بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، هێزەکانیان توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیربکەن کە شەوی ڕابردوو لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە شاری سلێمانی، گەنجێکی کوشت و گەنجێکی دیکەشی بریندار کرد.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لە ئەنجامی دروستبوونی کێشە لەنێوان چەند گەنجێکدا سەریهەڵداوە و پەرەی سەندووە بۆ تەقەکردن. لە ئاکامی تەقەکردنەکەدا گەنجێک بە ناوی (ر،ع،ص)ی تەمەن ٢٢ ساڵ گیانی لەدەستداوە و گەنجێکی دیکەش بە ناوی (هـ،هـ،ج)ی تەمەن ١٨ ساڵ بریندار بووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە داوە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە هێزەکانیان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و پاش ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکۆڵینەوە و ڕێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانراوە تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە بە ناوی (ب،ب،ن)ی تەمەن ٢٠ ساڵ دەستگیر بکرێت. هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەر چەکێکی جۆری دەمانچەشدا گیراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕوونیکردووەتەوە کە لە ئێستادا تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بەردەوامە.
لە ڕووی یاساییەوە، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، ئەگەر تاوانی کوشتنی بەئەنقەست بە پلانداڕێژراوی یان هاوکاتبوونی لەگەڵ هەوڵی کوشتنی کەسێکی دیکەدا بەسەر تۆمەتباری سەرەکیدا بسەلمێنرێت، ئەوا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، هاوکات لە هەندێک دۆخی دیکەی هەمان ماددەدا سزاکە بۆ زیندانی هەتاهەتایی دیاریکراوە.