.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی مانگی ڕابردوو هۆشداریدا و وتی  “ئێمە بەڕاستی نامانەوێت ئەمە بگۆڕێت بۆ یاڵتای ٢، ٣، ٤، لەگەڵ دابەشکردنەوەی رۆڵ و کاریگەرییەکان".

نیگەرانییەکی هاوشێوە ئەگەری ئەوەیە کە زلهێزەکان بەبێ بەشداریکردنی ئەو دەوڵەتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە، وەک ئۆکرانیا و تایوان، بگەنە ڕێککەوتنی تایبەت.

 

هەڵوێستی سەختی پەکین

بۆ چین بەراوردکردن لەگەڵ یاڵتا کێشەیەکی دیپلۆماسی زیاتر دروست دەکات. پەکین بانگهێشتی کۆنفرانسی ساڵی 1945 نەکراو ئێستا هەوڵدەدات وەک بەرگریکارێکی دەوڵەتە بچووکەکان دەربکەوێت.

سەرەڕای هاوکاری نزیکتر لەنێوان چین و ڕووسیا لەساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و زانیاری سەربازی، هەردوو وڵات بەشێوەیەکی جیاواز لەکۆبوونەوەی داهاتوو نزیک دەبنەوە.

مۆسکۆ دەیەوێت باسی شەڕی ئۆکرانیا بکات، لەکاتێکدا پەکین بەرەنگاری دەبێتەوەو ئەو پرسە بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەئامادەکارییەکان و دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی.

لەلایەنی ئەمریکییەوە، بەرپرسێک ڕۆژی هەینی (13/11) ڕایگەیاند کە پێناچێت ترەمپ پرسی ئۆکرانیا وروژێنێت، چونکە دانوستانە سێ قۆڵییەکان بەچوارچێوەی گونجاو بۆ گفتوگۆکانی نازانرێت.

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕۆژی دووشەممە وتی "لەهەر حاڵەتێکدا، بەدڵنیاییەوە کۆبوونەوەکە سەرنجڕاکێش دەبێت. بێگومان سەرنجی خەڵک لەسەرانسەری جیهاندا ڕادەکێشێت".

لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی چین لەواشنتۆن دووپاتی کردەوە کە پەکین لەپەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە بەرژەوەندخوازەکان سەبارەت بەکۆبوونەوەی ئەو سێ سەرکردەیە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

 

قومارە دیپلۆماسییەکەی ترەمپ

بۆ سەرۆکی ئەمریکا، ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لەزنجیرەیەک دەستپێشخەری دیپلۆماسی باڵا، وەک پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ پوتین‌و سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی لێنەکەوتەوە .

بەهۆی ئەوەی کۆنگرێس لەساڵی داهاتوودا دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکانەوە، ڕەنگە ترەمپ بەدوای سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەدا بگەڕێت. گرێبەستی چەک یان هەندێک یارمەتی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ لەگەڵ ئێران دەتوانێت میراتی سیاسی ئەو بەهێزتر بکات.

کورت تۆنگ، بەرپرسی باڵای پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیاو ئێستا کارگێڕی کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئاسیا گروپ دەڵێت "بێ گومان سەرۆک هەوڵدەدات ئەم گەشتە بەکاربهێنێت بۆ دووپاتکردنەوەی سەرکردایەتی و دەسەڵاتی خۆی، نیشاندانی تواناکانی وەک سەرکردەیەکی سیاسی ، لە بنەڕەتدا خۆی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی نمایش بکات".

زۆرترین بینراو
قوباد تاڵه‌بانی: با كاك مه‌سعود برا گه‌وره‌یی خۆی بسه‌لمێنێت و بێته‌ ده‌باشان و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات
حه‌وت مه‌رجه‌كه‌ی به‌غدا بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2027
خانه‌واده‌كه‌ی: هاوخه‌می به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ كۆچی مام عوسمان نیشانی دا كه‌ كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌
تره‌مپ: تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كۆشكی سپی جێده‌هێڵم، رژێمی ئێران مابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ شكسته‌ بۆ من
سەرۆکی موساد لە واشنتۆن، "فشارکردن لەترەمپ بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران"
هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە
بەهۆی گومانی دزەکردنی سێ خۆکوژی داعش؛ ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک داخرا و پردێ خرایە ژێر گەمارۆی ئەمنییەوە
قوباد تاڵه‌بانی: ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رویدا شه‌رمه‌زاری بو
ڕوونکردنەوەیەک لە دانە غاز لەبارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
ليژنه‌ باڵاكه‌ی زه‌یدی گه‌یشته‌ جورف سه‌خر بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×