خانهوادهی مام عوسمان و شههیدی قهڵهم سهردهشت عوسمان پهیامێك ئاڕاستهی خهڵكی ئازادیخوازی كوردستان دهكهن و دهڵێن، به هاوخهمی و بهشداری بهرفراوانتان له رێوڕهسمی ناشتن و پرسهی باوكی ئازیزمان، جارێكی تر نیشانتاندایەوە کە کەیسی سەردەشت هەر بە زیندوێتی دەمێنێتەوە تا ئەو ڕۆژەی تاوانبارانی بکوژ و تیرۆریست دەبەینە بەردەم دادگا.
ئاوێنه: خانەوادەی مام عوسمان و شههیدی قهڵهم سەردەشت عوسمان، ئهمڕۆ شهممه، له پهیامێكدا بۆ خهڵكی ئازادیخوازی كوردستان رایانگهیاند "سوپاسی بێسنور و ستایشی هەڵوێست و هاوخەمیتان دەکەین. هاوخەمی و بەشداری بەرفراوانی ئێوە چ لە مەراسیمی ناشتن و چ لە پرسەکە و چ لە سۆسیال میدیاوە، بۆ ماڵئاوایی باوکی ئازیزمان لە ژیان، دڵگەرمیەکی زۆر گەورەی بە ئێمە بەخشی و جارێکی تر بە ئێمەی نیشاندایەوە کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان تینوی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتین و ڕێزی بێسنور لەو خەبات و قوربانیدان و ڕاوەستاویە دەگرن کە لەم پێناوەدا دەدرێت. ئێوە ئەمڕۆ جارێکی تر نیشانتاندایەوە کە کەیسی سەردەشت هەر بە زیندوێتی دەمێنێتەوە تا ئەو ڕۆژەی تاوانبارانی بکوژ و تیرۆریست دەبەینە بەردەم دادگای شۆڕشگێڕانەی ئەم خەڵکە."
خانهوادهكهی ئاماژهشیان بهوهداوه "بە ڕاستی باوکی ئازیزمان بڕبڕەپشتی ئەو هەڵویست و ڕاوەستاوییە بو کە ئەمڕۆ ئێوە ڕیزتان بۆی نیشان دا، خانەوادەکەشمان یەک دڵ و یەک بڕوا بە شانازییەوە لەپشتی ئەو هەڵوێستە راوەستاو بێ دودڵیش ئامادە بو باجەکەی بدات. ئێمەش وەکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە شانازی بەو هەڵوێستەی مام عوسمانی قارەمانەوە دەکەین و سەرمان بەرز ڕادەگرین."
هێمایان بۆ ئهوهش كردوه "لە 2026-11-09 دا مام عوسمان جەستەی ساردی سپاردە خاک، بەڵام ناوی لە دڵی مێژوی خەباتی چەساوەکاندا بۆ هەمیشە وەک چیا ڕاوەستاو و بڵند دەمینێتەوە. ئەو بە کردوە سەلماندی کە نە بە هەڕەشە و نە بە ڕشوە، نە بو بەو بێدەنگییەی کە ستەمکاران دەیانویست، و نە هێڵە سورەکانی ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هیچ هێزێک بەجێهێشت."
ئهوهشیان خستۆتهڕو "ئێمە وەک خانەوادەی مام عوسمان و سەردەشت عوسمان، لە بەرامبەر ئەم هەمو خۆشەویستی و سۆز و هاوخەمییە مەزنەی ئێوەدا، سەری ڕێز دادەنەوێنین. ئەمڕۆ کۆچکردنی مام عوسمان تەنها بەسەرچونی قۆناغێک نەبو، بەڵکو دەستپێکی نوێبونەوەی متمانە بو بە خەباتی پاک و بێگەرد و لە بن نەهاتوی خەڵکی کوردستان، کە بە ستەمکارانی نیشان دا ئەم خەڵکە ئازادیخواز و ستەمیدەیە هەرگیز کۆڵ نادەن."
له پهیامهكهدا ئهوهش هاتوه "باوکمان ١٦ ساڵ لەیەکەم رۆژی تیرۆری سەردەشتەوە، داخێک و خەمێکی گەورەی هەبو، لەماوەی ئەو ١٦ ساڵە، هەم داخەکەی گەورەتر بو هەم خەمەکەی. داخی ئەوەی کە کوڕێکی رۆژنامەوان و گەنج و رەخنەگری ناعەدالەت و دژی گەندەڵی، بەدەستی جەلاد و تیرۆریستان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەئاشکرا و بە رۆژی رۆشن تیرۆرکرا، تاکو ئێستاکەش بەئاشکرا دەسوڕێنەوە و بە ئاشکرا هەمو رۆژێ دەیانبینین. ئەوە داخێکی زۆر گەورەی باوکم بو. خەمە گەورەکەشی ئەوەبو، چۆن تاوانباران، جەلادان و تیرۆریستان راپێچی دادگا بکرێن و بە سزای عادیلانە بگەیەندرێن. ئەمرۆ باوکم لە نێواماندا نەماوە ئەو داخ و خەمەی هەیبو ئەمڕۆ لای ئێمەیە، ئەو داخ و خەمەی کە ١٦ ساڵ گەورەیکرد، بۆ ئێمەی بەجێهێشت بۆ خانەوادە و بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی بەجێهێشت."
