١٢٠ بارهەڵگری خۆراک گەشتە مەرزی باشماخ
  2020-03-13       1176       

لەئێستادا هاتنی بارە ترانزێتەکان لە بەندەر عەباسەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکردۆتەوە و ڕۆژانە بارە خۆراکییەکان دێتە هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە، زریان محەمەد: سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە ئاوێنەی راگەیاند"ئەمڕۆ هەینی ١٢٠ کۆنتێنەر خۆراک لەو بارهەڵگرە ترانزێتیانەی لە بەندەر عەباس ڕاگیرابون گەشتە مەرزی باشماخ و دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەسەر شارەکاندا دابەشدەکرێن و سەرجەمیان خۆراکین".

راشیگەیاند"لەئێستادا زیاتر لە ١٨٠ کۆنتێنەر بارهەڵگری دیکە لەبەندەر عەباسەوە بەڕێکراون بۆ مەرزی باشماخ کە سەرجەمیان خۆراکی و پێداویستیە سەرەکیەکانی هاوڵاتیانن".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هاتنی ئەو بارانە لەژێر چاودێری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەئاگاداری پارێزگاری سلێمانی و قائیمقایم و لێپرسراوی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و گومرگ و وەزارەتی بازرگانی و ئەنجومەنی وەزیرانە.

سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختیکردوە کە ئەرکی سەلامەتی و تەندروستی کاڵاکانمان خستۆتە سەرشانمان تا دەگاتە هەرێمی کوردستان.

باری ترانزێتی ئەو بارانەن کە بازرگانان لە هەرێمی کوردستانەوە کاڵا لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا دەکڕن و پاشان دەگاتە بەندەرەکان لەوێشەو دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەندەر عەباس یەکێکە لەو ڕێگایانەی بازرگانانی هەرێم هاوردەی کاڵای لێوە دەهێنن.

سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیای دەداتە هاوڵاتیان کە هیچ گرانبونێکی کاڵا ڕونادات و بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و هاتنی کاڵای پێویست.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×