هەسەدە: لەدوای هێرشەكانی توركیا، شانە نوستوەكانی داعش دەستیان بە چالاكی كردۆتەوە
  2019-12-08       519       

هەسەدە رایگەیاند، سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی بۆ شەستەمین رۆژ بەردەوامن لەسەر هێرشەكانیان بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو دەشڵێت؛ شانە نوستوەكانی داعش دوای هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكە، دەستیان بە چالاكی كردۆتەوە.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریا دیمۆکرات (هەسەدە)، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئەنجامی شەڕو پێكدادانی شەستەمین رۆژی هێرشی توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتەی بڵاوكردەوە.

بەپێی بەیاننامەكە، سوپای توركياو میلیشیاكانی سەر بەو سوپایە بۆ شەستەمین رۆژ بەردەوامن لە جموجوڵی سەربازی و هێرشە داگیرکەرییەکانیان.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە شەستەمین رۆژدا سوپای توركیاو میلیشیاكانی لە گوندی ئوم ئەل شەعفا لەناوچەی ئەبو راسێن، بە چەکی قورس هێرشیان كردۆتە سەر ناوچە مەدەنی نشینەكان و ناوچەکە چەندین کاتژمێر تۆپباران کرا و جموجۆڵی فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوانیش بە بێ وەستان بە ئاسمانی ناوچەکەدا بەردەوام بو.

ئەوەشی خستۆتەرو كە میلیشیاكانی سەر بە توركیا لە گوندی ئوم ئەلکێف لە تەلتەمر بە مەبەستی بەرفراوانکردنی سنوری داگیرکەرییەکانییان خەڵكی مەدەنیان كردۆتە ئامانجی هێرشەكانیان.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا، هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە كە شانە نوستوەکانی داعش کە هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر باکوری سوریایان وەکو دەرفەت بینیوە، لە ناوچەی دێرەزور جموجۆڵ و هێرشەکانیان زیادی کردوە.

وتوشیەتی"لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی شانە نوستوەكانی داعشدا، لە ناوچەی دێرەزور چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×