جهختیشیان كردۆتهوه "کۆچی باوکی ئازیزمان دەبێتە دەستپێکێکیتر بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ویستی مام عوسمان و سەردەشت، بۆ کۆتایی بە چەوسانەوە، کۆتایی بە زوڵم و زۆرداری، کۆتایی بە تیرۆر و تاریکی و دەسەڵاتی جەلادەکان."
مام عوسمانی باوکمان بڕبڕەپشتی ڕاوەستاویمان بو!
جەماوەری ئازادیخواز و ستەملێکراوی کوردستان!
لێرەوە لەلایەن خانەوادەکەمانەوە سوپاسی بێسنور و ستایشی هەڵوێست و هاوخەمیتان دەکەین. هاوخەمی و بەشداری بەرفراوانی ئێوە چ لە مەراسیمی ناشتن و چ لە پرسەکە و چ لە سۆسیال میدیاوە، بۆ ماڵئاوایی باوکی ئازیزمان لە ژیان، دڵگەرمیەکی زۆر گەورەی بە ئێمە بەخشی و جارێکی تر بە ئێمەی نیشاندایەوە کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان تینوی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتین و ڕێزی بێسنور لەو خەبات و قوربانیدان و ڕاوەستاویە دەگرن کە لەم پێناوەدا دەدرێت. ئێوە ئەمڕۆ جارێکی تر نیشانتاندایەوە کە کەیسی سەردەشت هەر بە زیندوێتی دەمێنێتەوە تا ئەو ڕۆژەی تاوانبارانی بکوژ و تیرۆریست دەبەینە بەردەم دادگای شۆڕشگێڕانەی ئەم خەڵکە.
ئێمە دەمانەوێ لێرەوە بۆ ئێوەی تینوی ئازادی ڕابگەیەنین کە بە ڕاستی باوکی ئازیزمان بڕبڕەپشتی ئەو هەڵویست و ڕاوەستاوییە بوو کە ئەمڕۆ ئێوە ڕیزتان بۆی نیشان دا، خانەوادەکەشمان یەک دڵ و یەک بڕوا بە شانازییەوە لەپشتی ئەو هەڵوێستە راوەستاو بێ دودڵیش ئامادە بوو باجەکەی بدات. ئێمەش وەکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە شانازی بەو هەڵوێستەی مام عوسمانی قارەمانەوە دەکەین و سەرمان بەرز ڕادەگرین. ئەمڕۆ بەم کەرنەڤاڵە پڕ لە شكۆ و هاودڵییە مەزنە، کە بۆ ماڵئاوایی و ستایشی سیمبولە هەمیشە زیندوەکەمان - مام عوسمان- بەڕیوەچو، پیاوێک کە تا خولەکی کۆتایی تەمەنی، بە ئەندازەی نوکە دەرزییەک دودڵی نەنواند لە پێداگری لەسەر پەیامەکەی سەردەشتی جگەرگۆشەی، نیشانی داین کە گڵکۆی خەبات دژی چەوسانەوە بە تیرۆر و پیلانی ڕیسوا ناکوژێتەوە.
لە 2026-11-09 دا مام عوسمان جەستەی ساردی سپاردە خاک، بەڵام ناوی لە دڵی مێژوی خەباتی چەساوەکاندا بۆ هەمیشە وەک چیا ڕاوەستاو و بڵند دەمینێتەوە. ئەو بە کردوە سەلماندی کە نە بە هەڕەشە و نە بە ڕشوە، نە بو بەو بێدەنگییەی کە ستەمکاران دەیانویست، و نە هێڵە سورەکانی ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هیچ هێزێک بەجێهێشت.
کاتێک ستەمکاران لە دوای تیرۆرکردنی دڕندانەی سەردەشتی ڕوناکبیر، ویستیان بە ئاگری هەڕەشە و تۆقاندن دەنگی ئازایانەی ئەم باوکە جگەرسوتاوە بخنکێنن، کاتێک ویستیان بە کردنەوەی دەمی خەزێنەی پڕ لە گەندەڵی و تاڵان، ویژدانی ئەم پیرە جەنگاوەرە بکڕن، مام عوسمان وەک شاخێکی سەربەرز ڕاوەستا و هەردو دیوی ئەم ستەمکارییەی ڕیسوا و نابوت کرد. بەم جۆرە بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە وتی ئێوە خەیاڵتان خاوە، ژیانی مرۆڤ و ئازادیی قەڵەم بە پارە و هەڕەشە ناگۆڕدرێت و چۆک بۆ ستەمکارانی زاڵم دانادات.
ئەو نە چۆکی دادا، و نە سڵەمییەوە و نە کۆڵی دا. مام عوسمان فێری کردین کە ستەمکاران دەتوانن جەستەی مرۆڤی ئازادخواز تیرۆر بکەن و بیشکێنن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی خەباتکارانەی بشکێنن و ملکەچی بکەن. ئەو بو بە مۆمێک کە ڕێگای خەباتی دژی زۆرداری و ستەم لەم کۆمەڵگەیەدا ڕۆشن دەکاتەوە.
ئازیزان!
ئێمە وەک خانەوادەی مام عوسمان و سەردەشت عوسمان، لە بەرامبەر ئەم هەمو خۆشەویستی و سۆز و هاوخەمییە مەزنەی ئێوەدا، سەری ڕێز دادەنەوێنین. ئەمڕۆ کۆچکردنی مام عوسمان تەنها بەسەرچونی قۆناغێک نەبو، بەڵکو دەستپێکی نوێبونەوەی متمانە بو بە خەباتی پاک و بێگەرد و لە بن نەهاتوی خەڵکی کوردستان، کە بە ستەمکارانی نیشان دا ئەم خەڵکە ئازادیخواز و ستەمیدەیە هەرگیز کۆڵ نادەن.
با ئەم کەرنەڤاڵە، ببێتە وێستگەیەک بۆ بەهێزترکردنی سەنگەری بەرگری لە مافەکانی چەوساوەکان و ئەو ئازادیی بیروڕایەی سەردەشت و مام عوسمان لە پێناویدا قارەمانانە ڕاوەستان و جەنگین و قوربانیان دا. با نەفرەت لە هەمو ئەو هێز و کۆمپانیا سیاسییانە بێت کە دەستیان بۆ سەر گیان و ئازادیی مرۆڤەکان درێژ کردوە. با بزانن کە قەڵەمی ئازاد و بیری ڕەخنەگرانە هەرگیز نامرن و هەمیشە ڕێگای تاریکی ستەمکاران تێکدەشکێنن.
ئێمە بە ڕاوەستاوی باوکی ئازیزمان و بەم کەرناڤاڵەی مەزنەی ئێوە کە بۆ ڕێزگرتن لەو و لە پەیامەکەی سەردەشت نمایشتان کرد، سەرمان تا بەرزترین ئاست بەرز ڕادەگرین و شانازی بە هەموتانەوە دەکەین.
لە کۆتاییدا ئەوەش دەڵێین، باوکمان ١٦ ساڵ لەیەکەم رۆژی تیرۆری سەردەشتەوە، داخێک و خەمێکی گەورەی هەبو، لەماوەی ئەو ١٦ ساڵە، هەم داخەکەی گەورەتر بو هەم خەمەکەی. داخی ئەوەی کە کوڕێکی رۆژنامەوان و گەنج و رەخنەگری ناعەدالەت و دژی گەندەڵی، بەدەستی جەلاد و تیرۆریستان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەئاشکرا و بە رۆژی رۆشن تیرۆرکرا، تاکو ئێستاکەش بەئاشکرا دەسوڕێنەوە و بە ئاشکرا هەمو رۆژێ دەیانبینین. ئەوە داخێکی زۆر گەورەی باوکم بو. خەمە گەورەکەشی ئەوەبو، چۆن تاوانباران، جەلادان و تیرۆریستان راپێچی دادگا بکرێن و بە سزای عادیلانە بگەیەندرێن. ئەمرۆ باوکم لە نێواماندا نەماوە ئەو داخ و خەمەی هەیبو ئەمڕۆ لای ئێمەیە، ئەو داخ و خەمەی کە ١٦ ساڵ گەورەیکرد، بۆ ئێمەی بەجێهێشت بۆ خانەوادە و بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی بەجێهێشت.
ئەمڕۆ ئێمە هەڵگری هەمان هەناسەی باوکم، هەمان هەناسەو ویست و خەم و داخەکەی ئەوین. ئەمڕۆ پەیامی سەردەشت و خەم و داخە گەورەکانی باوکم هەمو ئەوانە ئێستا لەباوەشی ئێمەدایە، بەڵێن بە باوکم بەڵێن بەخوێنی سەردەشت، هەمو ئەو پەیامانەی کە لەلایەن باوکم و سەردەشتەوە بو لەماوەی ١٦ ساڵی رابردودا، ئەمڕۆ ئێمە بەبەرزی رایدەگرین. ئەوە بانگەوازێکە بۆ ئێوە و بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، هاوبەشی هەمان پەیام و خەم و داخی مام عوسمان و خانەوادەکەی بن.
کۆچی باوکی ئازیزمان دەبێتە دەستپێکێکیتر بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ویستی مام عوسمان و سەردەشت، بۆ کۆتایی بە چەوسانەوە، کۆتایی بە زوڵم و زۆرداری، کۆتایی بە تیرۆر و تاریکی و دەسەڵاتی جەلادەکان.
بژی دەنگی ئازاد و قەڵەمی پڕ لە ڕوناکی سەردەشت!
بژی ئیرادەی پۆڵایین و نەپساوەی مام عوسمان!
سوپاس و ستایش بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و هەر بژین!
خانەوادەی مام عوسمان و سەردەشت عوسمان